ژورى رۆژنامەوانى: لە یۆبیلى زیوینیدا .. هیواى درەوشانەوەى زیاتر بۆ (دەزگاى سەردەم) دەخوازین
25/10/2023
ئەمرۆ، ٢٥ ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
تێدەپەرێت، لە دیدی ئێمەوە یادێکی گرنگى کایەی روناکبیری و رۆشنبیرى هەرێمی
کوردستانە و بەرز و پیرۆز رایدەگرین.
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، لە هەلومەرجی تاریکی ئەو رۆژگارەدا،
کە تەواوی کوردستان نوقمی نائومێدی و لێکەوتەکانى شەڕی ناوخۆ ببو، روناکی بە ژیانی
روناکبیری و کەلتوری کوردستان بەخشیەوە و لە بوارە جیاوازەکانی ئەدەب و هونەر، فیکر
و فەلسەفە و زانستدا، رۆڵێکی گەورە و گرنگی گێڕاوە.
لەم یادەدا، لە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە، سەرباری
رێزگرتن لە دامەزرێنەرانی ئەم دەزگا پڕبەهایەی کایەی روناکبیریمان، درود بۆ گیانی
پاکی (شێرکۆ بێکەس) سەرقافڵەی دامەزرێنەرانی دەزگاکە دەنێرین و هەوڵ و ماندوبونی رێبوارانی
ئێستای دەزگاکەش بەرز دەنرخێنین، کە لە ناو قەیرانە داراییەکاندا هێشتا هیوای زیاترمان
پێدەبەخشن.
پیرۆزباییمان لەم یادەدا دووپات دەکەینەوە و بەهیوای سەرکەوتن
و بەردەوامی بۆ ئەم دەزگایە دەخوازین.
ژوری ڕۆژنامەوانی
بزوتنەوەی گۆڕان
25ى 10ى 2023