وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: لاى ئێمە پڕۆسەى ئاشتەوایی تەواو نەبوە

10/11/2023

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: لای ئێمە پرۆسەی ئاشتەوایی تەواو نەبوە، بەیەکەوەکارکردنمان لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بەرپرسیارێتیەکە بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی و پێداویستیەکانی خەڵکی کوردستان

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هەرێمى کوردستان لەبەردەم ئاڵنگارى زۆر گەورەدایە، یەکێتى و پارتى حکومڕانییەکی خراپیان کردوە، بۆیە ئەرکى ئێمەیە چ وەک بزوتنەوەى گۆڕان چ ئەوانەى لەدەرەوەى ئۆرگارنەکانن چ ئەو شەقامە بەرفراوانەى پشتیوانى دەسەڵات ناکەن، بەیەکەوە کاربکەین بۆئەوەى ببینە وەڵامدەرەوەى داخوازییەکانى خەڵک و رۆحى کاک نەوشیروان و کاک قادر و هەمو ئەو سەرکردانەش شاد بکەین کە لە خەمى ئەم وڵات و نیشتیمانەدا بون و بە درێژایی تەمەنیان خەباتیان بۆ ئازادى و لەپێناو خەڵکدا کردوە.

ئەمڕۆ هەینى (١٠/١١/٢٠٢٣)، لە سێیەم ساڵیادى قادر حاجى عەلى سەرکردە و یەکێک لە دامەزرێنەرانى بزوتنەوەى گۆڕان، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەکاتى دانانى تاجەگوڵینەى وەفا لەسەر ئارامگەکەى لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان، رایگەیاند: وەک و وەفا و نرخاندن لە سێیەم ساڵرۆژى یەکێک لە سەرکردە و کەسە کاریگەرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و هەرێمى کوردستان تاجە گوڵینە دادەنێین کە هەم لە خەباتى رزگاریخوازى گەلى کوردستان و هەم لە خەباتى دواى دامەزراندنى دامەزراوەکانى حکومڕانى هەرێم رۆڵى کاریگەرى زۆرى هەبوە و هەمیشە پشتیوانى میدیاى ئازاد و پەرەسەندنى کۆمەڵگەى مەدەنى بوە و یەکێک بوە لەو کارەکتەرانەى هەمیشە رۆڵى خێرى گێڕاوە و پەیوەندى پتەوى لەگەڵ خەڵک و توێژە جیاوازەکان هەبوە.

لە وەڵامى میدیاکاراندا پەیوەست بە پڕۆسەى ئاشتەوایی و پەیوەندى گۆڕان لەگەڵ ئەو گۆڕانخوازانەى لەدەرەوەى ئۆرگانەکانن، دلێر عەبدولخالق وتى: پەیوەندییە کۆمەڵایەتى و سیاسیەکانمان بەردەوام بوە چونکە خاڵى هاوبەشمان زۆر زیاترە، هەرێمى کوردستان لە فەراغى هێزێکى سیاسى بەرهەڵستکارى جدیدایە کە پشتیوانى خەڵک و داواکارییەکانیان بکات، هەرێمى کوردستانیش لەبەردەم ئاڵنگارى زۆر گەورەدایە، یەکێتى و پارتى حکومڕانییەکیان کردوە کە ئەم میللەتەیان زۆر دواخستوە، بۆیە ئەرکى ئێمەیە چ وەک گۆڕان چ ئەوانەى لەدەرەوەى ئۆرگارنەکانن چ ئەو شەقامە بەرفراوانەى پشتیوانى دەسەڵات ناکەن بەیەکەوە کاربکەین بۆئەوەى رۆحى کاک قادر و ئەو سەرکردانە شاد بکەن کە لە ژیاندا نەماون".

ئاماژە بەوەش دەکات چ کاک نەوشیروان چ کاک قادر رێباز و نوسین گوفتارەکانیان ماوە، هەمو هەوڵێکیش دەدەن بۆئەوەى کە پێکەوە کاربکەن و رۆحى کاک نەوشیروان و کاک قادر و هەمو ئەو سەرکردانە شاد بکەن کە لە خەمى ئەم وڵات و نیشتیمانەدا بون و بە درێژایی تەمەنیان خەباتیان بۆ ئازادى و خۆشگوزەرانى خەڵک کردوە، "بۆیە لای ئێمە پرۆسەی ئاشتەوایی تەواو نەبوە، بەیەکەوەکارکردنمان لەگەڵ هاوڕێیانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان؛ بەرپرسیارێتیەکە بۆ وەڵامدانەوەی داخوازی و پێداویستیەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە بزوتنەوەى گۆڕان بەهێز ببێتەوە، چونکە کە بزوتنەوەى گۆڕان لاواز بوە خەڵکى کوردستان بێ پشت و پەنا بوە و هێزێک دروستنەبوە نوێنەرایەتى شەقام و دەنگى راستەقینەى خەڵک بکات و پڕۆژەى هەبێت".


هەواڵی زیاتر