ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى: پڕۆسەى ئاشتەوایی لاى بزوتنەوەى گۆڕان کۆتایی نەهاتوە

11/11/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ پڕۆسەى ئاشتەوایی لاى بزوتنەوەى گۆڕان کۆتایی نەهاتوە، ئومێد دەکەین لە ئایندەیەکى نزیکدا هەموومان پێکەوە گۆڕان بخەینەوە سەر ئەو رێچکەیەى جێگەى رەزامەندى خەڵک بێت، چونکە جیاواز لە لایەنە سیاسییەکانى دیکە کە کێشەى ناوخۆییان هەیە لە بزوتنەوەى گۆڕاندا کێشەکان لەسەر بنەماى دڵسۆزى و هێڵە گشتیەکانە بۆ خزمەتى خەڵک.

کاوە عەبدوڵا، ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژە بەوە دەکات پڕۆسەى ئاشتەوایی لەناو بزوتنەوەى گۆڕان لە خەمخۆرى ئەو بەڕیزانەیە کە ئێستا لە دەرەوەى ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕانن و خەمخۆرى بزوتنەوەى گۆڕانیشە کە سەرقاڵى ئاشتەواییە لە هەرێمى کوردستان و خودى بزوتنەوەکەدا، بۆیە "سوپاسى هەمو ئەو هاوڕێیانە دەکەین کە لە دڵسۆزیانەوە پڕۆژەیان هەبوە بۆ ئاشتەوایی، کار لەسەر ئەو پڕۆژانە کراوە و خاڵى هاوبەشیشمان زۆرە، ئەو خاڵانەشى ماوە دەکرێت لە داهاتویەکى نزیکدا گفتوگۆ لەسەریان دەستپێبکاتەوە، چونکە ئاشتەوایی لاى گۆڕان کۆتایی نەهاتوە و دەمانەوێت هەموو بەیەکەوە بە یەک دەست و یەک بەرنامە گۆڕان بخەینەوە سەر ئەو رێچکەیەى جێگەى رەزامەندى خەڵک بێت و بەرەیەکى بەرفراوان دروست بکەین کە پڕۆژە و بەرنامەى چاکسازى هەبێت و فشاری جدی بکات لەپێناو باش ئیدارەدان و پاراستنى قەوارەى هەرێمى کوردستان، بۆیە گەشبینم بە هەوڵەکانى ئاشتەوایی".

پەیوەست بە دۆخى حکومەت و حوکمڕانى لە هەرێمى کوردستان، رێکخەرى ژورى حکومەتى بزوتنەوەى گۆڕان دەڵێت: لە سی ساڵى رابردودا لەبرى بنیاتنانى حکومەتێکى مۆدێرن لەسەر بنەماى دیموکراسى و لامەرکەزى و گەیاندنى خزمەتگوزارى و دابینکردنى ژیانى شایستە بۆ خەڵک، حکومەتێک دروستکراوە پڕە لە ناکۆکى و ململانێى حیزبى و دواى ئەو هەمو ساڵە ئێستاش فۆرمى حیزبى لە فەرمانگەکان بڵاودەکەنەوە و پارتى و یەکێتى لە لوتکەى ناکۆکییەکانیاندا دەیگەیەننە ئاستى جیابونەوە و دوئیدارەیی، بەشداریی بزوتنەوەى گۆڕانیش لەم کابینەیە بۆ خزمەتى خەڵک و لەسەر بنەماى رێککەوتنێکى سیاسى و بوە و بەقەد قەبارەى وەزیرەکانى بەشدارە لە بڕیارەکانى حکومەت".


هەواڵی زیاتر