هەولێر؛ کۆبونەوەی ئەنجومەنی قەزای ناوەندی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو
20/11/2023
ئەمڕۆ دوشەممە (٢٠٢٣/١١/٢٠) کۆبونەوەى ئاسایی مانگانەى ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێک بەڕێوەچو.
لەکۆبونەوەکەدا دۆخى ژیان و گوزەرانى هاوڵاتیان و موچەخۆران و فەرمانبەران و مامۆستایانى هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەکەوە کرا و جەختکرایەوە لە پێویستى خستنەگەڕى تەواوى هەوڵەکانى حکومەت بۆ بەدەستهێنانى شایستە داراییەکان و دابینکردنى موچەى موچەخۆران لەکاتى خۆیدا و دابینکردنى پێداویستى و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان، هاوکات باس لە بڕیارەکانى جڤاتى نیشتیمانى کرا بۆ هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و ئەنجامدانی کۆنفڕانسی نیشتمانی.
ئەوە لەکاتێکدایە لە کۆتا کۆبونەوەیدا، جڤاتى نیشتیمانى دۆخى سیاسى و ئیدارى و دارایی و یاسایی هەرێمى کوردستان و ئاڵنگارییەکانى بەردەم دامەزراوەکانی حکومڕانى، چارەسەرکردنى کێشە یاسایی و سیاسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ئیتحادى، بەتایبەت دۆزینەوەى ڕێگەچارەى گونجاو بۆ قەیرانى دارایی و باشکردنى بژێوى هاوڵاتیان و موچەى فەرمانبەران و مامۆستایان تاوتوێکرد و لەبارەى دۆخى ڕێکخراوەیی بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە وەک ئامادەکارییەکان بۆ خۆڕێکخستنەوە و قۆناغى نوێ، بڕیاریدا بە بەرجەوامیدان بە پڕۆسەى ئاشتەوایی و پێکەوەکارکردن، هەڵبژاردنى خانەى ڕاپەڕاندن و تەواوکردنى هەنگاوە کردارییەکان بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى.