راگەیەندراوى کۆبونەوەى هاوبەشى بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان
25/11/2023
رۆژى شەممە (25/11/2023)، وەفدێکى باڵاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان بە سەرۆکایەتى بافڵ تاڵەبانى و شاندى یاوەرى لە مەکتەبى سیاسى، سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان لە شارى سلێمانى کرد و، لەلایەن شاندى باڵاى بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرۆکایەتى مستەفا سەید قادر و خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى پیشوازیان لێکرا. لە کۆبونەوەکەدا چەند تەوەرێکى گرنگ و هەستیارى پەیوەندیدار بە ژیان و گوزەرانى خەڵک و دۆسیەى سیاسى، ئیدارى و ئەمنى ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
پرسى یەکخستنى نێوماڵى کورد و ئامادەکردنى نەخشەڕێگایەکى هاوبەشى کوردستانى بۆ پەیوەندى و مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق و ناوچەکە و حکومڕانى هەرێمى کوردستان گفتوگۆى لەسەر کرا، هەروەک جەختکرایەوە لەو پەشێوى و ئاڵۆزیانەى لە ناوچەکە هەیە، هەوڵبدرێت کورد نەچێتە سەنگەربەندى نێوان لایەنە ناکۆکەکان و ئاسایش و ئارامى هەرێمى کوردستان و هاوڵاتیان لە هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بپارێزرێت.
هاوکات دۆخى ژیان و بژێوى هاوڵاتیان و کاریگەرى قەیرانى دارایی لەسەر موچەخۆران و مامۆستایان بەشێکى گرنگى کۆبونەوەکەى پێکهێنا، هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى ئیتیحادى بگەنە خاڵى هاوبەش و رێککەوتن بۆ چارەسەرى کێشەى پشکى هەرێم و دابینکردنى موچە لەکاتى خۆیدا، ئەمەش لەپێناو دەستپێکردنەوەى پرۆسەى خوێندن لە سنورى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین بۆ چارەسەرى کێشەکانى تەندروستى و کارەبا و خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان.
کۆبونەوەکە، هەڵوەستەى لەسەر پرسى هەڵبژاردنەکان کرد، هەردولا جەختیان کردەوە لەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە وادەى خۆیدا ئەنجامبدرێت و ئاستەنگەکانى بەردەمى لاببرێن، بەتایبەت کە هەرێمى کوردستان لەبەردەم بۆشایی هەندێک لە دامەزراوە شەرعیەکانیدایە، هەروەها هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانیش لە کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و هەردولا هاوڕابون لە گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست تا هانى زیاتری هاوڵاتیانى کورد بدات بۆ بەشداریکردنى کارا لە پڕۆسەکەدا.
یەکێتى نیشتیمانى کوردستان
بزوتنەوەى گۆڕان