وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: دۆسیەى ئێمە لە کەرکوک دۆسیەى خاک و پرسى نەتەوەیی و نیشتیمانییە نەک پۆست

20/12/2023

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ یەکلیستى کورد بۆ هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق یەکێک لە هەرە پێویستییەکانى ئەم قۆناغە بو کە بزوتنەوەى گۆڕان زۆر هەوڵی بۆدا، چونکە پەرتەوازبون و فەوتانى ژمارەیەکى زۆرى دەنگى کورد لاى ئێمە رون بو وەک ئێستا لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتوە، ئەوەش کە هۆکاربو بۆ فەوتانى رێژەیەکى زۆرى دەنگەکان ئەو هێزانەبون کە نەهاتنە ژێر یەک چەترى کوردستانى کە بزوتنەوەى گۆڕان هەوڵى بۆدەدا، چونکە کێشەى ئێمە لەو ناوچانە کێشەیەکى گەورەترە کە رەهەندى نیشتیمانى و نەتەوەیی هەیە ئەویش کێشەى خاک و ناسنامەیە.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، دواى دەرکەوتنى ئەنجامە بەراییەکانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق و فەوتانى ژمارەیەکى زۆر دەنگى کورد بەهۆى پەرتەوازەیی لایەنە کوردستانییەکان و بەدەمەوە نەهاتنى هەوڵەکەى رابردوى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ بەشدارى لە پڕۆسەکە بە یەکلیست، رایگەیاند؛ پێش هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، وەک بزوتنەوەى گۆڕان لە هەوڵى ئەوەدابوین بە رێگا و رێکارى ناڕاستەوخۆ هەمو لایەنە سەرەکیەکان لە یەک هاوپەیمانى کوردستانى و لەژێر ئاڵاى کوردستاندا بۆ کێبڕکێى دیموکراتى بەشدارى هەڵبژاردنەکان بکەین، بەڵام دروست نەبو، بەداخەوە وەک ئێستا لە ئەنجامەکاندا دەرکەوتووە، لاى ئێمە روون بو ئەگەر چەند لیستێکى کوردستانى هەبێت ژمارەیەکى زۆرى دەنگى کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەفەوتێت.

لە رابردودا تەجاوزى زۆر کراوەتە سەر مافى کورد، ئەگەر ئەم دۆخە نەبوایە دەمانتوانى لە چوار شاڵى داهاتو نوێنەرایەتى بەهێزترى کورد بکەین و خزمەتگوزارى

پەیوەست بە بەشدارى هاوڵاتیانى کورد لە پڕۆسەکە، وتەبێژى گۆڕان دەڵێت: پیرۆزبایی لە هەمو هاوڵاتیانى کورد لەو ناوچانە دەکەین کە بە شەوق و ورەیەکى بەهێزى کوردستانى بەشدارى پڕۆسەکەیان کرد و چاویان لە کەمتەرخەمى و ململانێى لایەنە سیاسییەکان پۆشى و بەشدارى کارا و کاریگەریان لە پڕۆسەکە کرد، ئەوەى زیانى بە دەنگى کورد گەیاند فرە لیستى بو لەکاتێکدا کورد دەرفەتى ئەوەى هەبو وەک ئەرزى واقیع لە هەڵبژاردنەکانیشدا ببوایە بە هێزى یەکەم و خاوەنى کورسى زیاتر لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بەتایبەت.

دەشڵێت: ئەوەى هۆکاربو لە فەوتانى رێژەیەکى زۆرى دەنگەکان ئەو هێزانەبون کە نەهاتنە ژێر یەک چەترى کوردستانى، کێشەى ئێمە لەو ناوچانە کێشەیەکى گەورەترە کە رەەندى نیشتیمانى و نەتەوەیی هەیە ئەویش کێشەى خاک و ناسنامەیە، بۆیە سەربارى ئەوەى وەک بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریش نەبوین لە پڕۆسەکەدا، بەڵام لە لایەنەکانى دیکە پێداگرتر بوین بۆ هاندانى بەشدارى کورد لە پڕۆسەکە، چونکە ئێمە وەک پرسێکى نەتەوەیی و نشتیمانى دەیبینین.

پەیوەست بە دۆخى خەڵک و پرۆسەى سیاسى لە ساڵى نوێدا، دلێر عەبدولخالق دەڵێت: موچەخۆران بە دۆخێى سەختى دارایی تێپەڕیون، پێویستە هەمو لایەنە سیاسییەکان و حکومەتى هەرێم توانستە سیاسى و دیپلۆماسى و سیاسییەکان بەکاربهێنین بۆئەوەى بەرەو کردنەوەى گرێکوێرەکان بڕۆین لەگەڵ حکومەتى ئیتیحادى بەتایبەت چارەسەرى پرسى کێشە داراییەکان کە روبەڕوى میللەتەکەمان و موچەخۆران دەبێتەوە.


هەواڵی زیاتر