چۆمان محەمەد: چ عێراق چ دەسەڵاتدارانى کورد کەمتەرخەم و خەمساردن لە چارەسەرى کێشەى موچەخۆرانى کوردستان

24/12/2023

ئەندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ چ عێراق چ دەسەڵاتى کوردى کەمتەرخەم و خەمساردن لە چارەسەرى کێشەى موچەخۆرانى کوردستان ئەگەرنا دەبو پێش ساڵى نوێ هەموراى پڕۆژەى یاساى بودجەیان ئامادەبکردایە، دەشڵێت: ئێستا کە بەهۆى سیاسەتى هەڵە و پێشلێکردنى ئازادییەکان و نەبونى یەکڕیزییەوە پشتیوانى نێودەوڵەتی بۆ کورد وەک رابردو نەماوە، پێویستە بەرپرسانى باڵاى کورد لە بەغدا و پەرلەمانتاران لەجیاتى خەمى خۆیان و حیزبەکانیان خەمى موچەى خەڵک و هەرێمى کوردستانیان بێت، چونکە ئەوان دەبێت نوێنەرایەتى کورد بکەن نەک حیزبەکانیان.

چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان، پەیوەست بە گرفتەکانى نێوان هەرێم و بەغدا ئاماژە بەوە دەکات کە هەردولایەن کەمتەرخەمى و خەمساردییان هەیە بۆ چارەسەرى کیشەکان لەکاتێکدا نابێت مافى موچەخۆران بکرێتە ئامرازى سیاسى و بەرداشى نێوان هەرێم و بەغدا، دەشڵێت: ئیمە دەێکە هۆشداریمان داوە لەوەى کە پێویستە پەلە بکرێت لە هەموارى یاساى بودجە، چونکە ئەو پڕۆسەیە کاتى زۆرى دەوێت، دەبو نوێنەرانى کورد لە بەغدا و حکومەتى هەرێم پێش ساڵى نوێ پڕۆژەیاسایان بۆ هەموارى بودجە و چارەسەرى کیشەکان ئامادە بکردایە.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان رەخنەى ئەوە دەگرێت کە زۆرترین موزایەدە بە موچەى فەرمانبەران و مامۆستایانەوە دەکرێت، بەشێوەیەک هەموان بیریانە ئەو هەمو مژدە و موزایەدە و بانگەشانەى پەرلەمانتارانى کورد بەناوى چارەسەرى کێشەکانەوە لەکاتى پەسەندکردنى یاساى بودجەدا کردیان هیچى لێ سەوز نەبو بۆ موچەخۆران، کە هەرزو ئێمە بەرچاوڕونیى و مەترسیەکامان خستەڕو وەزیرى دارایی هەرێمیش هۆشدارى دا لەبارەى پڕۆژە یاساکەوە کە دواتر دەرەنجامەکانیمان بینى لە زیانى موچەخۆران بو.

ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان جەخت دەکاتەوە لەوەى یەکێتى و پارتى دیدگایەکى نیشتیمانییان نیە بەوەى بە یەک ئاڕاستە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکەن بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان و ئەوەش دەخاتەڕو؛ پشکى هەرێم گرێدراوە بە پرسى موچە و خاڵە سنورییەکانەوە و پێویستە نوێنەرانى کورد لە پۆستە باڵاکانى عێراق و پەرلەمانتاران هەوڵى جدى بدەن و فشار بکەن، چونکە ئەگەر نەتوانن فشارێک بکەن بۆ هاوکارى حکومەت و موچەخۆران ئەو پارە و ئیمتیازاتانەى خۆیان لەوێ وەریدەگرن حەرامە، پێویستە لەخۆشیان بپرسن ئایا کە بەرپرسى باڵا و وەزیر و پەرلەمانتاران لەسەر حسابى کورد، نوێنەرایەتى کورد دەکەن یان حیزبەکانیان؟.


هەواڵی زیاتر