وتەبێژى گۆڕان: بەم کۆنفرانسە گۆڕان بەرەو قۆناغێکى باشتر ئاڕاستە دەکەین
20/01/2024
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ لە
کۆنفرانسى نیشتمانیدا بەگیانی تیم و گروپ گفتوگۆ دەكەین لەسەر
باشتر كردنی كاروبارەكانمان و پێداچونەوەمان بە هەڵە و كەموكورتیەكانمان، ڕەخنە و
سەرنج و تێبینی هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان
لەو بابەتانەن بون بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆى ئەندامانی كۆنفڕانس.
دلێر عەبدولخالق لەگەڵ بەکۆتا هاتنى کاروبارەکانى یەكەم رۆژی دوهەمین كۆنفڕانسی
بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان لەدروستبونییەوە
نەریتێكی نوێی كاری رێكخراوەیی دروستكرد، لە كۆنفڕانسدا كار ناكەین بۆ ئەوەی سەپاندنی هەرەمی رێكخراوەیی لە
بزوتنەوەی گۆڕان، كەسی یەكەم و دوەم و جڤاتی نیشتیمانی كەناویان لەفەرهەنگی سیاسی
پارتەكانی دیكەدا ئەنجومەنی سەركرایەتی یان سەركردایەتییە هەڵنابژێرێت، بەڵكو نوێنەرایەتی
هەڵبژێراوی دامەزراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەمو قەزا و ناحیەكانی هەرێمی
كوردستان و نوێنەرایەتی لە ناوچە دابڕاوەكانی و ڕەوەندی كوردی و نوێنەرایەتی بەشێك
لەو فراكسیۆنانەی لە ئەنجومەنی پاڕزگاكان و پەرلەمانی كوردستان و بەشێك لە نوێنەرایەتی
تیمەكانی حكومەت لە حوكومڕانی هەرێمی كوردستان بەیەكەوە لە چوارچێوەی چەند لیژنەی
جیاوازدا بەگیانی تیم و گروپ گفتوگۆ دەكەین لەسەر باشتر كردنی كاروبارەكانمان و پێداچونەوەمان
بە هەڵە و كەموكورتیەكانمان، ڕەخنە و سەرنج و تێبینی هاوڵاتیان و هاونیشتیمانیانی
هەرێمی كوردستان لەسەر بزوتنەوەی گۆڕان لەو بابەتانەن بون بە تەوەری سەرەكی گفتوگۆ
و گەنگەشەی ئەندامانی كۆنفڕانسی دوەم.
وتیشى: سبەینێ لە رێڕەوی گفتوكاندا بۆمان دەردەكەوێت كە ئەندامانی كۆنفڕانسی
دوەم، دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان چی لێ دەكەن، كە ئەوەش پەیوەندیدارە بە پەیكەری
رێكخراوەیی و هەڵوێست و بیروڕای بزوتنەوەی گۆڕان هەروەها هەڵسەنگاندنی دامەزراوەكان
و بەرپرسەكان لە جڤاتی نیشتیمانی و ژورەكان و باژێرەكان و ئەنجومەنی قەزاكان و
بازنەكان و رایەڵەكان و لە تیمەكانی حكومەت، هەروەها پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەكانمان
لەگەڵ هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پەیوەندیداریشە بەهەمو ئەو تەوەرانەی پەیوەندیان
بە ژیانی خەڵكی كوردستانەوە هەیە.
وتیشى: بەپێى ئەو خشتەى بەرنامەى کارەى
دانراوە سبەینێ یەکشەممە، كارەكانی دوهەمین كۆنفرانسى نیشتمانى تەواو
دەكەین و بە ڕاگەیەندراوێك دەگەین بە كۆتایی و پابەند دەبین بە بڕیار و
راسپاردەکان، گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان زیندون و کراوەن و رەخنە و راى جیاواز هەیە
و ئەوەی وەک خاڵى هێزى گۆڕان دەبینین، لەگەڵ ئەوەشدا هێمنترین گفتوگۆ و
دانیشتنەکان ئەنجامدراون و بەم کۆنفرانسە گۆڕان بەرەو قۆناغێکى باشتر ئاڕاستە
دەکەین.