دوهەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بەسەركەوتویی كۆتایی بەكارەكانی هێنا
22/01/2024
دوهەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان) بەسەركەوتویی كۆتایی بەكارەكانی هێنا و بەلاغى کۆتایی خوێندرایەوە.
ئەمشەو دوشەممە (2024/1/22) بە پەسەندكردنی دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان و راسپاردەکان، دوهەمین كۆنفڕانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لەژێر دروشمی (گۆڕان بەرەو قۆناغێکی نوێ بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکان) كۆتایی بەكارەكانی هێنا و بەلاغی كۆتایی دوهەمین كۆنفڕانس خوێنرایەوە.
لە دوهەمین کۆنفرانسى نیشتیمانیی بزوتنەوەى گۆڕان هەر شەش راپۆرتى لیژنە جیاوازەكان دواى گفتوگۆى ورد و چڕى ئەندامانى کۆنفرانس بە زۆرینەى دەنگ پەسەندکراون، راپۆرتەکانیش لە دانانی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕان لە بوارە جیاوازەکاندا، پەسەندکردنی دەستکاری پلاتفۆڕمەکانی هەڵبژادنی پارێزگاکان و هەرێم و عێراق، هەڵسەنگاندنی ئەدای نوێنەرەکانی گۆڕان لە دەزگا هەڵبژێرراوەکانی پارێزگاکان و تیمەکانی لە حکومەت، هەڵسەنگاندنی ئەدای جڤاتی نیشتمانی و دامەزراوەکانی، گۆڕین و دانانی دروشمی بزوتنەوەی گۆڕان یاخود گۆڕینی لۆگۆ بەپێی گۆڕانکاریی هەلومەرجی گشتی و ئەمشەویش راپۆرتى پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەندكرا.
پاش کۆتایی هاتنى سەرجەم کارەکان و پەسەندکردنى دەستورى ناوخۆ و راسپاردەکان، هێمن شێخانى ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى کۆنفراس، بە ئامادەبونى سەرجەم ئەندامانى دەستەکە و ئەندامانى لیژنەى باڵاى ئامادەکار بەلاغى کۆتایی و سەرکەوتنى کۆنفرانسى راگەیاند و بەڵین بە گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان و لایەنگرانى گۆڕان درا هەنگاو بۆ قۆناغى نوێ بنرێ بۆ روبەڕوبونەوەى ئاڵانگارییەکان وەک لە دروشمى کۆنفرانسدا هاتبو.