چۆمان محەمەد: جیاوازى لەنێوان ئەداى تیمى حکومى گۆڕان و لایەنەکانى دیکە هەیە، بەڵام بەهۆى کێشەى موچە و کەمى خزمەتگوزارییەکانەوە ئەو جیاوازییە نابینرێت
10/02/2024
رێکخەرى ژورى
یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ هیچکات هێندەى ئێستا مەترسى لەسەر قەوارەى
هەرێمى کوردستان و لەقاڵبدانى دەسەڵاتدانى نییە و پشتیوانى نێودەوڵەتیمان لاواز
نەبوە، لە ساڵى (2014)شـەوە خەڵک لە قەیرانێکى قوڵدایە و باجى هەڵە سیاسى کاستێکى
سیاسى دەدات کە خۆیان خۆشگوزەرانن و دەشڵێت: چاکسازى نەبوەتە ئیرادەیەکى راستەقینە
و دەستوەردانى حیزبى هێزەکانى دەسەڵات بۆ کاروبارى حکومەت زیاتر بوە، هەمو ئەوانە لەمپەرن
لەبەردەم تیمى گۆڕانیش.
چۆمان محەمەد، رێکخەرى
ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات؛ حكومەتی هەرێمی كوردستان یەك ئیدارە
و یەك ئاڕاستەی كاركردنی نییە و ئەو دابەشبونە حیزبیە، رۆڵ و كاریگەری گەورەی هەیە
بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا كە ئەوەش هەرێمی كوردستان لێی زەرەرمەند دەبێت، بۆیە پێویستە
بیر لە مەترسی دۆخەكە بكرێتەوە کە بەرگەى ململانێکانى پارتى و یەکێتى ناگرێت، چونكە
بە فیعلى مەترسى و هەوڵی بچوككردنەوە تا نەهێشتنى قەوارەى هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە
پێوست بو لەهەموکات زیاتر كورد یەكگرتو تەبا بوایە.
دوپاتیشى
دەکاتەوە کە رەخنە و گلەییەکانى هاوڵاتیان لەو قەیرانانەى بەرۆکى گرتون هەر لە
خراپى دۆخى موچە تا نەبونى خزمەتگوزارییەکان و مامەڵەى ناتەندورستى هێزە
دەیەڵاتدارەکان رەوان، بەڵام پێویستە بزانین کە ئەم قەوارەیە بەرهەمی (100) ساڵ
قوربانیدانی پێشمەرگە و خەڵكی هەرێمی كوردستانە و هی یەكێتی و پارتی نیە، بۆە
دەبێت بیپارێزین.
سەبارەت بە بەشداری
بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەت و ئەو رەخنانەى لە تیمەکەى دەگیرێت، ئەندامەکەى جڤاتى
نیشتمانى دەڵێت: ئەو ناڕەزایەتی و رەخنانە رەوایەتی تیایە، لەگەڵ ئەوەشدا رونە کە جیاوازى
لەنێوان ئەداى وەزیرەکانى گۆڕان و تیمى حکومى گۆڕان و لایەنەکانى دیکە هەیە، بەڵام
بەهۆى کێشەى موچە و کەمى خزمەتگوزارییەکانەوە وەک پێویست ئەو جیاوازییە نابینرێت،
ئەوەش پێویستە تیمى گۆڕان لە حکومەت چۆن رونكردنەوە دەدەن بە خەڵك و هەڵسوڕاوان
لەوەى لە حكومەتدا چییان کردوە بۆ بەرژەوەندى گشتى و بە چ نیەتێکەوە کاریان کردوە
و چۆن سورن لەسەر بەرنامەکانى چاکسازى.
پەیوەست بە پرسى
مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەعێراق و هەرێمى کوردستان، رێکخەرى ژورى یاسای
دەڵێت: بونى هاوپەیمانان لە دوای ساڵی (2003)ەوە جۆرێك لە شكڵی قانونی هەیە لەبەر
ئەوەی بەشێكی هێزانە بەبڕیاری نەتەوەیەكگرتوەكان لە عێراقدا ماونەتەوە بەشەكی دیكەشی
دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شەڕى تیرۆر دەکەن و لە چند ساڵى رابردودا قوربانى زۆریان داوە
و پارەى زۆرشیان خەرجکردوە.