گۆڕان و یەکێتى: شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت

11/02/2024

بزوتنەوەى گۆڕان و یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، پێکەوەکارکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان بەپێویست دەزانن و رایدەگەیەنن: پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغدا بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.


دەقى راگەیەندراوەکە:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبوونی مستەفا سەید قادر و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە

کۆبوونەوەکە رۆژی (یەک شەمە، ١١ی شوباتی ٢٠٢٤) لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ یەکخستن و لێکنزیککردنەوەی بۆچوون و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بە چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابورییەکانی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی بەردەم هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی  پیرۆزبایی بەستنی کۆنفڕاسی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن. دواتر پاش تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی پێکەوەکارکردنی یەکێتی و گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی سەبارەت بە پرسە چارەنووسسازەکان.


لە تەوەرێکی دیکەدا قسە لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کرا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی نابێت کاتی زیاتر بەفیڕۆ بدرێت و پێویستە هەڵبژاردن بکرێت.

لەبەشێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کرا و هەردوولا هاوڕابوون  پێویستە هەموو لایەنەکان هاوکاربن بۆ ئەوەی شایستەی دارایی هەرێم تێکەڵ بە پرسە سیاسییەکان نەکرێت و لەگەڵ بەغداد بگەنە رێککەوتنێکی ریشەیی و مافی موچەخۆرانی هەرێم پارێزراو بێت.

هەروەها بڕیاردرا هەماهەنگی زیاتر بکرێت بۆ ئیدارەدانی باشتر و بە شێوازێک کە خزمەتی باشتری هاوڵاتیان بکرێت.

 

فۆتۆ: بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر