وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان: ئەگەر وانە لە قوربانیدان و جینۆسایدى نەتەوەکەمان وەرنەگرین، لەبەردەم چەندین روداوى تراژیدى دیکەدا دەبین

21/02/2024


دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەرکى ئێمە ئەوەیە لەگەڵ کەسوکارى بێناز و بەشمەینەتى قوربانیان و ئەنفالکراوانى پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراواندابین و پێویستە ئەم بۆنە خەمئامێزە و ئەو قوربانیدان و جینۆسایدانەى بەسەر ئەم نەتەوەیەماندا وانەیان لێوەربگرین و هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان یەک بخات بۆئەوەى شەڕى بەدەستهێنانى مافە دەستورییەکان بکەن و یەکدەنگ بن لە پرسە نیشتیمانییەکان و خزمەتى خەڵک و کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، ئەگەرنا لەبەردەم چەندین روداوى تراژیدى دیکەداین.

ئەمڕۆ چوارشەممە (2024/2/21)، شاندێکى بزوتنەوەى گۆڕان بەشدارى کرد لە رێوڕەسمى بەخاکسپاردنى (172) قوربانى ئەنفال لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بۆ دوپاتکردنەوەى پشتیوانى لە دۆسیەى قوربانیان و وەستان لەگەڵ کەسوکارى قوربانیان و پێداگیرى لە بەدەستهێنانەوەى مافەکانیان، لەوبارەیەوە دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەوبارەیەوە رایگەیاند: کەمترین ئەرکى ئێمە ئەمڕۆ ئەوەیە لەگەڵ کەسوکارى بێناز و بەشمەینەتى قوربانیان و ئەنفالکراوانى پایتەختى شەهیدان و ئەنفالکراواندابین لە چەمچەماڵ،

وتیشى: ئەگەر وانە لەم بۆنە خەم ئامێز و قوربانیدان و تراژیدیا و جینۆسایدانەى بەسەر ئەم نەتەوەیەدا هاتوە وەرنەگرین، ئەوا لەبەردەم چەندین روداوى تراژیدى دیکەداین، بۆیە دەبێ روفاتى ئەو قوربانیانەى ئەمرۆ بەخاکى پیرۆزى کوردستانیان دەسپێرین و ئەوانەش کە نەهێنراونەتەوە، هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان یەک بخات، چونکە کورد ئەگەر خۆى بەرگرى لە خۆى نەکات و شەڕى بدەستهێنانى مافە دەستورییەکانى و یەکدەنگ نەبێت لە پرسە نیشتیمانییەکان و کێشە و ئاریشە و ئاڵنگارییەکانى روبەڕوى میلەتەکەمان دەبێتەوە، کەس شەڕى بۆ ناکات.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەناو پایتەختى شەهیدانەوە یەکدەنگى و بەیەکەوەبونى هێز و لایەنە سیاسییەکان لەو پرسە نیشتمانییەکان و وازهێنان لە ململانێى کەسى و حیزبى و گەڕانەوە بۆ حکومڕانییەکى باش بۆ خزمەتى کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان بە پێویست و ئەولەویەتى ئەم قۆناغە دەزانێت و دەڵێت: کاتێک فرمێسکى بێنازى کەسوکارى ئەنفالکراوان و شەهیدان دەبینیت، بەڵگەى ئەوەیە کە کەمترین خزمەتى ئەو کەسوکارە و ناوچەکەش کراوە کە پێویستیان بە پڕۆژە و خزمەتگوزارى زیاترە و دەبێت لەم بۆنە خەمناکەدا ئەو پەیامە گەشتبێت کە بیر لە خزمەتى زیاترى میلەتەکەمان و کۆدەنگى بکەنەوە لە بەرمەبناى خزمەتى خەڵکى کوردستان وکەسوکارى ئەنفالکراوان و شەهیدان.


هەواڵی زیاتر