وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى بزوتنەوەکە پەیوەست بە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى ئاشکرا دەکات

25/02/2024

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان هەڵوێستى فەرمى پەیوەست بە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت؛ ململانێى حیزبى و بەشەخسەنەکردنى پڕۆسەى سیاسى و نەخوێندنەوەى دەستەکەوت و ئاڵنگارییەکان و حوکمڕانى خراپ و ئاستى لێکتێنەگەیشتنى پارتى و یەکێتى و دابەشبونیان بەسەر بازنەى وڵاتانى ئیقلیمى و دورکەوتنەوەیان لە بازنەى نیشتمانى و بەرژەوەندییەکانى میلەتەکەمان بوەتەهۆى ئەوەى دادگاى فیدراڵى حوکممان بەسەردا بدات لەبرى ئەوەى خۆمان لەناوخۆدا کێشەکان چارەسەر بکەین.

دەشڵێت: بزوتنەوەى گۆڕان لە ساڵى (٢٠٠٩)ەوە داواى ئەوە دەکات بۆ هەڵبژاردنەکان هەرێمى کوردستان لانى کەم بکرێتە چوار بازنە، لەو پڕۆژەیەشدا کە فراکسیۆنەکەمان سێ ساڵ لەمەوبەر پێشکەشى پەرلەمانى کرد و نەخرایە بەرنامەى کارەوە، داوامان کردوە هەرێمى کوردستان بکرێتە چوار بازنەى هەڵبژاردن، بەڵام لەگەڵ هێشتنەوەى کورسى پێکهاتەکان بوین بەو مەرجەى تۆمار و بازنەى دەنگدەرانى خۆیان هەبێت بۆئەوەى نوێنەرى راستەقینەى خۆیان هەڵبژێرن، ئومێدەواریشین بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى هۆکارێک بێت بۆئەوەى کێشەى دارایی نێوان حکومەتى ئیتیحادى و حکومەتى هەرێم و چارەسەربێت و بابەتى موچە چارەسەر بێت و ماف و هەقى رەواى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە کە دە ساڵى سەختى داراییان بەڕیکردوە.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان، پەیوەست بە دواین بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى و چۆنیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ قۆناغى نوێ، هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان ئاشکرا دەکات و لە بەرنامەى رۆژەڤى کەناڵى کەى ئێن ئێن رایگەیاند: دواین دو بڕیارى داگاى فیدراڵى پەیوەندیدار بە کەیسى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و موچەى موچەخۆران، هەڵسەنگاندنى لە روانگەى ئێمەوە لە بەرمەبناى بەرژەوەندییە باڵاکانى خەڵکى هەرێمى  کوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانى و نەتەوەییەکانى هەرێمى کوردستانە، ئێمە پێچەوانەى ئەو لایەنانەى هەلسەنگاندیان وایە بڕیارى خراپن و پێى نیگەرانن ئەو لایەنانەى تریش پییانوایە بڕیارى باشن و پێى دڵخۆشن، ئێمە پێمانوایە لە یەک کاتدا دەکرێ بڕیارى باش بن و خراپیش بن و دەرهاویشتە و ئاسەوارى خراپیسان بۆ پڕۆسەى سیاسى و دامەزراوەى هەرێمى کوردستان لە ئیستا و داهاتوى کوردستان هەبێ.
وتیشى: بڕیارى باشن ئەگەر وەک زەنگێکى مەترسیدار ببینین لەسەر هەرێمى کوردستان و پێیستە بەخۆماندا بچینەوە و هەلبژاردنەکان لەکاتى خۆیان بکرێن و حوکمرانییەکى باش پێشکەش بکرێ و بنەماکانى دیموکراسى لەبەرچاو بگرین و سەروەرى یاسا بەرقەرار بکەین و هەژمونى حیزب بەسەر دامەزراوەکان کەم بکەینەوە و کۆمەڵێک چاکساى و ریشەیی بکەین، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە هەندێکمان وا دەریبخەین پابەندى نابین و سەنگەر دژى لێ بدەین و دان بە واقییعێکى تاڵ نەنەنێن، ئەوا دەچنە چوارچێوەى ئەو بریارانەى لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستان نابن.

پەیوەست بە یاساى هەلبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، وتەبێژى گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر بڕیارەکەى دادگا ببێتە هۆکارێک بۆ لابردنى لەمپەرى هەلبژاردن ئەوە دیوێکى باشە، بزوتنەوەى گۆڕان لە ٢٠٠٩ەوە داواى ئەوە دەکات سیستمى هەڵبژاردن بکرێتە چوار بازنەیی، بەڵام ئەوەى پێمان باش نیە هەڵوەشاندنەوەى کورسى پێکهاتەکانە، ئەگەر ئەوە پاساوەکەى نادەستوریبونیەتى بۆ چى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق و ئەنجومەنى پارێزگاکان کورسى کۆتا هەیە، بۆچى ئەمە بۆ دەوڵەتى عێراقى فیدراڵ رەوایە بۆچى بۆ هەرێمى کوردستان رەوا نییە.

لەبارەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى پەیوەندیدار بە موچەى موچەخۆرانى کوردستان، دلێر عەبدولخالق دەڵێت: هاوڵاتیان و موچەخۆرانى کوردستان دە ساڵى سەختى داراییان بەڕیکردوە، ئومێد دەخوازین بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵ هۆکارێک بێت بۆئەوەى کێشەى دارایی نێوان حکومەتى ئیتیحادى و حکومەتى هەرێم و چارەسەربێت بەشێوەیەک نەکرێتە بەرداشى ململانێى نێوان هەردو حکومەت، ئومێدەوارین بابەتى موچە چارەسەر بێت و ماف و هەقى رەواى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بگەڕێندرێتەوە.

ئەوەش دەخاتە رو کە یەکێتى و پارتى بە بڕیارى هەڵە و ململانێى ناوخۆیی وایان کرد ئەو گرێیەى بەدەست دەکرێیەوە ئیستا بە ددانیش نەکرێتەوە، "چونکە دەمانتوانى لەناو پەرلەمانى کوردستان پێکەوە ئیدارەى جیاوازییەکان بدەین، بۆ نمونە سێ ساڵ پێش ئێستا فراکسیۆنى ئێمە پڕۆژەى هەموارى هەلبژاردنیان پێشکەش کرد بەڵام لایەنەکانى دیکە نە پڕۆژەیان هەبو نە هێشتیشیان ئەم پڕۆژەیە بچێتە بەرنامەى کارەوە، بۆئەوەى ئێمە بەدەر لەوەى دادگاى فیدراڵى حوکمان بەسەردا بدات خۆمان لەناوخۆدا کێشەکان چارەسەر بکەین، هەمو ئەوانە پەیوەندى بە ململانێى حیزبى و بەشەخستەنەکردنى پڕۆسەى سیاسى و نەخوێندنەوەى دەستەکەوت و ئاڵنگارییەکان و لەبەرژاونەگرتنى بەرژەوەندییە باڵامانى خەڵک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و حوکمڕانى خراپ و ئاستى لێکتێنەگەیشتنى پارتى و یەکێتى و دابەشبونیان بەسەر بازنەى وڵاتانى ئیقلیمى و دورکەوتنەوەیان لە بازنەى نیشتمانى و بەرژەوەندییەکانى میلەتەکەمان".

لەبارى کورسى کۆتا بۆ پێکهاتەکان زیاتر دەدوێت و دەڵێت: لەگەل ئەوەبوین لە پەرلەمانى کوردستان کورسى کۆتاکان دەستکارى نەکەرێن و لە ستراتیژى گۆڕاندا پێکهاتە و ئاینزا جیاوازەکان هاوڵاتى پلەیەکى کوردستانن، راستە ئەو نوێنەرانەى هەندێکحار وەک کارتێکى فشار بەکارهێنراون لەلایەن یەکێتى و پارتیەوە، بەڵام ئێمە پێمانوابو دەبێت نوێنەرى راستەقینەى خۆیان نوێنەرایەتیان هەبێ بەشێوەیەک تۆمارى دەنگدان و بازنەى هەڵبژاردنى خۆیان هەبێ، چونکە کورسى کۆتاکان ئەگەر بۆ هەرێم نا دەستوریە خۆ لە ئەنجومەنى نوێنەران کورسى کۆتاکان هەیە بۆ لەوێ دەستورییە.

لەکۆتاییدا دوپاتى دەکاتەوە ئەم دۆخەى رویداوە،  پەیوەندى بە خراپى ئیدارەدانى هەرێمى کوردستان لە لایەن یەکێتى و پارتیەوە هەیە و هۆشدارى دەدات لەوەى هەرێمى کوردستان لەبەردەم قۆناغێکى مەترسیداردایە، ئەگەر خزمەتى میلەتى خۆمان نەکەین و گوێ بۆ داواکارییە رەواکانى خەڵک نەگیرێ.

سەبارەت بە دۆخى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕانیشەوە، دلێر عەبدولخالق وتى: بە پشتیوانى هەڵسوڕاوان و پشتیوانان توانیمان دوهەمین کۆنفرانسى نیشتمانى بزوتنەوەى گۆڕان ببەستین و ئێستا ئۆرگانەکان سەرقاڵى کارەکانن بۆ جێبەجێکردنى بڕیار و راسپاردەکانى کۆنفرانسى نیشتمانى و بەخۆداچونەوە و بەدیهێنانى خواستى هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانى گۆڕان.


هەواڵی زیاتر