سەنتەری میترۆ: بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموو قۆناغێكی كاركردنماندا پشتیوانمان بوون
05/03/2024
سەنتەرى میترۆ بۆ تاوتوێکردنى دامەزراندنى تۆڕێک بۆ
چاودێرى و پاراستنى ئازادییەکان لە هەرێمى کوردستان وەک یەکەم لایەنى سیاسى سەردانى
بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و ژورى رۆژنامەوانى پاڵپشتى میدیا و بزوتنەوەکە بۆ
رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى شارستانى و هەر هەوڵ و پڕۆژەیەک دوپات دەکاتەوە کە خزمەت بە
فراوانکردنى ئازادییەکان و پانتاییەکانى ئازادى دەربڕین و مافى مرۆڤ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە (5/3/2024)، تیمی سەنتەرى میترۆ سەردانى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد
بۆ تاوتوێکردنى یرۆكەی ئەو
تۆڕەی كە میترۆ بۆ چاودێریكردنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی
دروستكردنێتی بە ناوی (تۆڕی
هاوپەیمانی 19 ) كە بەدواداچوونە بۆ هەڕەشەكانی سەر ئازادی ڕادەربڕین و
چاودێریكردنی رێگرییەكانی بەردەم دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و بڵاوكردنەوەی بە
ئازادی، هەروەها لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژی ئازادی ڕادەربڕین ، لەوانەش
هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان.
رەحمان غەریب، رێکخەرى سەنتەرى میترۆ لە سەرەتاى
دیدارەکەدا لەگەڵ خستنەڕوى ناوەڕۆکى بیرۆکە و پڕۆژەى سەنتەرەکە، ئاماژەى بە
بەردەوامیدان بە پێشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و ئازادییەکان کرد لە هەرێمى کوردستان
وتى:ئەم تۆڕە كار بۆ پاراستن و پشتیوانیكردنی مافی ئازادی
ڕادەربڕین دەكات بە پشتبەستن بە بەندی 19ی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ"
جەختیكردەوە" بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان و میدیاکەى و كاری پەرلەمانتارەكانی لە
خولەكانیدا، فشاربوون بە ئامانجی هاوتەریبكردنی یاسا نێوخۆییەكان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەكانی
مافەكانی مرۆڤ ، بۆیە ئێوەمان هەڵبژارد بۆ باسكردنی ئەم بیرۆكەیە، هیوادارین بزوتنەوەى گۆڕان و میدیاکەى وەک چۆن لە رابردودا پاڵپشتى
تەواوى کار و چالاکییەکانى رێکخراوەکە و بەرگریکارى پاراستنى ئازادییەکان بوە لە
هەرێمى کوردستان، پاڵپشتى ئەم پڕۆژەیەش بکەن".
لاى خۆیەوە، دلێر عەبدولخالق، رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى
بزوتنەوەى گۆڕان وتى: کاتى ئەم سەردان و دیدارە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادى راپەڕینى
خەڵکى کوردستان بۆ ئازادى، دەرخەرى پێویستى درێژەدانە بە بەدیهێنانى ئامانجەکانى
راپەڕین لە ناویاندا پاراستن و فراوانکردنى ئازادی رادەربڕین، بەتایبەت کە چەند
ساڵى رابردو بەردەوام ئاڵنگارى گەورە لەبەردەم ئازادى رادەربڕیندا هەبوە لە هەرێمى
کوردستان.
رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانى لەگەڵ نرخاندنى هەنگاوەکانى
رابردوى سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە ئازادى رۆژنامەوانى، وتیى: پێشوازى و پاڵپشتى لەم
بیرۆکە نوێیەش دەکەین، هاوکاریکردن و پشتیوانى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى شارستانى مەدەنى
و فراوانکردنى ئازادییەکان بەشێکى گرنگى ئامانجى کارکردن و بەرنامەى سیاسى ئێمەیە،
بەتایبەت کە لە ئیستادا هەست بە پاشەکشەى ئازادى رادەربڕین دەکەین و دەخوازێت
هەموان جدیتر کار بۆ پاراستنى بکەین".
لە دیدارەكەدا
گفتوگۆی بنیاتنەر کرا لەبارەی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و هاوڕابوون لە بەرەنگاری هەموو
جۆرەكانی كۆتوبەند و سەركوتكردنی ئازادی رادەربڕین بە میكانیزمی ئاشتیخوانەی
مەدەنی.