ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان: هەلومەرجی ژیانی ئافرەتان لە رووی سیاسیی، ئابوری و دارایی، کۆمەڵایەتییەوە لە ڕەوشێکی خراپدایە

08/03/2024

ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ٨ ی مارسدا رایدەگەیەنن؛ ئافرەتان لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا رۆڵێکی دیار و بەرچاو و کاریگەریان هەبووە و هەمیشە  لە پێشەنگی خەبات و تێکۆشاندابوون و قوربانیان داوە، بەڵام هێشتا هەلومەرجی ژیانی ئافرەتان لە رووی سیاسیی، ئابوری و دارایی، کۆمەڵایەتییەوە لە ڕەوشێکی خراپدایە، بەتایبەت لە رووی سەلامەتی جەستەیی و تەندروستی و دەروونی، ئەمەش سەرباری گرفتەکانی هەژاری و بێکاری و نایەکسانی لە ئاستی سیاسیی، ئابوری، یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانیدا، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی واقعی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت.

لەو راگەیەندراوەدا کە ئەمڕۆ هەینى (٨/٣/٢٠٢٤)، بەبۆنەى رۆژی جیهانی ژنانەوە بڵاویکردەوە، ئافرەتانى بزوتنەوەى گۆڕان داوا دەکەن: دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنێت بۆ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕەخساندنی هەلی خوێندن و پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی توانای و رۆشنبیری ژنان، بە دابینکردنی سەنتەری نیشتمانی بۆ پەروەردەکردنی ژنانی لێهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و حکومڕانی، تا بەو بەشدارییە گەشەپێدان لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە بخەنە خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەی کوردستان.


دەقى: ڕاگەیەنراوی ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ  ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژنان

‎ بە رز و پیرۆز بێت  (٨)ی مارس رۆژی جیهانی جۆشدانەوەی خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان، بەناوی خانمان و ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان پیرۆزباییەکی گەرم دەکەین لە ئافرەتانی کوردستان و ژنانی کورد لەهەر جێیەک بن.

‎ئافرەتان لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەماندا رۆڵێکی دیار و بەرچاو و کاریگەریان هەبووە، هەمیشە  لە پێشەنگی خەبات و تێکۆشاندابوون لە پێناو بەدەستهێنانی تەواوی مافەڕەواکانی گەلەکەمان لە دژی چەوساندنەوە و زوڵمی داگیرکەران، لەو پێناوەشدا شان بە شانی پیاوان شەهید و قوربانیان داوە.

‎لە بەرامبەردا، ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا هەلومەرجی ژیانی ئافرەتان لە رووی سیاسیی، ئابوری و دارایی، کۆمەڵایەتییەوە لە ڕەوشێکی خراپدایە، بەتایبەت لە رووی سەلامەتی جەستەیی و تەندروستی و دەروونی، ئەمەش سەرباری گرفتەکانی هەژاری و بێکاری و نایەکسانی لە ئاستی سیاسیی، ئابوری، یاسایی و کۆمەڵایەتی و خێزانیدا، کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی واقعی بۆ چارەسەری کێشەکان هەبێت.

‎لەلایەکی دیکەوە،  دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنێت بۆ بەشداری ژنان لە کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ڕەخساندنی هەلی خوێندن و پەروەردەکردن و بەرزکردنەوەی توانایی و رۆشنبیری ژنان، بە دابینکردنی سەنتەری نیشتمانی بۆ پەروەردەکردنی ژنانی لێهاتوو و ئامادەکردنیان بۆ ناوەندەکانی بڕیاری سیاسی و حکومڕانی، تا بەو بەشدارییە گەشەپێدان لە ڕوانگەی یەکسانی ڕەگەزییەوە بخەنە خزمەتی زیاتری کۆمەڵگەی کوردستان.

لەم بۆنە جیهانیەی ئافرەتاندا، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین، سەرباری گرفتەکانی هەژاری و بێکاری و نەبونی دەرفەتی یەکسان لە هەرێمی کوردستاندا، دەرگا بەسەر کەشێکی نادادپەروەرانە بۆ تاک و خێزان و توێژ و گروپە جیاوازەکان کراوەتەوە، ئەم بێدادیەش لەنێو کەرتە کۆمەڵایەتیەکاندا، لەنێوان هەژار و دەوڵەمەند، نێر و مێ، دەسەڵاتدار و بێ دەسەڵات ڕەنگدانەوەی هەبووە.

هەربۆیە، ئەرکی حکومەت و دامەزراوە گشتیەکانە، کار بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان لە کاتی دووگیانی و مناڵداریدا بە شێوەیەک نەبێتەهۆی لە دەستدانی کارەکانیان لە کەرتی گشتی و تایبەتی بە پێدانی مۆڵەتی دایکایەتی و منداڵبون، بە پێی یاسا و کارکردن بۆ هەمواری ئەو یاسایانەی جیاکاری لە نێوان مافەکانی مرۆڤدا دەکات لەسەر بنەمای ڕەگەزی و، پاراستنی سەربەخۆیی دادگاکان و دورخستنەوەی لە دەستێوەردانی حیزب و کەسایەتیە دەستڕۆیشتوەکان.

‎ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان
٨ی مارسی ٢٠٢٤


هەواڵی زیاتر