هۆشیار عەبدوڵا: مایەی شەرمە ناوچەکانی ئەنفال لە سەرەتاییترین خزمەتگوزاریی بێبەشن
15/04/2019
هۆشیار عەبدوڵا رایگەیاند: مایەی شەرمێکی گەورەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و ناوەندوە لایان لە دۆسیەی ئەنفال نەکردوەتەوە، کە دەبو کەسوکار و ناوچەکانی ئەنفال لە هەمو رویەکەوە لە پێشەنگی بایەخداندا بن.
ئەمڕۆ یەکشەممە لە ساڵیادی تاوانی ئەنفالدا، هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەمڕۆ زیاتر لە (30) ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر تاوان و جینۆساید و کارەسانی گەورەی ئەنفالدا کە تیایدا زیاتر لە (182) هەزار مرۆڤی بێتاواتن لە ژن و منداڵ و کەسانی بەتەمەن بونە قوربانی، بەهۆی ئەو تاوانەوە زیاتر لە چوار هەزار گوند و چەندین قەزاو ناحیە تێکدران و خاپورکران، هەرێمی کوردستان بە گشتی و ناوچەکانی ئەنفال بە تایبەتی گورزێکی گەورەیان بەرکەوت.
رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی هەرێم و عێراق گرت و رایگەیاند: تائێستا بە جدیەتێکی زۆرەو بە قەد گەورەیی تاوانی ئەنفال، لەسەر ئاستی مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئیداریی و ئاوەدانکردنەوە هەڵویستێکی جدی نە لەلایەن حکومەتی ئیتیحادییەوە نە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەرامبەر کەسوکاریان، بەرامبەر ئەو ناوچانەی کە ئەنفالیان تێدا ئەنجامدراوە نەکراوە.
وتیشی :"بەداخەوە زیاتر لە (30) ساڵ تێپەڕدەبێت هێشتا ئەو زامە، زامێکی بەسوێیە، هێشتا کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و ناوچەکانیان بۆ سادەترین ماف پەرێشانن، تا ئەم ساتەوەختە کەسوکاری ئەنفال بەهۆی هەژاریی و نەبونییەوە گرفتارن، سادەترین خزمەتگوزارییەکانی ژیان لەو ناوچەیەی کە قوربانییەکی زۆری پێشکەشی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی کردوە نەهاتوەتەدی.
هۆشیار عەبدوڵا روی دەمی کردە هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند و رایگەیاند: پرسیارێک و لە راستیدا مایەکی شەرمێکی گەورەشە کە لەلایەن حکومەتی هەرێم و ناوەندوە لایان لەم کەیسە نەکردوەتەوە، کە پێویست بو لەسەر ئاستی پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئیداریی لەهەمو ئەو ناوچانە ناوچەی ئەنفال و کەسوکارەکانیانن لە پێشەنگی بایەخداندا بن، نەک پەراوێزبخرێن.
پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد؛ لەکاتێکدا ئیدانەی ئەنجامدانی ئەو تاوانە دەکەین، لەهەمانکاتدا بە رەخنەیەکی توند داوا لە هەردو حکومەت دەکەین کە قەبارەی ئەنفال لە تێکڕای ئاستەکاندا بەرجەستە بکرێت و ئاوڕی جدیی لە کەسوکاریان بدرێتەوە، چونکە مایەی شەرمێکی گەورەیە کە پاش تێپەڕبونی (30) ساڵ کاتێک سەردانی ئەو ناوچانە دەکەیت هەست دەکەیت کە مەحرومن لە سەرەتاییترین ماف.
هیوای خواست؛ ئەمساڵ سەرەتای گرنگی پێدانێکی نوێ بێت، بۆ هەمو ئەو تاوان و کارەساتانەی کە لە سەردەی رژێمی روخاوی بەعس بەرامبەر مرۆڤی کوردستان و عێراق کراون، پێویست بو لەسەر ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەردو حکومەتی هەرێم و ناوەند یادەکە بکرێتەوە، نەک تەنها رۆژێک یاد بکرێتەوە و بخرێتە ناو لاپەڕەکانی لەبیرچونەوەوە.