دلێر عەبدولخالق: بەشێک لە هۆکارەکانى پاشەکشێی خواستە نیشتیمانییەکانى کورد نەبونى کاک نەوشیروانە

19/05/2024

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ بەشێک لە هۆکارەکانى پاشەکشێی خواستە نیشتیمانییەکانى کورد و هەرێمى کوردستان هۆکارەکەى نەبونى کاک نەوشیروانە و جەختیش دەکاتەوە کە رەوانشاد تەنها سەرکردەیەکى سیاسى نەبو، بەڵکو واقیعبینێکى واقیع دروستکەر بو.

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە یادى حەوت ساڵەى کۆچى دوایی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا رایگەیاند: رەوانشاد کاریگەریی گەورەى بەسەر پرۆسەى سیاسى لە هەرێمى کوردستان بەجێهێشتوە و ئەو تەنها سەرکردەیەکى سیاسى نەبوە، بەڵکو پیاوێکى واقیعبینى واقیع دروستکەر بو، نەک تەنها بۆ روداوە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، بەڵکو بۆ پارچەکانى دیکەی کوردستان و ناوچە دابڕێنراوەکانیش چارەسەرى هەبوە.

جەختیشى کردەوە کە پاشەکشەى ئێستاى بەشێک لە خواستە نیشتیمانییەکانى کورد و هەرێمى کوردستان نەبونى کاک نەوشیروان و پاشەکشەى پرۆژەى سیاسیی نیشتیمانیی بزوتنەوەى گۆڕانە.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد کە لە ئێستادا لە تەواوى ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان نوێبونەوەى و گۆڕانکارییەکان بەردەوامن و وتى: وەک چۆن بەڵێنمانداوە تەواوى بزوتنەوەى گۆڕان دەکەینە گوێ بۆ داواکارییەکانى خەڵک بۆ بەخۆداچونەوە و خۆڕێکخستنەوە و خۆ نوێکردنەوە.

وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان باسى لە دوربینى سیاسیی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کرد و رایگەیاند؛ لەدواى خەباتى رزگارى نیشتیمانى یەکێک لە دیارترین ئەو پرۆژانەى بۆ بوژاندنەوەى لادێکان و کۆمەڵگاى هاوچەرخ و کشتوکاڵ هەبوە، پرۆژەى کاک نەوشیروان بوە و وەبیریهێنایەوە کە لەسەر پێشنیارى رەوانشاد زانکۆى سلێمانى  بینا کراوەتەوە.

لەبارەى ئەو ئاڵنگارییانەى ئەمڕۆ هەرێمى کوردستانیشى پێدا تێدەپەڕێت دلێر عەبدولخالق وتى: لە ساڵى 2010 رەوانشاد نەوشیروان مستەفا ئەم مەترسییانەى کوردى لە پرۆسەى سیاسى عێراق خستبوەڕو و جەختى کردبوەوە کە ئیدى قۆناغى کارکردن بە لۆژیکى کەمینە و زۆرینە دەبێتە واقیع و باسیشى لە ئاڵنگارییەکانى بەردەم بودجە و مەترسییەکانى بەنیشتیمانینەکردنى هێزەکانى پێشمەرگەش کردبو.


لەبارەى بەڕێوەچونى مەراسیمى یادى حەوت ساڵەى کۆچى دوایی ئەو سەرکردەیەشەوە، دلێر عەبدولخالق ئاشکرایکرد کە ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4:00ـى پاشنیوەرۆ تا 7:00ـى ئێوارە لە ئارامگەکەى  پێشوازى لە هاوڵاتییان دەکرێت.


هەواڵی زیاتر