ناوەڕۆکى دیداری "پێکهاتەى دادگاى فیدراڵى لەنێوان دەستوریبون و نادەستوریبوندا"ى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان
25/05/2024
رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: لایەنە کوردییەکان و نوێنەرانى کورد لە
ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق نەیانتوانیوە دادگای فیدراڵی بکەنە سەنگەرێک بۆ داکۆکى
لە مافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان و مامەڵەیەکی تەندروستییان لەگەڵ
بڕیارەکانی دادگاکە نەکردوە، ئەندامێکى ژورەکەش دەڵێت: جگە لە دادگاکە، کورد خۆشى
هۆکارێک بوە بۆ لاوازکردنى پێگەى هەرێمى کوردستان و بیانوى داوەتە دەست دادگاى
فیدراڵى.
ئەمڕۆ
شەممە (25/5/2024)، بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە ئەندامانى جڤاتى نیشتمانى و هەڵسوڕاوانى
بزوتنەوەى گۆڕان و یاسانان و ئەندامى تیمەکانى بزوتنەوەى گۆڕان لە حکومەتى خۆجێی و
حکومەتى هەرێم، دیداری "پێکهاتەى دادگاى فیدراڵى لەنێوان دەستوریبون و
نادەستوریبوندا" لەلایەن ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان ەوە لە مەکۆى سەرەکى بۆ
هەریەکە لە چۆمان محەمەد رێکخەرى ژورى یاسایی و کارمەند مەحمود ئەندامى ژورى یاسایی
بزوتنەوەى گۆڕان بەڕێوەچو کە تێیدا بەرچاورونى درایە ئامادەبون لەبارەى پێکهاتەى
دادگاى فیدراڵى و چۆنیەتى پێکهێنانى و دەستوریبونى دادگاکە و بڕیارەکانى و چۆنیەتى
مامەڵەى هێز و لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ بڕیارەکانى دادگاکە و کاریگەرى و لێکەوتەى
بڕیارەکانى.
لاى خۆیەوە چۆمان محەمەد رێکخەری ژوری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیدارەکەدا
ئاماژەى بەوەکرد کە دادگای باڵای فیدراڵی رۆڵێکی گرنگی هەیە لە یەکلاکردنەوەی
ململانێکانی نێوان حکومەت و پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش و بەشێکى زۆرى
بڕیارەکانیان لە بەرژەوەندى هەرێمى کوردستانە و وتى "جگە لەوەى لایەنە
کوردییەکان و نوێنەرانى کورد لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق نەیانتوانیوە دادگای
فیدراڵی بکەنە سەنگەرێک بۆ داکۆکى لە مافە دەستورییەکانى هەرێمى کوردستان، بەشێک
لە حیزبەکانی هەرێمی کوردستان سیاسەتی دوفاقی لەگەڵ دادگاکە بەکاردەهێنن، بەجۆرێک
دان بە هەندێک لە بڕیارەکانی دادگاکە دەنێن و بەشێک لە بڕیارەکانیشی کە
لەبەژروەندی ئەوان نییە رەتیدەکەنەوە".
باسی لەوەشکرد، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستیانە دوو لەسەر سێی ئەو
بڕیارانەی دادگاکە داویەتی لەبەرژەوەندی هەرێمی کوردستان بوە لەگەڵ ئەوەشدا "حکومەتی هەرێم دەتوانێت پاڵپشتی
بڕیارەکانی دادگاکە بکات، بەتایبەت لەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لەبەرژەوەندی
هەرێمی کوردستان دەریدەکات و حکومەتی ناوەند ناچێتەژێر باری جێبەجێکردنی، کورد
دەتوانێت لەو دادگایە سکاڵا تۆماربکات".
هاوکات کارمەند مەحمود، ئەندامى ژورى یاسایی بزوتنەوەى گۆڕان لە میانى
بەشداریکردنى لە دیدارەکە، رایگەیاند: سەربارى هەمو تێبینییەکان کورد دەبێت مامەڵە
لەگەڵ ئەو راستییەدا بکات کە دادگاى فیدراڵى بونى هەیە و کاریگەریی گرنگیشى هەیە
لە یەکلاییکردنەوەى پرسیە سیاسییەکانى تایبەت بە هەرێمى کوردستان، وتیشى: بەهۆى
هەموارى ساڵى 2021 پێگەى کورد لە دادگاکە لاواز بو، بەجۆرێک جگە لە هەڵوەشاندنەوەى
بڕیارى درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان و هەڵوەشاندنەوەى یاساى نەوت و
غازى هەرێم کە کاریگەریی گەورەیان لەسەر هەرێمەکە دانا و ئەو هەموارەى بە
نادەستورى ناوبرد، وتیشى: لە بابەتى پەیوەست بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان نەک
تەنها ماددەکەى بە نادەستوریی ناساند بەڵکو هەمواریشى کردەوە کە ئەوە کارى دادگاکە
نییە.
هەروەک دەڵێت: لەکاتێکدا ئێمە رەخنە لە کارەکانى ئەم دادگایە دەگرین،
دەبێت رەخنە لە خۆشمان بگرین، چونکە کورد هۆکارێک بوە بۆ ئەوەى دادگاى فیدراڵى
بڕیار لە دژى بدات، نمونەى ئەنجامنەدانى هەڵبژاردنى لەکاتى خۆیدا هێنایەوە و
رایگەیاند؛ گەر هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا بکرایە پێویست نەبو دادگاى فیدراڵى بڕیارى
لەبارەوە بدات، بۆیە دەبێت کورد ئەمە وەک زەنگێکى ئاگادارکردنەوە ببینێت چونکە لە
ساڵى 1992ـەوە تا ئێستا هیچ کاتێک هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا ئەنجام نەدراوە.