وتەبێژى بزوتنەوەی گۆڕان: هیوادارین لەو وادەى دیاریکراوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و زەمینەسازى بکرێ و جۆرێک لە کۆدەنگى نیشتمانى

02/07/2024

وتەبێژى بزوتنەوەی گۆڕان: هیوادارین لەو وادەى دیاریکراوە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و زەمینەسازى بکرێ و جۆرێک لە کۆدەنگى نیشتمانى

وتەبێژى بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت کە هیوادارن لەو وادەیەى دیاریکراوە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمان ئەنجامبدرێت و دۆخێکى سیاسی دروست ببێت کە جۆرێک لە کۆدەنگى نیشتمانى دروست بێت بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەکە، نەک ململانێى توند و دژ بەیەک وەک ئەوەى چەند رۆژێکە لە خیتابى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان وەک هەڵمەتى هەڵبژاردنى بێدەنگ دەستیپێکردوە ، "چونکە یەکێتى و پارتى بەم شێوازە لە مامەڵەکردن تەنیا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بەڵکو رەنگە زیان بە هەرێمى کوردستان و چارەنوسى قەوارەکەش بگەیەنن".

 

دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى دواین پێشهاتەکان و هەڵوێستى بزوتنەوەى گۆڕان پەیوەست بە هەلبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە ئۆکۆتبەرى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، رایدەگەیەنێت؛ هیوادارین ئاستەنگە سیاسى و دارایی و یاسایی و تەکنیکیەکان لاچوبێت بۆئەوەى لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردنەکە ئەنجامبدرێت و دۆخێکى سیاسیش دروست ببێت کە جۆرێک لە کۆدەنگى نیشتمانى دروست بێت بۆ ئەنجامدانى پڕۆسەکە، "چونکە هەرێمى کوردستان پێویستى بە هەڵبژاردنە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئیستا سەیرى هەرێمى کوردستان دەکات وەک قەوارەیەکى دەستورى کە لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردنى نەکردوە و دامەزراوەکانى نوێ نەکراوەتەوە و رەوایەتى دەنگدەرانى لەپشت نیە، بۆیە هیوادارین هەمو لایەنەکان بە گیانى بەرپرسیارێتى نیشتمانى سەیرى دۆخەکە بکەن و هەڵبژاردن لە 20ى ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت".

 

پەیوەست بە ململانێ و هێرشى میدیایی چەند رۆژى رابردودى پارتى و یەکێتى بۆسەر یەکتر، وتەبێژى گۆڕان دەڵێت: بەداخەوە ئەو ململانێ توندە زۆر دژ بەیەکەى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە وەک هەڵمەتى هەڵبژاردنى بێدەنگ دەستیپێکردوە ئەگەر لە چوارچێوەى یاسا و رێکارى سیاسى نەبێت و زمانێکى سیاسى بەرپرسیارى تێدا بەکارنەیەت و بیر لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نەکرێتەوە هیچ بەدورى مەزانە یەکێک بێت لەو ئاماژانەى دواخستنى ئەم وادەیەش کە دیاریکراوە".

 

دەشڵێت: ئێمە تکاکارین کە شێوازى موخاتەبەى یەکتر و هەڵمەتى هەڵبژاردن و بەکارهێنانى راگەیاندن و زمانى میدیای بەشێوەیەک بێت خزمەت بە پرۆسەکە بکات و زەمینەسازى بکرێ هەڵبژاردن لەکاتى خۆى بکرێ، بەدەر لەوە هەرێمى کوردستان زەرەر دەکات، چونکە یەکێتى و پارتى بەم شێوازە لە مامەڵەکردن تەنیا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بەڵکو رەنگە زیان بە هەرێمى کوردستان و چارەنوسى قەوارەکەش بگەیەنن".







هەواڵی زیاتر