هۆشیار عەبدوڵا: ئەوەى عەبدولمەهدی دەیکات کارە یاساییەکەیە نەک ئەوەى عەبادى دەیکرد
23/04/2019
ئەندامێکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رەخنە لە سیاسەتەکانى سەرۆک وەزیرانى پێشوى عێراق دەگرێت و رایدەگەیەنێت؛ ئەوەى عەبدولمەهدى دەیکات و پارەى هەرێم دەنێرێت کارێکى یاساییە و لە چوارچێوەى یاساى بودجەى عێراقدایە، نەک وەکو عەبادى ئەو موچەى فەرمانبەرانى هەرێم بۆ بابەتى دیکە بەکاربهێنێت.
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان رەخنە لەو لایەنە سیاسیانە دەگرێت كە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراقیان كردوەتە ئامانج بەهۆی ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەچوارچێوەی یاسا و بەپێی یاسای بودجە خەرج دەكات و دەڵێت:"ناتواندرێت سیاسەتی عەبدولمەهدی بەرامبەر هەرێم بە سیاسەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشو بەراورد بكرێت، كە ئەو موجامەلەی سەركردەی حیزبە كوردیەكانی دەكرد لەسەر حسابی بەرژوەندی هاوڵاتیانی هەرێم".
لەئێستادا گروپێك سیاسی و پەرلەمانتاری نزیك لە عەبادی، رەخنە لە عادل عەبدولمەهدی دەگرن بەوەى موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە دەکات و لەوبارەیەوە هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت:"موچەی فەرمانبەران لەچوارچێوەی یاسا دەدرێت و لەیاسای بودجەدا بڕیاری لەسەردراوە، بەڵام لەخولی پێشودا راستەوخۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشو موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بە رێژەیەكی دیاریكراو رەوانە دەكرد بەبێ ئەوەی هیچ چوارچێوەیەكی یاسایی هەبێت، و لەپێناوی رازیكردنی لایەنەسیاسیە كوردیەكان بو بۆئەوەی پشتیوانی بكەن بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی
ویلایەتی دوەم ، بەم جۆرەش جیاوازیەكی گەورە هەیە لەنێوان رێكاری ناردن لەلایەن عەبادی و عەبدولمەهدی".
هەروەک پێیوایە کە؛ وادەردەكەوێت عەبدولمەهدی تێروانینێكی رون و ستراتیژی هەیە بۆ چارەسەری پرسی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان و "نیەتی جدی هەیە بۆ چارەسەری ئەو كێشەیە و كێشە هەڵواسراوەكانی چەندین ساڵەی نێوان هەردولا ئەوەش تێروانینێكی ئەرێنیە و شایستەی ئەوەیە پشتیوان و هەمەهەنگی بین".
بەپێویستیشى دەزانێت کە دەرفەتی زیاتر بدرێتە سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی نێوان بەغداد و هەولێر چارەسەر بكات و دەشڵێت:"ئێمە پشتیوانی بنەمای شەفافیەت دەكەین لە پرسى نەوتدا و پێمانوایە پێویستە لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشرێت و گرنگترین شتیش ئەوەیە كە هاوڵاتیانی هەرێم باجی ناكۆكیەكان نەدەن، وەك ئەوەی لەسەردەمی عەبادی رویدا كاتێك خۆی لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو كێشەیە دزیەوە".