بزوتنەوەی گۆڕان: هەڵبژاردن بۆ دروستکردنی حکومەتێکی خزمەتگوزار و بەرپرسیار

01/08/2024

وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان کۆبونەوە، تێیدا جەخت لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی و چاودێریکردنی پرۆسەکە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دیپلۆماتکار و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەمە (٣١ی حوزەیرانی ٢٠٢٤)، لە ئۆفیسی سەرەکی یۆنامی لە هەولێر، دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان، هاوڕێ لەگەڵ کارزان گەردی بەرپرسی ئۆفسی هەولێری ژوری هەڵبژاردن، لەگەڵ فرانسیسک لاناو بەرپرسی ئۆفیسی یۆنامی لە هەرێمی کوردستان کۆبونەوە، پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دۆخی مافی مرۆڤ مژاری سەرەکی کۆبونەوەکو بو.

لە کۆبونەوەکەدا، ڕوانگەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە (٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)دا خرایەڕوو، جەختکرایەوە لە کاراکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتوەکان و چاودێران سەبارەت بە ئامادەکاری و بەڕێوەچونی پرۆسەکە و دەستەبەرکردنی لایەنی پاکێتی دەنگدان، بەشێوەیەک ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە؛ نەبێتەوە قەیرانێکی نوێی سیاسیی، بەڵکو دەستپێکی کردنەوەی گرێکوێرەی کێشەکان و کۆدەنگی لایەنە سیاسیەکان بێت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و بەرپرسیار، لە ئاست چاوەڕوانی و خواست و ویستی هاونیشتمانیان هەرێم بێت.

لای خۆیەوە، بەرپرسی ئۆفیسی یۆنامی، ئاماژەی بە یارمەتیە سیاسیی و تەکنیکی و لۆجستیەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان کرد، کە پێشکەش بە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت، بۆ بەڕێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن، هاوکاتیش بۆ چاودێری پرۆسەکە لە پەیوەندیدان لەگەڵ دیپلۆماتکار و ڕێکخراوەکان، کە زۆرترین چاودێری بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکە و قۆناغەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستەبەر بکەن.


هەواڵی زیاتر