ئافرەتانی گۆڕان، پیرۆزبایی لە ژنان و کچانی کوردستان دەکەن

08/03/2025

ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی یادی (٨)ی مارس لە ژنان و کچانی کوردستان دەکەن و رایدەگەیەنن: بەرز ڕاگرتنی (٨)ی مارس، واتە بەرزڕاگرتنی خەبات و تێکۆشان و هەوڵی ژنان لە جیهان و لە کوردستاندا، سەرەڕای بەشداری کردنیان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسی و شۆڕشدا، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی سیاسی و دارایی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بواری بۆ ژنان نەڕەخساند، کە لە سایەی ئەو تێکۆشانەیاندا دەستەبەری ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بکەن.

 

جەختیش دەکاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا گشتییەکان کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەتان لە روی دابینکردنی هەلی کار و دامەزراندن و تەندروستی بە خۆڕایی و کەمکردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆکردنی دادگاکان دور خستنەوەیان لە دەستێوەردانی دەسەڵاتداران و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی  باڵا بە خۆڕایی  و پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری   ئەرکیانە لە پێناو  بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لە هەموو کایەکانی ژیان.

 

دەقی راگەیەندراوەكە:

بۆ یادی (٨)ی مارس، بەناوی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان، پیرۆزبایی گەرم لەسەرجەم کچان و ژنانی کوردستان و جیهان دەکەین.

(٨)ی مارس یادێکی جیهانیە، رۆژێکی سیمبولی خەبات و تێکۆشانی ژنانە، لە بەرامبەر ستەم و زوڵم و نادادی و نایەکسانیدا.

بەرز ڕاگرتنی (٨)ی مارس، واتە بەرزڕاگرتنی خەبات و تێکۆشان و هەوڵی ژنان لە جیهان دا. هاوکات، ژنان لە کوردستاندا، سەرەڕای بەشداری کردنیان لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتی سیاسی و شۆڕشدا، بەڵام بەداخەوە هەلومەرجی سیاسی و دارایی و ئابوری و کۆمەڵایەتی بواری بۆ ژنان نەڕەخساند، کە لە سایەی ئەو تێکۆشانەیاندا دەستەبەری ژیانێکی شایستە و شکۆمەندانە بکەن.  

لەرووی کارگێڕی و داراییەوە وڵات ئەناڵێنێ بەدەست گەندەڵی و قەیران و نەبونی و هەژاری، بەم هۆیەوە ژنان پشکی شێریان بەرکەوتووە، گرفتی بێکاری و خراپی گوزەران و نەبونی رێژەیەکی باڵا لە دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، کاریگەری نەرێنی لەسەر پێگەی ژن و خێزان  دروست کردوە، هەروەها لەروی بەشداری کۆمەڵایەتی و دەستەبەری خوێندن و دابینکردنی خوێندنی خۆڕایی و تەندروستی گشتی و بەشداری لە کایەی سیاسی، بەهۆی گرفتەکانی جیاکاری و نادادپەروەری لە نێوان هاونیشتیمانیان و نەبونی چەسپاندنی چەمکی هاووڵاتیبون و جیاوازی کردن لە نێوان ئاست و گروپە جیاوازەکان، کاریگەری لەسەر نائومێدکردنی ژنان دروستکردوە،  کە هەست بە نادادی کۆمەڵایەتی بکەن.
تەنانەت لە ئاستە باڵاکانی بەڕێوەبردن و لە ناوەندەکانی بڕیار کچان و ژنان بوونیان هەبێت، پێویستە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافانەی ژنان هەیانە، هەربۆیە داواکاری لە پەرلەمان دەکەین پلانیان هەبێت لەچوارچێوەی پەسەندکردن و هەمواری یاساکان چارەسەری کەموکوریە دادیەکان بکەن.

جەختیش دەکەینەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا گشتییەکان کار بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ئافرەتان لە روی  دابینکردنی هەلی کار و دامەزراندن و تەندروستی بە خۆڕایی و کەمکردنەوە و نەهێشتنی توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سەربەخۆکردنی دادگاکان دور خستنەوەیان لە دەستێوەردانی دەسەڵاتداران و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندنی  باڵا بە خۆڕایی  و پەروەردەکردن و هۆشیارکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی رۆشنبیری   ئەرکیانە لە پێناو  بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لە هەموو کایەکانی ژیان.

لە کۆتایدا، بەرز و شکۆداربێت خەباتی ئافرەتان ، بۆ بەدیهێنانی کۆمەلگایەکی دادپەروەر.

ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان
   ٨ی مارسی ٢٠٢٥



هەواڵی زیاتر