وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان: ژیانی خەڵكی هەرێم لە حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرنگترە
31/05/2025
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت: پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەكان و پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێت، حكومەت پێكبهێندرێت، بۆ ئەوەی دامەزراوە نیشتیمانییەكانی هەرێم دانوستان لەگەڵ عێراق بكەن، دەشڵێت: ژیانی خەڵكی هەرێم لە حزبەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرنگترە، نەك هەرلایەنە و لەلایەك یاری بەقوت و موچەكانیان بكەن.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: نەخشتە رێگای بزوتنەوەی گۆڕانیان خستوەتەسەر مێزی گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكان كە چەند خاڵێكی گرنگی لەخۆ گرتوە، كە پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەكان، دەستەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێت، بەزویی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكبهێندرێت.
لەسەر چارەسەری كێشەكان و نەخشتە رێگای دانوستانەكان لەگەڵ بەغداد، وتیشی: بزوتنەوەی گۆڕان لەدەرەوەی كۆبونەوە قسەناكات، بەڵكو نەخشەرێگای چارەسەری كێشەكان ئامادە دەكات و لەسەر مێزی گفتوگۆ دەیخاتە بەردەستی لایەنە سیاسییەكان، هەروەها پێشی راگەیاندون كە پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییەكانی هەرێم بەرپرسیارێتی دانوستانێكی راستەقینە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی ئیتیحادی لەئەستۆ بگرن.
سەبارەت بە پێنەدانی موچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و موچەخۆران وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، نابێت لەنێوان كێشە سیاسییەكانی بەغداد و هەولێر سفرەی ماڵەكانی موچەخۆرانی هەرێم بەتاڵ بكرێت و نانی لەسەر نەبێت، كە لە ساڵی (2014)ـەوە بەهۆی كێشە سیاسییەكانی نێوان هەرێم و عێراقەوە سزای خەڵك دەدرێت.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان جەختیكردەوە كە؛ داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم ناشەفافە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێم داهات بەشێوەیەكی شەفاف بخاتەڕو، لە ئەگەری رێكنەكەوتنی هەردو حكومەتی هەرێم و عێراق، بۆ دابینكردنی موچەی مانگەكانی داهاتوی ساڵی (2025) دەتوانرێت بەداهاتی ناوخۆ موچەی موچەخۆران و دۆخی بازاڕ باشبكرێت؟ چونكە ژیانی خەڵكی هەرێم لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن گرنگترە، نەك هەرلایەنە و لەلایەك یاری بەقوت و موچەكانیان بكەن.
لەسەر ئەو لایەنەی كە پێویستە دانوستان لەگەڵ عێراق ئەنجامبدات، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان راشیگەیاند: لەدوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان، راگەیەندراوێك بڵاودەكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستە دامەزراوە نیشتیمانییە شەرعییەكان دانوستان ئەنجام بدەن و كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم راوێژكاری و پاڵپشی بێت بۆ دامەزراوەكان، بزوتنەوەی گۆڕان واژۆی لەسەر ئەو بڵاوكراوەنەكردوە.