وتاری دامەزاوەی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان لە دیداری گۆڕانخوازاندا
20/09/2025
دەقی وتارەكە كە لەلایەن مونیرە عوسمان پێشكەشكرا:
بەڕێزان.. ئامادەبوانی
خۆشەویست و گۆڕانخوازان و ئافرەتان
و کچانی پڕ لە وزەو هیوا
گەلێک خۆشحاڵین وەک
دامەزاوەی ئافرەتان لەم دیدارە گرنگەدا دەرفەتی گفتوگۆکردنمان لەگەڵ ئێوەی
خۆشەویستدا هەیە،
بێگومان
مێژووی وەرچەرخان و گۆڕانکاری و شۆڕش و جوڵانەوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و
فەرەهەنگییەکان لە دونیادا بێ ڕۆڵی بنەڕەتی و سەرەکی ئافرەتان توشی کورتهێنان و
نوچدان بونەتەوە، بە پێچەوانەشەوە لەهەر کاتێکدا بەشداری و ڕۆڵی ئافرەتان لە مێژووی
کۆن و نوێی سیاسی و لەبەرخودان و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان هاوشانی پیاوان ڕۆڵی
گرنگیان لە سەرکەوتنەکاندا بینیوە.
بۆ زیاتری پێگە و ڕۆڵی
ئافرەتان لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا پێویست و گرنگە بە دیدێکی سەردەمیانە و شارەستانیانە بڕوانینە
خەبات و تواناكانیان و زەمینەی بەشداریکردنیان لە تەواوی ئاستەكانی سیاسی و
ڕێکخراوەیی و حوکمڕانی بۆ بڕەخسێنرێت و دەروازە و ڕێگاکان لە بەردەمیاندا واڵاتر بکرێن..
ڕوون و ئاشکرایە ئافرەتان لە سەرەتای درورستبوونی
بزووتنەوەی گۆڕانەوە شان بە شانی برا و هاوڕێکانمان لە تەواوی ئۆرگان و هەردوو
تیمی حکومەت و فراکسۆنەکانی پەڕلەمان و ئەنجومەنە خۆجێیەکاندا، بە دڵسۆزی و سەربەرزانە
و بەوپەڕی بەرپرسیاریێتیەوە ئەرکەکانی سەرشانیان بەجێگەیاندوە، لەڕابردوو و
ئێستاشدا بزووتنەوەی گۆڕان متمانەی
بەتوانا و لێهاتوی ئافرەتان هەبووە و هەیە، لەو ڕوانگەیەوە لە دوو خولی پەرلەمانی
کوردستاندا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستاندا ئافرەت بوون، هەروەها
لە لیژنەی ئامادەکردنی ڕەشنوسی دەستووری هەرێمی کوردستان و لە ئەنجومەنی کۆمۆسیۆنی
سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان ئەندامەکەی ئافرەت بوون و لە جومگەکانی
حوکمڕانیدا لە پلەی وەزیرەوە تاوەکو بەڕێوەبەری گشتی و ڕاوێژکار و ئاستەکانی
دیکەدا ڕۆڵ و جێدەستیان دیاربووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لێبڕاوانە کاری سیاسی و ڕێکخراوییان
جێبەجێكردوە و تا ئەم ساتەوەخته بەردەوامن و ڕۆڵی دیار و بەرچاوییان هەیە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی لە
بەردەم ئامادەبوانی بەڕێزی ئەم دیدارەدا جەخت لە بەردەوامی خەبات و تێکۆشانی خۆمان
بکەینەوە، کە سەرباری ئاستەنگەکان لە باشوری کوردستان پێگە و ڕۆڵی ئێمەی ئافرەتان
لە مەیدانی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەییدا هاوشانی ئافرەتانی باکور و ڕۆژئاوا و
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە و بەردەوامین، هەرچەندە لە ناوەندی بڕیاری سیاسیدا لەئاست
خواست و چاوەڕوانییەکانی ئێمەدا نەبووە.
بەڕێزان بەشداربوانی دیداری گۆڕانخوازان.. وەك لە دەستپێکی
ئەم وتارەدا ئاماژەمان بە ڕۆڵی ئافرەتان لە نێوی بزووتنەوەی گۆڕاندا کردوە.
پێویستە لەم قۆناغە هەستیار و نوێیەشدا لە نێو بەرنامەی
سیاسیی و ناوەندی دروستکردنی بڕیارەکانی
بزووتنەوەکەماندا دەنگ و پێگە و ڕۆڵی ئافرەتان باشتر و بەهێز تر و کاریگەر تر
بکەین..
لەدوای ئەو
ئاڵوگۆڕانەی لە هەمبەر پڕۆسەی
بەخۆداچونەوە و خۆڕێکخستنەوەی بزووتنەوەکە هاتۆتە ئاراوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا
بزووتنەوەی گۆڕان بەشیاو و گونجاوی دەزانێت کە دامەزراوەیەکی تایبەت بە کاروباری
ئافرەتان وەک ئۆرگانێکی ڕێکخراوەیی و بەشێک لە پەیکەری بزووتنەوەکە دابمەزرێنرێت، هەر
یەک لە بەڕێزان ڕێکخەری گشتی و جڤاتی نیشتمانی بە ڕاوێژ لەگەڵ شارەزایان و
ئافرەتانی خاوەن ئەزموون لە کاری ڕێکخراوەیدا بە مەرجێک دامەزراوەكە لە چوارچێوەی
پەیڕەوی ناوخۆ و سیاسەتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕاندا بێت، وەک ناوەندێکی کارایی
ڕێکخراوەیی کارەکانی دامەزراوەکە ڕایی بکات.
خۆشبەختانە لە ئێستادا
بە پشتیوانی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێز( دانا ئەحمەد مەجید) و بەهاوکاری
و کۆمەکی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و گشتی و ژوور و باژێڕوان و بازنە و
ڕایەڵەکان بەکردارەکی هەنگاوەکانی پڕۆسەی
بونیاتنانی دامەزراوەی ئافرەتان دەستیپێکردوە. بەشێک لە ئافرەتانی هەڵسوڕا و
ئەندامان لە هەموو ئاستە جیاجیاکانی بزووتنەوەی گۆڕاندا ئامادەیی خۆیان له
پشتیوانیکردن و سەرپێخستنی کارەکان و پێکهێنانی دامەزراوەکە دەربڕیوە، بۆ ئەو
مەبەستە بە ڕاوێژ و گفتوگۆی بەشێك لە ئافرەتانی گۆڕان و بە هەمەهانگی ژووری یاسایی
گۆڕان ڕەشنوسێك بۆ پەیڕەوی ناوخۆیی دامەزراوەكە ئامادەكراوە.
گرنگی و پێوستی پێکهێنانی دامەزراوەی ئافرەتان بەچەند
خاڵێك بۆ بەرێزتان دەخەینەڕوو:
یەکەم/ تێگەیشتن و
ئاگاداربوون لە كێشەكانی ئافرەتانی بزووتنەوەكە و بایەخپێدانیان و گوێگرتن و
بەدەنگەوەچوون لە خواست و داواکاری ئەو
ئافرەتانەی لە ئۆرگانە جیاجیاکاندا کاری ڕێکخراوەیی و سیاسی دەکەن.
دووەم/ بە ڕێگا و میکانیزمی
جیاجیا دامەزراوەی ئافرەتان بەپێی كارنامەی دامەزراوەكە ئەركی کردنەوەی خولی
پەروەردەیی سیاسی و ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی و هونەری سەرکردایەتیکردن بۆ ئافرەتان
لە ئەستۆ دەگرێت.
سێیەم/ دامەزراوەی
ئافرەتان پەیوەندی و هەمەهانگی لەگەڵ ڕێکخراو و دامەزراوەکانی پارت و گروپە سیاسی و مەدەنییەکانی ناوە و دەرەوەی
هەرێمی کوردستان برەو و پەرەی زیاتر پێبدات.
لەکۆتاییدا هیوادارین بە هەوڵی لێبڕاوانە و هیمەتی
گۆڕانخوازان بزووتنەوەکەمان بکەینەوە هێزێکی کارا و کاریگەر بۆ ئاشتکردنەوەی خەڵک
و گەڕانەوەی هیوا و متمانەی سیاسی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان و هاوڵاتییانی
کوردستاندا..
چوارەم/ ئەرکی دامەزراوەی
ئافرەتانی بزووتنەوەی گۆڕان هاندان و جۆشدان و کاراکردنەوەی ڕۆڵی ئافرەتان بە
ژیانی ڕێکخراوەیی و کایەیی سیاسەتکردن و توندتۆڵکردنی پەیوەندی نێوان ڕایەڵە و گروپەکانی
فشار و ڕووبەری گشتی و کۆمەڵگە و بە هێزکردنەوەی بڕوا و ئینتیمای نیشتمانی و
نەتەوەیی.
دووبارە بەهیوای سەرکەوتن بۆ
بزووتنەوەی گوڕان..
زۆر سوپاس بۆ هەموو لایەک..