راگەیەندراوی کۆتایی دیداری گۆڕانخوازان

20/09/2025

 

 

دەقی راگەیەندراوی کۆتایی دیداری گۆڕانخوازان كە دلێر عەبدولخالق وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان پێشكەشی كرد:

ئەمڕۆ، شەمە (٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥) دیداری گۆڕانخوازان بە بەشداری (١٤٢٠) هەڵسوڕاو و گۆڕانخواز لە هەرێمی کوردستان، کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و نوێنەرایەتی ڕەوەندی کوردی بەسەرکەوتویی لە شاری سلێمانی کۆتایی بەکارەکانی هێنا.
دیداری گۆڕانخوازان، هەوڵێکی ڕژدە بۆ بەهێزکردنەوەی پەیکەرەی ڕێکخراوەیی و ڕێکخستنەوەی گۆڕانخوازان، هاوکات پڕۆژەیەکی گشتگیرە بە ئیرادە و بڕوابەخۆبونێکی بەهێزەوە؛ خۆئامادەکردنە بۆ کۆنفرانسی گشتی و دانانی بەرنامە و ستراتیژێکی پێویست بۆ ئەگەر و پێشهاتە سیاسیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.
پاشەکشێی کاتی بزوتنەوەی گۆڕان بە پرۆسەی سیاسیی هەرێمەوە دیارە، لەو واقعیشدا دەریشکەوت بەدیلی گۆڕان هەر گۆڕانە، بۆیە ئێستاش درەنگ نەبووە بۆ گۆڕین و بەدستهێنانەوەی متمانە و پشت بەستن بە خەڵکی خۆمان، ئێمە بۆ ئەو ئاڵنگاریە ئامادەین و نەفەسدرێژ و ئارامین.
لەم دیدارە جەماوەریەدا، چەند بڕیار و ڕاسپاردەیەک لەلایەن گۆڕانخوازانەوە گەڵاڵە کرا، کە وەک هەنگاوی کرداری، بۆ داهاتوی نزیک بزوتنەوەی گۆڕان، کاریان لەسەر دەکات و هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات، لەوانە:
١. خۆئامادەکردن بۆ بەستنی کۆنفرانسی گشتی، لەژێر چاودێری و ڕێنمانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکانی عێراق.
٢. بەسەرپەرشتی بەڕێز دانا ئەحمەد مەجید، لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێندرێت؛ بۆ کۆکردنەوە و بژاردکردنی باری سەرنج و پێشنیاز و بۆچونەکانی هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان، بەمەبەستی گوێلێگرتن و بەهەندوەرگرتنی ئاڕای ئۆرگانەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چوارچێوەی کاری ڕێکخراوەیی و گۆڕانکاری پێویست.
٣. داڕشتنەوەی نەخشەڕێگای سیاسیی و گوتاری سیاسی، کە هەڵقوڵاوی داخوازییە ڕەواکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت، لەچوارچێوەی خۆڕێکخستنەوە و دروستکردنی بڕیاری سیاسیی سەبارەت بە پرسە سیاسیەکان و ئەو پرۆسە گرنگانەی لەژیانی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕودەدەن.

 

٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٥
تەلاری هونەر- سلێمانی


هەواڵی زیاتر