شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریی لە دیدارێکی پەیوەست بە دۆزی کورد دەكات لە بەریتانیا

05/11/2025

وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان بەشداریی هەشتەمین میوانداری ساڵانەی (SME4Labour) كرد كە لەشاری لەندەن بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونی سەدان سیاسەتمەدار و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان و پەرلەمانتارانی پارتی كرێكاران رێكخراو, لە دیدار و گفتوگۆكاندا روانینی بزوتنەوەی گۆڕان پەیوەست بە دۆزی رەوای كورد و پڕۆسەی هەڵبژاردنو دیموكراسی و پێویستی پاڵپشتی وڵاتان بۆ پشتیوانی لە مافە رەواكانی گەلی كورد رونكرایەوە.

دیدارەكە لە لەندەنی پایتەختی بەڕیتانیا میوانداریی فراوانیی SME4Labour، بە بەشداری زیاتر لە 100 سیاسەتمەدار و نوێنەری لایەنە سیاسیی و جیاوازەکان و پەرلەمانتاران بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک تاکە لایەنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان بانگهێشتکرابوو بۆ بەشدارییکردن لە دیدارەكە و پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)ش لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشداربوو.

لە دیدارەكەدا كە هەریەك لە جوانڕۆ محەممەد پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان و مونیرە عوسمان ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، فوئاد جەمال ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی کوردی، سیروان سەعید بەرپرسی گۆشەی بەڕیتانیا، دڵشاد حافز ئەندامی جڤاتی گشتیی و عەلی خدر بەرپرسی ئەنجومەنی بەڕیتانیا، بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارییان كرد، گفتوگۆ كرا لەبارەی چەند پرسێكی جیاواز و شاندی گۆڕانش جەختیان لە بەدەستهێنانی پاڵپشتیەکانی دەرەوە بۆ دۆزی کورد و پرسە نیشتیمانیی و نەتەوەییەکان کردەوە.

فوئاد جەمال لەبارەی دیدارەكەوە ڕایگەیاند: لەم كۆنفرانس و دیدارەدا چەندین گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەمان لەگەڵ ژمارەیەک لە سیاسەتمەداران و بڕیاربەدەستانى پارتەکە و پەرلەمانتاری بەریتانیا ئەنجامدا بۆ گەیاندنى ئاڵنگارى و مەترسییەکان و بەدەستهێنانى پشتیوانى بۆ دۆزى کورد.

هاوكات بەناوی بزوتنەوەی گۆڕانەوە سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی SME4Labour کرد بۆ ئەوەی لە سەرجەم کۆنفرانسەکانیان بانگهێشتی تایبەت ئاڕاستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن و وتی: ئەم بەشداریکردنە گرنگە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دەرفەت بۆ گفتوگۆ و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی بەریتانیا و بەهێزکردنی دیپلۆماسیی حیزبی.


هەواڵی زیاتر