سۆشیال میدیا و کاریگەریی لەسەر حکومڕانیی دروست، پێشكەشی میدیاكاران كرا
20/12/2025
ئەمڕۆ شەممە (٢٠ی ١٢ی ٢٠٢٥)، لە شاری سلێمانی لە مەڕاسیمێکدا ناساندنی کتێبی (سۆشیال میدیا و کاریگەریی لەسەر حکومڕانیی دروست، لە هەرێمی کوردستاندا) بە ئامادەبونی سەندیکای رۆژنامەنوسان و سەنتەری میترۆ و ژمارەیەک لە میدیاکارانی مەیدانی و پەیامنێران بەڕێوەچو.
لە مەڕاسیمەکەدا، دلێر عەبدولخالق، توێژەر و نوسەری کتێبەکە، ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەم کتێبە لە بنەمادا ماستەرنامەیەکە و پێشکەشی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی کراوە، وەک رێزگرتن و نرخاندنیش بۆ هەوڵ و ماندوبونی میدیاکاران و پەیامنێرانی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بە پێویستمانزانی یەکەم مەراسیمی ناساندنی پەرتوکەکە بۆ ئەوان بێت.
سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە، دلێر عەبدولخالق باسی لەوەکرد، ئەم پەرتوکە باس لە کاریگەرییەکانی پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا لەسەر حکومڕانی دروست لای دەستەبژێری سیاسی کوردستان دەکات و بەشی یەکەمی پەرتوکەکە باس لە میتۆدنامە و کێشەی بەردەم توێژینەوەکە دەکات و لەوبارەیەوە وتی:"لە کتێبەکەدا هەوڵمداوە بابەتیانە و زانستیانە بەدوای دەرەنجام و هەنگاوەکاندا بگەڕێم دور لە بیرکردنەوە و ئایدیای شەخسی و تێیدا پلاتفۆڕمی فەیسبوک وەکو سامپڵ وەرگیراوە، کە تێێدا چۆن ئەو پلاتفۆڕمە لە ئامڕازی پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەوە گوازراوەتەوە بۆ ئامڕازی پەیوەندی سیاسیی، کە زۆرجار دەبێتە ئامرازێک بۆ خەڵکی هەژار و بێدەرەتان و ئەوانەی دەنگیان نابیسرێت، بە جۆرێک کە زۆرجار باس لە دیموکراسییەتی فەرامۆشکراوەکان دەکرێت، مەبەست لەو دەرفەتەیە، کە سەکۆ و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکان بۆ خەڵکیان ڕەخسانەوە".
لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، توێژەر باس لەوە دەکات کە چۆن سۆشیال میدیا وەکو چەکێکی دوسەرە بەکاردەهێندرێت، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن بەشێوەیەکی تەندروست بەکاردەهێندرێت؛ دەبێتە ئامڕازێکی یاریدەدەر بۆ گەشەپێدانی حکومڕانییەکی لێوەشاوەتر و دیموکراسیتر، هەروەها چالاککردنی دامەزراوەکانی حوکومڕانی، وە بەپێچەوانەشەوە دەکرێ سۆشیال میدیا خۆی ببێت بە ئامڕازی نەهێشتنی متمانەی سیاسیی و دروستبونی دڕدۆنگی سیاسیی و جیاکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکان.
دلێر عەبدولخالق بە داتا و ژمارە باسی لە وردەکاریی توێژینەوەکە کرد و وتی؛ کۆمەڵگەی توێژینەوەکە بریتییە لە هەرێمی کوردستان و دابەشی دو گروپ کراون، کە گروپێکیان دەسەڵاتە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکان و بەشێک لە کارەتەرەکان لەوانە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان، گروپی دوەمیش بریتین لە دەسەڵاتە نافەرمییەکانی سیستمی حوکومڕانی وەکو حیزبەکان و میدیاکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییە و بە کۆی گشتی (240) بەرتوێژ بەشدارییان تێدا کردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە یەکێک لەو خاڵانەی لە توێژینەوەکەدا جێگەی سەرنجە ئەوەیە، لە کۆی (143) کەس کە بەرپرسیارێتی فەرمییان هەیە لە هەرێمی کوردستان لە سەرۆکی هەرێم و جێگرەکانی، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی، پەرلەمانتارانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری، توانیومانە دەستمان بگات بە (65٪)ی کارەکتەرەکان و ڕوانگەی خۆیان لەم کتێبەدا لەڕێگەی فۆڕمی ڕاپرسییەوە خستوەتەڕو کە ئەوان چۆن دەڕواننە پلاتفۆڕمەکانی سۆشیالمیدیا و فەیسبوک و چەندێک کاریگەریی لەسەر بڕیارەكانیان هەیە.
هەروەک دوپاتی کردەوە، کە خاڵی گرنگی پڕۆژەکە ئەوەیە، کە ئایا لەگەڵ پەیدابون و گەشەکردنی تەکنەلۆژیای پەیوەندیکردن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا، ئەم پلاتفۆڕمانە وە بەکارهێنەرانیان، توانیویانە بەهۆی ئەو هەڵمەت سەرنج و کۆمێنت و پەیجانەی میدیاکان کە هەیانە، توانیویانە کاریگەرییان لەسەر ئەو بڕیارانە هەبێت کە دڵخوازی خەڵک نین؟ وە دواتر کاریگەرییان هەبێت لەسەر دروستکردن و گۆڕانکاریی لە بڕیاری سیاسیی، بەشێوەیەک کە خەڵک هەستبکات ئەم دنیا مەجازییە نابەرجەستکراو و دەستکاری نەکراوە کاریگەریی لەسەر دونیا واقعییەکە هەیە. دواتر نوسەر كتێبەكەی پێشكەشی ئامادەبوان كرد.
فۆتۆ: محەمەد خەلیفە