نوێنەرایەتی گۆڕان لەبارەی ڕۆژائاواوە یاداشتێك دەداتە پەرلەمانی ئەڵمانیا
15/01/2026
لە چوارچێوەی چالاکییە بەردەوامەکانی ڕەوەندی کوردی لە ئەوروپا،
هەردوو شاری دوسڵدۆرف و کۆڵن لە وڵاتی ئەڵمانیا بوونە مەیدانی گردبوونەوەیەکی جەماوەریی
فراوان بۆ پشتیوانیکردن لە خۆڕاگریی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و سەرکۆنەکردنی
هێرشە خوێناوییەکانی ئەمدواییەی ناوچەکە.
لە شاری دوسڵدۆرف؛ گەیاندنی یاداشتنامەی فەرمی
خۆپیشاندانە گەورەکەی دوسڵدۆرف لە بەردەم باڵەخانەی پەرلەمانی
ویلایەتەکە بەڕێوەچوو، کە تێیدا نوێنەرانی هێز و لایەنە کوردستانییەکان و چەندین پارتی
سیاسیی ئەڵمانی بەشداربوون. بەشداربووان بە دروشمەکانیان پشتیوانی خۆیان بۆ دانیشتووانی
گەڕەکەکانی (شێخ مەقسود و ئەشرەفیە) لە حەلەب دەربڕی و هێرشە چەواشەکارییەکانی ڕژێمی
سووریا و گروپە توندڕەوەکانیان شەرمەزار کرد.
لەلایەكی ترەوە ئێوارەی ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، لە شاری
هایلبرۆنی وڵاتی ئەڵمانیا، ڕەوەندی کوردی بە بەشدارییەکی بەرچاو گردبوونەوە و خۆپیشاندانێکی
فراوانی بۆ پشتگیریکردن لە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا.
لە چالاکییەکەدا، میران ساڵح، ئەندامی ژووری ڕەوەندی کوردی
بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK)، لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی
بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییەکی کارایان کرد. ئامادەبووان بە توندی پرۆتێستی ئەو جینۆساید
و هێرشە هەمەجییانەیان کرد کە کرانە سەر گەڕەکەکانی (ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود) لە شاری
حەلەب کە زۆربەی دانیشتووانیان کوردن.
پەری ئەحمەد بە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی گۆڕان،
یاداشتێکی فەرمی "ژووری ڕەوەندی کوردی" ڕادەستی نوێنەرانی پەرلەمانی ئەڵمانیا
کرد. لە یاداشتەکەدا داوا کراوە کە ئەڵمانیا ڕۆڵی کاریگەری خۆی بەکاربهێنێت بۆ: (ڕێگریکردن لە کارەساتی مرۆیی و
قڕکردنی ڕەگەزی کورد، وەستاندنی داگیرکارییەکانی سەر
خاک و ئاوی ڕۆژئاوا و پاراستنی مافی نەتەوەیی و مرۆیی
کورد لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا).
لە شاری کۆڵن-یش، کوردستانیان لە ١٠-٠١-٢٠٢٥ بە هەمان مەبەست گردبوونەوەیەکی هاوشێوەیان
ئەنجامدا. بەشداربووانی کۆڵن جەختیان لە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان کردەوە لە بەرامبەر
ئەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی ڕۆژئاوا بوونەتەوە و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد
کە چیتر لە ئاست ئەو تاوانانە بێدەنگ نەبن کە بەرامبەر بە مەدەنییەکان ئەنجام دەدرێن.
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و جەماوەرییەی کوردانی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە
کە دۆخی ناوچە کوردییەکان لە سووریا ڕووبەڕووی ئاڵۆزییەکی زۆر بووەتەوە و مەترسیی کۆچبەری
زۆرەملێ لەسەر دانیشتووانەکەی هەیە