لەندەن؛ بزوتنەوەی گۆڕان لۆبی بۆ پاراستنی ڕۆژئاوا دەكات
21/01/2026
لە
کاتێکی هەستیاردا کە ناوچە کوردییەکانی باکووری سووریا و ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی
شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی و ئاوارەبوون بوونەتەوە، وەفدێکی بزووتنەوەی گۆڕان بە
سەرپەرشتی ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی کوردی، لە شاری لەندەنی پایتەختی شانشینی
یەکگرتوو بەشدارییان لە زنجیرەیەک دیداری سیاسی و دیپلۆماسیی ئاستبەرزدا کرد.
لەم
دیدارانەدا کە لە ژێر سایەی پەرەسەندنی مەترسییەکان لەسەر خەڵکی سڤیل لە حەلەب و
ڕۆژئاوا بەڕێوەچوو، وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان جەختیان لە پێویستی هەڵوێستی توندی
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان. بەشداربووان داوایان کرد
پارێزگاری لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەک کورد، ئێزدی و مەسیحییەکان
بکرێت و هاوکارییە مرۆییەکان بەبێ بەربەست بگەنە ناوچە لێقەوماوەکان.
بەشێکی
تری چالاکییەکان بریتی بوو لە بەشداریکردن لە ئێوارەخوانێکی سیاسی کە لەلایەن
سەنتەری پێشکەوتنی کورد (Kurdish Progress) ڕێکخرابوو. لەم
کۆبوونەوەیەدا کە بە ئامادەبوونی ئەبرۆ گونای، وتەبێژی کاروباری دەرەوەی پارتی
یەکسانی و دیموکراسی گەلان (DEM) بەڕێوەچوو،
گفتوگۆی ورد لەسەر بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و گرنگیی هەماهەنگی نێوان لایەنە
کوردییەکان لەم قۆناغەدا کرا.
وەفدەکەی
بزووتنەوەی گۆڕان بەشدارییان کرد لە دیداری "بەشداریی ئەرێنی ڕەوەندی کوردی
لە کۆمەڵگەی بەریتانییدا" کە بە دەستپێشخەریی سەرباز بەرزنجی (ڕاوێژکاری
سەرۆکی پارتی لەیبەر) و ئیبراهیم دۆگاس (سەرۆکی کوردش پرۆگرێس) ڕێکخرابوو.
لەم
دیدارەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا ئامادەی بوون، پارێزگاری
سلێمانی وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ناوچەکە و جەختی
لەسەر "گرنگیی یەکبوونی گەلی کورد" کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری
ڕەوەندی کوردی کرد لە بەهێزکردنی دەنگی کورد لە ناوەندە بڕیاردەرەکانی جیهاندا و
داوای کرد تواناکانی ڕەوەند بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە نیشتمان
ڕێکبخرێنەوە.
بەشداربووان
لە کۆتایی دیدارانەدا دووپاتیان کردەوە کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و
پشتگیریکردنی مافەکانی کورد لە پارچەکانی تری کوردستان، پێویستی بە یەکدەنگی و
لۆبییەکی نێودەوڵەتی بەهێز هەیە. چالاکییەکانی لەندەن وەک هەنگاوێکی ستراتیژی
بینران بۆ دروستکردنی فشار لەسەر ئاستی جیهانی بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر
هەڕەشەیەک کە ڕووبەڕووی دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەبێتەوە.
هاوكات لەگەڵ ئەم چالاكییە، نوێنەرایەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرجەمی وڵاتان بەشداری كارا و چالاكی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەكان دەكات بەرامبەر داگیركاری و هێرشی سەر كوردانی ڕۆژائاوا.