ئەنجومەنی قەزای هەولێری گۆران: ئازادکردنی هەولێر بەرهەمی یەکگرتویی و یەکڕیزی بو
11/03/2026
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێری بزووتنەوەی گۆڕان، لە ساڵیادی ڕاپەڕینی شاری هەولێردا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاپەڕینی جەماوەریی گەلی کوردستان وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئازادی بووە، کە بە پلان و نەخشەی ژیرانەی "نەوشێروان مستەفا" و یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە تۆمار کراوە.
ئاماژەی بەوە کردووە، ڕاپەڕینی ١١ی ئازاری ١٩٩١ی شاری هەولێر، داستانێکی شکۆداری یەکگرتوویی بوو کە تێیدا جەماوەری شارەکە بە ئیرادەیەکی نەتەوەییەوە تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێمی بەعسیان ڕاماڵی و قەڵای هەولێریان کردە سیمبولی سەرکەوتن. ڕاگەیەندراوەکە جەختی کردووەتەوە کە ١١ی ئازار تەنها بۆنەیەکی سەربازی و سیاسی نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و کەلتووری هەیە و هێمای خۆڕاگریی گەلی کوردە.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: "پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین تەنها بە بونیادنانی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و دادپەروەر دەبێت، بە جۆرێک کە هەولێری پایتەخت و تەواوی شارەکانی کوردستان موڵکی هەمووان بن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخرێتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە." مەکۆی هەولێری گۆڕان دووپاتی دەکاتەوە کە دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان، باشترین وەفادارییە بۆ ئامانجەکانی ڕاپەڕین.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە
مەکۆی هەولێر: ئازادکردنی هەولێر بەرهەمی یەکگرتویی و یەکڕیزی بو
ڕاپەڕینی سەرتاسەریی گەلی کوردستان دژ بە ڕژێمی داگیرکەری بەعس، وەرچەرخانێکی مێژوویی و سەرەتای قۆناغێکی نوێی ئازادی نیشتمانەکەمانە،بەسود وەرگرتن
لە هەلومەرجە لەبارە نێودەوڵەتییەکان و پلانی وردی سەرکردایەتی سیاسی، بەتایبەت ڕۆڵ و نەخشەی ژیرانەی (نەوشێروان مستەفا) تۆمار کرا ،،
ڕاپەڕینی شاری هەولێر لە ١١ی ئازاری ١٩٩١ بەرهەمی داستانێکی شکۆداری یەکڕیزیی گەل و پێشمەرگە بوو ،لەو ڕۆژەدا جەماوەری شاری هەولێر بە ویستێکی نەتەوەیی و کوردانە ڕژانە شەقام و کۆڵانەکان و لەماوەیەکی پێوانەییدا تەواوی دامودەزگا داپڵۆسێنەرەکانی داگیرکەریان ڕاماڵی و قەڵای هەولێریان کردە سیمبولی سەرکەوتنی ئیرادەی گەل،
بۆیە 11ی ئازار تەنها بۆنەیەکی سەربازی و سیاسی نەبووە، بەڵکو رەهەندی کۆمەڵایەتی و کەلتوریشی هەبووە وەبووە هێمایەک بۆ خۆڕاگری و یەکگرتوویی گەلی کورد،
وەکو مەکۆی هەولێری گۆڕان،جەخت دەکەینەوە،
لەسەر ئەو هێڵە ڕاستگۆیانەیەی باوەڕمان پێیەتی،
پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین بەبونیادنانی حوکمڕانییەکی مۆدێرن و دادپەروەر دەبێت،هەولێری پایتەخت و هەموو شارەکانی کوردستان موڵکی هەمووان بن و بەرژەوەندیی نیشتمانی لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت،کارکردن بە گیانێکی نیشتمانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتییان،باشترین وەفادارییە بۆ ئەو ئامانجانەی ڕاپەڕینی لە پێناودا ئەنجام درا،
لەم یادە پڕ لە سەروەرییەدا،سەری ڕێز و نەوازش بۆ تەواوی گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنین و بەتایبەت ناوی ژنە تێکۆشەر و سیمبولی خۆڕاگریی هەولێر ،شەهید (خەجە باوە)بەرز ڕادەگرین، کە بە خوێنی خۆی بووە ناسنامەی شکۆ و بەشداریی ژنانی کورد لە داستانی ڕزگارکردنی پایتەختدا.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
ئەنجومەنی قەزای ناوەندی هەولێری گۆڕان
١١ی ئازاری ٢٠٢٦