لەندەن؛ گۆڕان لە کەرنەڤاڵێکی نەورۆز پەیامی یەکڕیزی نەتەوەیی هەیە
23/03/2026
لە کەشێکی نەتەوەیی و جەماوەریی شایستەدا، ڕەوەندی کوردی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیا، کەرنەڤاڵی سەری ساڵی کوردی و جەژنی نەورۆزیان لە Finsbury Park بەڕێوەبرد. لە چالاکییەکەدا کە هەزاران کەس لە دیاسپۆرای کوردی و دەیان هەڵسوڕاوی بزوتنەویە گۆڕان و دۆستانی گەلی کورد، لە نێویاندا پەرلەمانتاران و نوێنەرانی حکومەتی خۆجێیی بەریتانیا بەشدار بوون، جەخت لەسەر پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و یەکدەنگی کوردان لە تاراوگە کرایەوە.
بزووتنەوەی گۆڕان یەکڕیزی بنەمای گەیشتنە بە ئامانجەکان
سیروان سەعید، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی و بەرپرسی گۆشەی بەریتانیای بزووتنەوەی گۆڕان، لە بۆنەكەدا وتاری بزووتنەوەکەی پێشکەش کرد و وێڕای گەیاندنی پیرۆزبایی گەرمی ڕێکخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، تیشکی خستە سەر پێویستیی قۆناغەکە بۆ تەبایی نێوان لایەنەکان.
لە وتارەی بزوتنەوەی گۆڕاندا جەخت لە گرنگی یەکڕیزی نەتەوەیی و بەردەوامی خەبات کرایەوە تێیدا هاتووە: تەنها لە ڕێگەی یەکگرتوویی و هەماهەنگیی نێوان هێزە کوردییەکانەوە دەتوانرێت پارێزگاری لە دەستکەوتەکان بکرێت و بەرەو ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان هەنگاو بنرێت.
لای خۆیەوە فوئاد جەمال، ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی کوردی بزوتنەوەی گۆڕان، بە نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) وتارێکی پڕ بایەخی پێشکەش کرد. ناوبراو نەورۆزی وەک جەژنی بەرخۆدان و ئازادی وەسف کرد و وتی نەورۆز تەنها جەژنێک نییە، بەڵکو مێژوویەکی درێژی خەبات و هێمای ڕاپەڕینە بەسەر زوڵم و ستەمدا.
فوئاد جەمال ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی ئیرادەی نەتەوەییە و داوای کرد
• دوورکەوتنەوە لە دابەشبوون بۆ ئەوەی کورد بە یەکدەنگی لە ئاستی جیهاندا ئامادە بێت.
• پاراستنی دەستکەوتەکان وەک ئەرکێکی لەپێشینەی هەموو کوردستانییەک.
• ڕۆحی بەرخۆدان بڕژێنە مەیدانەکان و نەورۆز بکەنە جەژنی سەرکەوتن.
ئەم بۆنەیە کە بە یەکێک لە گەورەترین و ڕێکخراوترین چالاکییەکانی کۆمەڵگای کوردی لە دەرەوەی وڵات هەژمار دەکرێت، بووە مەیدانێک بۆ پیشاندانی یەکگرتوویی کوردان. ئامادەبوونی بەرپرسانی بەریتانی لە تەنیشت نوێنەرانی لایەنە کوردییەکان، پەیامێکی سیاسی بەهێز بوو بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناو دیاسپۆرا.
کەرنەڤاڵەکە بە نمایشە کولتوورییەکان و جۆش و خرۆشی جەماوەری کۆتایی هات، کە تێیدا پەیامی ئازادی و یەکێتی وەک دروشمی سەرەکیی ئەمساڵی نەورۆز لە لەندەن دەنگیدایەوە.
وتاری بزوتنەوەی گۆڕان بۆ نەورۆز
خوشک و برایانی بەڕێز،
ئامادەبووانی خۆشەویست لێرە لە فینزبری پارک،
سڵاو و ڕێز بۆ هەمووتان،
سەرەتا بەناوی ڕیکخەری گشتی بزوتەنوەی گۆڕان و تەواوی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و ژوری ڕەوەندی کوردی پیرۆزبایی گەرمتان پێشکەش دەکەم بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، ئەم بۆنە پیرۆز و مێژووییەی کە هەمیشە نیشانەی نوێبوونەوە، ئازادی و هیوا بووە بۆ گەلەکەمان.
خوشک و برایان،
ئەگەر سەدەی بیستەم، سەدەی ئازار و جینۆساید و ستەم بوو لەسەر گەلی کورد،
ئەوا ئێستا ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەم سەدەیە بکەین بە سەدەی سەرکەوتن،
سەدەی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانمان.
بەڵام، ئەم سەرکەوتنە بەخۆی ناگات پێویستی بە یەکڕیزی هەیە، پێویستی بە کۆدەنگی هەیە، پێویستی بە گوتارێکی یەکگرتوو و دیپلۆماسییەکی بەهێز هەیە.
لەبەر ئەوەیە ئێمە بانگەشە بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان دەکەین، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان،
دەست لە دەست بنێین و یەکڕیزییەکی نیشتمانی دروست بکەین.
ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان، دەستی هاوکاری بۆ هەمووان درێژ دەکەین، و ئامادەین خزمەت بە دۆزی کورد و پێشکەوتنی بۆ بکەین لە هەر شوێنێک.
خوشک و برایان، ڕێگەی ئێمە ڕوونە، و ئامانجەکانمان دیارە
یەکەم، یەکڕیزی نیشتمانی، کە بنەمای سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و پاراستنی دەستکەوتەکان.
دووەم، پێکەوەژیانی ئاشتیانە و پاراستنی فرەڕەنگی ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی،
چونکە کوردستان ماڵی هەمووانە.
سێیەم، بەهێزکردنی ئابووری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتیان،
بەتایبەتی چارەسەری کێشەی موچە و مافە داراییەکان.
چوارەم بەهێزکردنی دیپلۆماسی و بەرزکردنەوەی دەنگی کورد لە ئاستی جیهان،
بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی.
پێنجەم، ئامادەبوون بۆ گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ناوچە،
و بەشداریی کارا لە داڕشتنەوەی داهاتوویەکی باشتر.
خوشک و برایان،
نەورۆز تەنها جەژن نییە،
نەورۆز بیرەوەرییەکە لە خەبات،
لە ئازایەتی،
لە سەرکەوتن.
با ئەم نەورۆزە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ، قۆناغێکی یەکڕیزی،
قۆناغێکی هیوادار.
لە کۆتاییدا، دووبارە پیرۆزبایی ئەم بۆنە پیرۆزە دەکەم، و هیوادارم ئەم جەژنە ببنە سەرچاوەی خۆشی و ئاشتی و ئارامی بۆ گەلەکەمان و بۆ هەموو مرۆڤایەتی.
نەورۆزتان پیرۆز بێت
ساڵی نوێتان پڕ لە سەرکەوتن و هیوا بێت
بزوتنەوەی گۆڕان
وتاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد كە لەلایەن فوئاد جەمال رێكخەری ژووری رەوەند پێشكەشكرا:
جەژنی بەرخۆدان، جەژنی ئازادی — نەورۆزتان پیرۆز بێت!
خوشک و برایانی خۆشەویست،
ئامادەبووانی بەڕێز،
نەورۆز پیرۆز بێت لە هەموو کوردستانیەک
نەورۆز، تەنها جەژنێک نییە…
نەورۆز مێژوویەکی درێژی خەباتە،
هێمای بەرخۆدانە،
ڕاپەڕینە بەسەر زوڵم و ستەمدا.
گەلی کورد، بە درێژایی مێژوو،
ئەم جەژنەی کردووەتە مەشخەڵی ڕزگاری،
لە گوند و شار،
لە زیندان و تاراوگە،
هەمیشە نەورۆز بووەتە دەنگی ئازادی.
ئەمڕۆ، بەهۆی قوربانییە گەورەکان،
نەورۆز بووەتە جەژنێکی نەتەوەیی و جەماوەری،
و ناسنامەیەکی جیهانی بۆ گەلەکەمان.
خوشک و برایان،
ئێمە لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا دەژین. ناوچەکەمان لە گۆڕانکارییەکی گەورەدایە،
ململانێ و ئاڵۆزییەکان بەردەوامن، و داهاتوو هێشتا ناڕوونە.
بەڵام ئەم دۆخە، هەم مەترسییە… هەم دەرفەت.
بۆ ئێمەی کورد گرنگترین ئەرک ئەوەیە کە بە یەکڕیزی و وریایی، داهاتووی خۆمان دیاری بکەین.
لەبەر ئەوە، جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکەینەوە:
یەکەم، یەکڕیزی نەتەوەیی، بنەمای سەرکەوتنە.
دووەم، پێویستە لە دابەشبوون دووربین و یەکدەنگ بین.
سێیەم، دەسکەوتەکانمان بپارێزین و هێزی خۆمان بەهێز بکەین.
چوارەم، بە دەنگێکی یەکگرتوو، لە ئاستی جیهاندا ئامادەبین.
خوشک و برایان،
کاتێک مێژوو دەگۆڕێت،
نەتەوەکان تاقی دەکرێنەوە.
ئێستا کاتی تاقیکردنەوەی ئێمەیە.
با ئەم نەورۆزە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ،
قۆناغێکی یەکێتی، قۆناغێکی ئازادی.
لە کۆتاییدا، بانگەوازتان بۆ دەکەین بە هیوا و ئیرادە، بە ڕۆحی بەرخۆدان، بڕژێنە مەیدانەکان، و نەورۆز بکەنە جەژنی سەرکەوتن.
کات، کاتی سەرکەوتن و ئازادییە!
نەورۆز پیرۆز بێت