گۆڕان داخوازی گەلی كورد و دۆزە ڕەواكەی دوپات دەكاتەوە و ستایشی هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا دەكات

24/03/2026

لە چوارچێوەی چالاکییە دیپلۆماسی و نەتەوەییەکاندا، وەفدێکی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی  ڕێکخەری ژوری ڕەوەندی کوردی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی کوردیدا کرد کە لە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی بەریتانیا بەڕێوەچو، جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ گەیاندن و داكۆكی لە دۆزی رەوای گەلی كورد دوپات كرایەوە.

ڕۆڵی کارای بزووتنەوەی گۆڕان و ڕەوەندی کوردی
لە کۆبوونەوەكەدا کە لەسەر داوای سەنتەری پێشکەوتنی کورد ڕێکخرابوو، وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسیی کاریگەر لە ناو ڕەوەندی کوردیدا بەشدارییەکی چالاکانەیان هەبوو. ئەم ئامادەبوونە ئامانج لێی گەیاندنی پەیامی ڕەوای گەلی کورد و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بوو لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی بەریتانیا.

دەستخۆشی تایبەتی لە سێر لیندسی هۆیل
لە مەراسیمەکەدا، ڕێکخەری ژووری ڕەوەندی کوردی لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە شێوەیەکی تایبەت گفتوگۆی لەگەڵ سێر لیندسی هۆیل (Sir Lindsay Hoyle)، سەرۆکی پەرلەمانی بەریتانیا کرد و لەو دیدارەدا فوئاد جەمال بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان و ڕەوەندی کوردییەوە، سوپاسی قووڵی ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کرد بۆ ئەو دەرفەتە مێژووییەی ڕەخساندوویەتی کە ماڵی سەرۆکی پەرلەمان ببێتە شوێنی یادی نەورۆز و ستایشی پەیامە هاوسۆزەکانی سەرۆکی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی بەریتانیای کرد کە پشتیوانی خۆیان بۆ ناسنامە و مێژووی کورد دەربڕیبوو.

پەیامی سەرۆکی پەرلەمان و دۆستانی کورد
سێر لیندسی هۆیل لە وتارەکەیدا، کە بە ئامادەبوانی پێشکەشی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە کورد لە مێژوودا هەمیشە دەرفەتی ئازادانەیان بۆ ئاهەنگگێڕان نەبووە و ئێستا کاتی ئەوەیە لە ناو پەرلەمانی بەریتانیاوە ڕێز لەو ناسنامەیە بگیرێت. هاوکات پەرلەمانتار فەریەڵ کڵارک و چەندین پەرلەمانتاری تری دۆستی کورد، پەیامی خۆیان پێشکەش کرد کە جێگەی دەستخۆشی ئامادەبوان بوو.

بەشداریی وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی ڕێکخەری ژووری ڕەوەند، نیشانەی بایەخدانی جدی ئەم بزووتنەوەیەیە بە پرسی لۆبی کوردی و دروستکردنی پردێکی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان ڕەوەندی کوردی و پەرلەمانی وڵاتانی بڕیاربەدەستی وەک بەریتانیا، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان.


هەواڵی زیاتر