گۆڕان دەستپێشخەرییەک بۆ یەکڕیزیی نیشتمانی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان دەستپێدەکات
05/04/2026
بزووتنەوەی گۆڕان زنجیرەیەک سەردانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردوە و رایدەگەیەنێت، ئامانجیان لەم قۆناغەدا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، کاراکردنەوەی دامەزراوە شەرعییەکان و پاراستنی مووچەی فەرمانبەرانە لە کێشە سیاسییەکان و لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ شەممە شاندێکی جڤاتی نیشتمانی، سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد.
دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكە، چۆمان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتمانی لە 16ی 2 لە شاری کەرکوک و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، گۆڕان بڕیاریداوە لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییە سیاسییەکان هەڵبداتەوە و کار بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە نالەبارە بکات کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە.
ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیار و مەترسیداردا تێدەپەڕێت و ئەگەری هەیە تیشکی ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەتایبەت ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. جەختیشی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە سیاسەتێکی حەکیمانە کار بکەن بۆ ئەوەی هەرێم لەم شەڕە بەدوور بگرن.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی و بژێوی هاووڵاتییان، چۆمان محەمەد ڕایگەیاند: "پێویستە کار بۆ بەهێزکردنەوە و کاراکردنەوەی حکومەت و پەرلەمان بکرێت. هاوکات لەگەڵ نوێنەرانی کورد لە بەغدا و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران بکرێتە ئەولەویەت و بە هیچ شێوەیەک ململانێی حیزبەکان نەبێتە ڕێگر لەبەردەم شایستە داراییەکانی خەڵک."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی بزووتنەوەکە، دووپاتی کردەوە کە "گۆڕان ئێستا یەک گۆڕانە" و لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە تەنها یەک سەرکردایەتی هەیە کە لە کۆنفرانسی نیشتمانیی کەرکوکەوە شەرعیەتی وەرگرتووە و دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە ئەرکەکان ڕادەپەڕێنێت.