فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەك سەبارەت بەكردەوە تیرۆریستیەكانی كەركوك بڵاودەكاتەوە

01/06/2019

فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق: ناكۆكییەكانی كەركوك زەمینەیان بۆ كردەوە تیرۆرستیەكان رەخساندوە
فراكسیۆنی گۆڕان: داوای كاراكردنەوەی رێكارەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستور دەكات
فراكسیۆنی گۆڕان: پێویستە ئەو بەرپرسانەی تۆمەتبارن بەگەندەڵی راپێچی دادگا بكرێن
فراكسیۆنی گۆڕان داوای پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەكات بەكەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان
فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئیدانەی كردەوە تیرۆیستییەكانی كەركوك دەكات و رایدەگەیەنێت، ناكۆكی لایەنەكان لە كەركوك زەمینەی بۆ كردەوە تیرۆریستییەكان رەخساندوە و داوای یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لایەن و پێكهاتەكانی شارەكە دەكات.

لە بەیاننامەیەكدا، فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئیدانەی كردەوە تیرۆیستییەكانی كەركوك دەكات و رایدەگەیەنێت، ئەو تەقینەوانە نمونەیەكە لە كردەوەی ترسنۆكانە بۆ زیانگەیاندن بە پێكەوەژیان و برایەتی نێوان پێكهاتەكانی گەل و ئەنجامدەرانی ئەو كارانەش دەیسەلمێنن كە تەنها دەتوانن لە تاریكیدا بژین.
فراكسیۆنی گۆڕان، ئاماژە بەوەشدكات، بەردەوامیی ناكۆكییەكان لەسەر كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكانی دیكە، بەمانای دەرفەتی زیاترە بۆ هێزەكانی تیرۆر بۆ بەردەوامییدان بە كردەوە تاوانكارییەكان.

جەختیشدەكاتەوە، پێش ئەوەی ئۆباڵی ئەو كردەوانە بخەنە ئەستۆی هێزە تیرۆریستییەكان، پێویستە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و دەزگا ئەمنییەكان و دامەزراوەكانی كۆمەڵكەی مەدەنی و پێكهاتەكانی شارەكە پێكەوە رێگەچارەی گونجاو بدۆزنەوە بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئیداری و ئەمنی كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكە.

ئەوەشدەخاتەڕوو، وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و یاسایی و ئەخلاقی، فراكسیۆنی گۆڕان، داوای كاراكردنەوە رێكارەكانی تایبەت بە جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستور دەكات كە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارنی حكومەتی فیدراڵییە و داواش دەكاتە سەرجەم رێكارە ئیداری و یاسایی و ئەمنییەكان رابگیرێن كە پێچەوانەی ئەو ماددە دەستورییە گیراونەتەبەر.

فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەشدەكات، هەنگاوی یەكەم بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك، پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و راپێچكردنی ئەو بەرپرسانەیە، كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی بۆ بەردەم دادگا و باشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان و بونیادنانەوەی ناوچە ئازادكرداوەكانە.


هەواڵی زیاتر