مەسرور بارزانى: چاوەڕوانى ئەوە لە گۆڕان دەکەین پێکەوە حکومەتێکى بەهێز پێکبهێنین

18/06/2019

مەسرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم ستایشى هەڵوێستەکانى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات و دەڵێت: "ئێستا ش چاوەڕوانى ئەوەیان لێدەکەین بتوانین پێکەوە حکومەتێکى
بەهێز پێکبهێنین".

دواى کۆتایى هاتنى کۆبونەوەى شاندى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان کە دواى نیوەڕۆى دوشەممە لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان لە سلێمانى بەڕێوەچو، مەسرور بارزانى راسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى حکومەت لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەوە وتى: "گفتوگۆمان کرد لەسەر پێکهێنانى حکومەت و داواشمان کرد سیڤى کاندیدەکانیان
بۆ وەزارەتەکان پێشکەش بکەن".

هەروەک وتى: "سوپاسى هەڵوێستى جوامێرانەى گۆڕان دەکەین کە پابەندى ئەو رێککەوتنانەبون کە لەگەڵ ئێمە واژۆیان کردوە، ئێستاش چاوەڕوانى ئەوەیان لێدەکەین کە پێکەوە حکومەتێکى
بەهێز پێکبهێنین و خەڵک لە چاوەڕوانیدا نەمێنێتەوە".

سەربارەت بە وادەى پێکهێنانى حکومەتیش هیواى خواست کە پێش پشوى پەرلەمان کابینەى نوێ رابگەیەنن و "ئەوەش دەکەوێتە سەر لایەنەکانى دیکەش کە سیڤى کاندیبدەکانیان بنێرین، دڵنیام برادەرانى گۆڕان پێش ئەو وادەیە سیڤى کاندیدانى خۆیان ئامادە دەکەن"، خۆشحاڵى خۆشى بە دیدارەکانى ئەمڕۆى شاندەکە لە سلێمانى دەربڕى و وتیشى: "هەستى بەرپرسیارێتیم تێیاندا
بینى کە کابینەى حکومەت زو پێبکبێت".

لاى خۆیەوە، جەلال جەوهەر ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان و سەرۆکى وەفدى دانوستانکارى گۆڕان لەبارەى کۆبونەوەکەوە رایگەیاند؛ رێککەوتنمان هەیە لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان
و پابەندین بەو رێککەوتنە، ئەمڕۆش بەڵێنمان دا کە تا بۆمان بکرێت لە کاتى دیاریکراوى خۆیدا کاندیدەکانمان پێشکەش بکەین".


هەواڵی زیاتر