"گەشبینین بەوەى دەنگەکانى گۆڕان زیاد بکات"
12/09/2018
محەمەد
تۆفیق رەحیم، ئاماژە بەوە دەکات کە جڤاتى گشتى و جڤاتى نیشتیمانی بڕیاریى
بەشداریکردنیان داوە لە هەلبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و ئامادەکارییەکان بۆ
پرۆسەکە کراوە، دەشڵێت:"سەربارى تێبینییەکانمان لەسەر خاوێنى پرۆسەکە، بەڵام گەشبینم
گۆڕان دەنگەکانی زیاتر بکات".
محەمەد
تۆفیق رەحیم ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ دەنگى
ئەمەریکا لەبارەى چۆنیەتى بڕیاردانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمان رونیکردوەتەوە؛
لە بزوتنەوەى گۆڕاندا جڤاتی نیشتیمانی و جڤاتی گشتی خاوەن بڕیارن و ئەوانیش بڕیاریان
دا بەشداریى بکەین و ئامادەکاریەکانیش کراون بۆ هەڵبژاردنەکان، ژوری هەڵبژاردنیش هەماهەنگیان
لەگەڵ کۆمسیۆن هەبوە بۆ پاککردنەوەى تۆمارى دەنگدەران و بەڕێوەچونى هەڵبژاردنێکى
خاوێن، "بەڵام ئەوان وتویانە؛ ناتوانین بڵێین لەسەدا سەد ئەم هەڵبژاردنە
خاوێن دەبێت، بەڵام دەڵێن هەوڵ دەدەین ئەم هەڵبژاردنە خاوێنتر بێت لەوانی دیکە،
ئێمەش بابزانین چۆن دەبێت؟".
ئەندامەکەى
خانەى راپەڕاندن جەختى کردوەتەوە کە هەوڵەکانیان خستوەتەگەڕ بۆئەوەى دەنگەکانى
بزوتنەوەى گۆڕان زیاتر بێت و دەڵێت:"ئەگەر چی تا ئێستاش خاوێن کردنەوەی تؤمارى
دەنگدەران لە ئاست پێویست نیە، بەڵام من گەشبینم بەوەى دەنگەکانمان زیاتر
بکەین".
لەبارەى
دۆخى عێراق و بەڕێوەچونى دانوستان و ورێککەوتنى لایەنەکان، محەمەد تۆفیق رەحیم
وتویەتى؛ من پێشتریش لە جڤات وتومە رەخنەم لەو گفتوگۆیانە هەبو کە لە بەغداد دەکرا،
دەبێت ئەمجارە "تەرکیز" بکرێتە سەر بەرنامەی سیاسی حکومەتی داهاتوی
عێراق و ئەوەمان بەلاوە گرنگ بێت نەک پۆست بۆئەوەش پێویستە هەر شەش لایەنە کوردییەکەی کورسییان
لەپەرلەمانی عێراق هێناوە پێکەوە دابنیشن و رێک بکەون.
ئەو
دەڵێت: "من پێم باشە هەر شەش لایەنەکە بەیەکەوە دابنیشین بۆ رێککەوتن لەسەر
چۆنیەتی گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنی پێکهێنەری حکومەتی عێراقی داواکارییەکانی کورد کە
دەبێت زیاتر جەخت لەسەر بەرنامەی سیاسی حکومەت بکەین، بەڵام بە دو لایەنەکەمان وتوە دەبێت ئەو
شتانەی بۆ حکومەتی عێراقی هەمانە لەهەرێمیش هەمان شتمان هەبێت".