دامەزراوەی ئافرەتان سیمیناری (توندوتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان) رێكدەخات

28/11/2026


ئەمڕۆ شەممە (٢٨ی١١ی٢٠٢٦)، دامەزراوەی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان لە مەكۆی سەرەكی لە شاری سلێمانی سیمینارێكی بەناونیشانی (توندووتیژی ئەلیکترۆنی دژی ژنان) بۆ مامۆستا کوردە ئەحمەد مەحمود ماستەر لەکۆمەڵناسی سیاسی و پەروەردە رێكخست.

لە سیمینارەكەدا كە ژمارەیەك لە ئافرەتانی ئۆرگانەكانی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵسوڕاوان تێیدا بەشداربوون، تیشكخرایە سەر دۆخی ئافرەتان و چۆنیەتی هۆشیاركردنەوەی ئافرەتان و كوڕ و كچ و خێزان پەیوەست بە دۆخی سۆشیال میدیا و تاوانە ئەلیكترۆنییەكان و چۆنیەتی خۆپارێزی و مامەڵەكردنی یاسایی بەرامبەر توندوتیژی ئەلیكترۆنی و تاوانە ئەلیكترۆنیەكان.

پێشتر و لەیادی ٢٥ی نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، دامەزراوەی ئافرەتانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: دەبێت مافەکانی ئافرەتان لە دروشمی کاتییەوە بکرێنە کردار و ژیانێکی شکۆمەند، ئازادیی بڕیاردان، بەشداریی یەکسان لە ناوەندەکانی بڕیار و ژینگەیەکی دوور لە توندوتیژییان بۆ دابین بکرێت و مافەکانی ئافرەت چاکە یان دەستکەوتی زیادە نین، بەڵکو مافی سەرەتایین بۆ پاراستنی ئاسایش و دووربوون لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی.

فۆتۆ: محەمەد خەلیفە


هەواڵی زیاتر