د.یوسف محەمەد: پێویستە پرسى موچەى فەرمانبەرانی هەرێم لە پرسى نەوت و غاز جیابکرێتەوە

08/07/2019

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەکاتەوە لەوەی کێشەی نەوت و غازی نێوان هەرێم و بەغدا پێویستە بە پێی دەستور و یاسای نەوت و غاز چارەسەر بکرێت.

د.یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند؛ پێویستە  کێشەى نەوت و غازى هەرێم بەپێى دەستور و یاساى نەوت و غاز چارەسەر بکرێت، دەرکردنى ئەو یاسایە هۆکارێکی باش دەبێت بۆ  چارەسەرکردنى یەکجارەکى ئەو کێشەیە، داواش دەکەن دەستەى گشتى چاودێرى  دابەشکردنى دامەزراوە ئیتیحادییەکان بە پێى یاسای ژمارە (55) ساڵى (2017)  دروست بکرێت.

وتیشی:"ئێمە دژى ئەوەین کە قوت و موچەى خەڵکى کوردستان بکرێتە قوربانى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، بۆیە پێویستە پرسى موچەى موچەخۆرانى هەرێم لە پرسى نەوت و غاز  جیابکرێتەوە، هاوڵاتیانى هەرێم هاوشێوەى هەمو هاوڵاتیانى عێراق پێویستە بە شێوەى هاوسەنگ مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و کێشەکانیش لەرێگەى یاساوە چارەسەر بکرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان جەختیشی کردەوە لەوەی کە دەبێت بە شێوەیەکی ریشەیی  چارەسەرى کێشەى نەوت و غازى هەرێم بکرێت، بەتایبەتی لە ماوەى سێ مانگى داهاتودا و پێش هاتنى پرۆژە یاسای بودجەى ساڵى (2020) دەبێ کێشەى نێوان هەرێم و بەغداد لەروى نەوت و غازەوە چارەسەر بکرێت، تا ئەو کاتەش  داوا دەکەین هەرێم و بەغداد پابەندبن بە سەرجەم بڕگە و مادەکانى یاسای بودجەى ساڵى (2019).

سەبارەت بە پرسی شەفافیەتی نەوتیش، د.یوسف محەمەد وتی:"ئێمە لەگەڵ شەفافیەتین لە بوارى نەوت و غازدا لە ئاستى عیراق و هەرێمى کوردستان،  لەمڕۆوە داوا دەکەین بە زوترین کات لە هەرێم سندوقى داهاتەکانى نەوت و غاز  دروست بکرێت و رێگە بدرێت ئەم کەرتە بکەوێتە ژێر چاودێرى تەواوەتییەوە و بە  دامەزراوەیی بکرێت و جگە لەوەش پێداچونەوە بە سیاسەتی نەوت و غازی هەرێم بکرێت".


هەواڵی زیاتر