عادل عەبدولمەهدى بەدواداچون بۆ ناوەڕۆکى بەیاننامەیەکى فراکسیۆنى گۆڕان دەکات

10/07/2019

سەرۆک وەزیرانى عێراق بەدواداچون بۆ ناوەڕۆکى راگەیەنراوى فراکسیۆنى گۆڕان دەکات لەبارەى دیدى گۆڕان بۆ کێشەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و ناوەند، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت:"سەرۆک وەزیران جەختى کردوەتەوە لە هەنگاوەکانی بۆ بەدورگرتنى موچەی خەڵکی هەرێم لەو کێشانە".

کاوە محەمەد پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕان رایگەیاند؛ ئەمڕۆ د. عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران سەبارەت بە ناوەڕۆکى راگەیەندراوەکەى دوێنێى فراکسیۆنى گۆڕان (دیدی بزوتنەوەکە بۆ کێشەی نەوت و غاز لەنێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ) پەیوەندى تەلەفۆنى پێوە کردوە و تاوتوێى ناوەڕۆکى ئەو دیدە و چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و پرسى نەوت و غازیان کردوە.

لەو پەیوەندیەدا سەرۆک وەزیرانى عێراق جەختى کردوەتەوە کە لەسەر هەنگاوەکانی بەردەوام دەبێت بۆ بەدورگرتنى موچەی خەڵکی هەرێم لە کێشەکان.

هەروەک کاوە محەمەد رونى کردوەتەوە کە پێویستە حکومەتی هەرێم هاوکارێکی جدی حکومەتی فیدراڵ بێت بەوەى موچەی فەرمانبەر و موچەخۆرانى هەرێم لەکاتی خۆیدا دابەشبکات یاسای بودجە جێبەجێ بکات "هەردولاش کار بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشەکان و بە دامەزراوەیی و شەفافکردنی کەرتی نەوت بکەن".

دوێنێ فراکسیۆنى گۆڕان راگەیەندراوەکەیان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا خستەڕو کە تێیدا چارەسەرکردنى کێشەى نەوت و غازى هەرێم بەپێى دەستور و یاساى نەوت و غاز بەپێویست زانراوە و داواشکراوە دەستەى گشتى چاودێرى دابەشکردنى دامەزراوە ئیتیحادییەکان بە پێى یاسای ژمارە (55) ساڵى (2017) دروست بکرێت.


دەقى بەیاننامەکە
دیدی فراكسیۆنی گۆڕان بۆ كێشه‌ی نه‌وت و گاز له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌رباری كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا, نه‌وت و گازیش بوه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی سه‌ره‌كیی نێوان هه‌ردو لا و, ئێستا ڕۆژانه‌ جێی باس و خواستی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌. فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ پێویستی ده‌زانێ كه‌ دیدی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌م ڕوه‌وه‌ به‌ بیر هه‌موان بێنێته‌وه‌: ١. كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویسته‌ به‌ پێی ده‌ستورو یاسای نه‌وت و گاز چاره‌سه‌ر بكرێت. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه به‌پێی ده‌ستور‌ ڕه‌نگه‌ ببێته‌ ده‌ره‌چه‌یه‌كی باش بۆ چاره‌سه‌ری یه‌كجاریی ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا. هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین كه‌ ده‌سته‌ی گشتیی چاودێریی دابه‌ش كردنی دامه‌زراوه‌ ئیتیحادییه‌كان به‌ پێی یاسای ژماره‌ (٥٥)ی ساڵی ٢٠١٧ دروست بكرێت.

٢. ئێمه‌ دژی ئه‌وه‌ین كه‌ قوت و موچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بكرێته‌ قوربانیی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت له‌ بواری نه‌وت و گاز. پێویسته‌ پرسی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم له‌ پرسی كێشه‌ی نه‌وت و گاز جیابكرێته‌وه‌. هاوڵاتیانی هه‌رێم هاوشێوه‌ی هه‌مو هاوڵاتیانی عێراق پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی هاوسان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێ و كێشه‌كانیش له‌ڕێی یاساوه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.

٣. پێویسته‌ به‌ شێوه‌ی ڕیشه‌یی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكرێ و له‌م باره‌یه‌وه‌ له‌م ساڵ دا به‌ تایبه‌تی له‌ ماوه‌ی سێ مانگی داهاتو پێش گفتوگۆی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدرالی بۆ ساڵی ٢٠٢٠, ڕێككه‌وتنی كۆتایی و بنبڕ له‌ نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و هه‌رێم بكرێت و هه‌مو ساڵێك له‌كاتی ده‌ركردنی یاسای بودجه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌. تا ئه‌و كاته‌ش داوا ده‌كه‌ین كه‌ هه‌رێم و به‌غدا پابه‌ند بن به‌ سه‌رجه‌م بڕگه‌ و ماده‌كانی یاسای بودجه‌ی فیدرال بۆ ساڵی ٢٠١٩. به‌ تایبه‌ت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ ناردنی (٢٥٠٠٠٠) دوسه‌د و په‌نجا هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی ڕۆژانه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئیتیحادی پابه‌نده‌ به‌ لانی كه‌م ناردنی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم‌.

٤. ئێمه‌ له‌گه‌ڵ شه‌فافییه‌تین له‌ بواری نه‌وت و گاز له‌ ئاستی عێراق و هه‌رێم و له‌م ڕوه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین به‌ زویی له‌ هه‌رێم سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز دروست بكرێ و ڕێ بدرێ ئه‌م كه‌رته‌ بكه‌وێته‌ ژێر جاودێریی ته‌واو و ,ده‌ربكرێ له‌ مامه‌ڵه‌ی شه‌خسی و حیزبی و, به‌ دامه‌زراوه‌یی بكرێت.

٥. ئێمه‌ پێمان وایه‌ سیاسه‌تی نه‌وت و گازی هه‌رێم پێویستی به‌ پێداچونه‌وه‌ی جددی هه‌یه‌ و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستای بوه‌ته‌ به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌ بۆ خه‌لكی كوردستان. چونكه‌:
ا. بوه‌ته‌ هۆی به‌هه‌ده‌ردانی سامانی ژێر زه‌ویی كوردستان كه‌ ته‌نها مولكی نه‌وه‌كانی ئێستا نییه‌.
ب. بوه‌ته‌ هۆی لاواز بونی ئابوریی هه‌رێم و په‌ككه‌وتنی سێكته‌ره‌ نانه‌وتییه‌كان و كه‌وتنه‌ ژێرباری قه‌رزێكی گه‌وره‌ (وه‌ك ئیدییعا ده‌كرێ) له‌ كاتێكدا نه‌وت فرۆشراوه‌ نه‌كڕدڕاوه‌.
ج. بوه‌ته‌ هۆی زیاد بونی ناكۆكییه‌كی گه‌وره‌ی تر بۆ ناكۆكییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و، بوه‌ته‌ خاڵێكی لاوازی هه‌رێم نه‌ك خاڵی به‌هێزی له‌ مامه‌له‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی دراوسێش. ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ په‌راوێزكه‌وتنی كێشه‌ جه‌وهه‌رییكانی تری وه‌ك خاك و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ به‌غدا.

فراكسیۆنی گۆڕان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
٨/ ٧/ ٢٠١٩


هەواڵی زیاتر