شۆڕش حاجی: لەرێگەی فراکسیۆنی گۆڕانەوە چاودێریی وردی حکومەت دەکەین
28/07/2019
سازدانی: بەهادین
یوسف
شۆڕش حاجی،
ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی پاکێجەکانی
چاکسازیی گۆڕان بەشداریی حکومەتی کردوە، ئەگەر ئەو چاکسازییانەى کە لە بەرنامەى
کارى حکومەتدا هاتوە جێبەجێ نەکرێت، مانایەک نامێنێتەوە بۆ مانەوەى گۆڕان لە
حکومەتدا.
لە چاوپێکەوتنێکی
تایبەتدا لەگەڵ (سبەی)، شۆڕش حاجی رایگەیاند: بزوتنەوەى گۆڕان هەم لە هەرێم و هەم
لە بەغدا داکۆکى لەسەر مافە دەستورییەکانى خەڵکى کوردستان دەکات، لە هەمان کاتدا
داکۆکى لەسەر شەفافیەتى داهاتى نەوت و دژایەتى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى
نیشتیمانى دەکات.
سەبارەت بە
پەیوەندی هەولێر و بەغداش وتی :دەبێت پەیوەندى هەولێر لەگەڵ بەغدا، پەیوەندى
هەرێمى کوردستان بێت لەگەڵ حکومەتى فیدراڵى لە بەغدا، بەو مانایەى ئەو پەیوەندییە
لە شەخسى و حیزبییەوە بکەین بە پەیوەندیەکی دامەزراوەیی نیشتیمانى.
-
بە بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى لە دواى کۆتاییهاتنى دانوستانەکان و پێکهێنانى حکومەت
قۆناغى خۆڕێکخستنەوەى گۆڕان و کۆنفرانسى نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجامدەدرێت
و لیژنەکان دەست بە ئامادەکاریی دەکەن، ئەو پڕۆسەیە بە چی گەیشتوە؟
شۆڕش حاجی: بە
بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى و دو جار بە دەنگدان ئەم بڕیارەمان یەکلاکردوەتەوە، کە
دەبێت کۆنفرانسى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بکرێت، لەبەر رۆشنایی کۆنفرانسی
نیشتیمانی و هەر ئاڵوگۆڕێک لە دەستورى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان، قۆناغی
رێکخستنەوەی پەیکەرى رێکخراوەیی جوڵانەوەکەمان و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان لە
خوارەوە بۆ سەرەوە بکەین، ئەمە بڕیارى جڤاتى نیشتیمانییە و دەبو لە مانگى یەک و دو
ئێمە کۆنفرانسمان بکردایە، بەڵام تائێستا ئەم بڕیارەى جڤاتى نیشتیمانى جێبەجێ
نەکراوە.
دەبێت پەیکەرى
رێکخراوەیی و دەستورى ناوخۆیی بگونجێنین لەگەڵ قۆناغى دواى نەوشیروان مستەفا
- دواکەوتنەکە
پەیوەندیی بە چییەوە هەبو، پەیوەندى بە درێژەکێشانی دانوستانەکانى پێکهێنانى
حکومەتەوە هەبو، یان هۆکاری دیکە؟
شۆڕش حاجی: پێکهێنانى
حکومەت و بەشداریی کردن لە حکومەت، پێموایە بیانو بو بۆ نەبەستنى کۆنفرانسى
نیشتیمانى، چونکە بەلاى منەوە مادام جڤاتى نیشتیمانى بڕیاریداوە هیچ پاساوێک نییە
بۆ ئەوەى شان بە شان و هاوتەریب لەگەڵ گفتوگۆ و دانوستانمان بۆ پێکهێنانى حکومەت
لیژنەکانى کۆنفرانس دەستبەکارنەبن و خۆمان بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى ئامادەبکەین،
بەڵام ئێستا ئەوە حکومەتیش پێکهات وەزیرەکانیش دیاریکران و پۆستەکانى دیکە ماوە
یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە ئێستا هیچ پاساوێک نەماوە بۆ ئەوەى بە زوترین کات
کۆنفرانسى نیشتیمانى نەبەستین و لە ناو کۆنفرانسدا بەرنامەى سیاسى بزوتنەوەى گۆڕان
جارێکى دیکە دابڕێژینەوە، پەیکەرى رێکخراوەیی و دەستورى ناوخۆیی بزوتنەوەى گۆڕان
هەڵسەنگاندنێکى تەندروستى بۆ بکەین و بیگونجێنین لەگەڵ قۆناغى دواى نەمانى
نەوشیروان مستەفا و پاش چەند ساڵ پیادەکردنى ئەو دەستورى ناوخۆییە بزانین کێشە و
کەموکورتییەکانى لە کوێدایە تا چاکیان بکەینەوە.
- لیژنەکان پێکهێنراون
بۆ ئامادەکاریى کۆنفرانسى نیشتیمانى و دواتر قۆناغەکانى دیکەی خۆ رێکخستنەوە؟
شۆڕش حاجی: بڕیار
بو لیژنەکان پێکبهێنرێن، بەڵام لیژنەکان نە پێکهاتون نە دەست بەکاربون.
بە بڕیاری جڤات
دەبێت کۆنفرانسی نیشتیمانی و دواتر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێت
- لەئێستادا هیچ
بڕیارێکى تازە هەیە لە خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى بۆ خستنەکار یاخود
دروستکردن و کاراکردنى ئەو لیژنانە؟
شۆڕش حاجی: بە
بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى وەک باڵاترین دەسەڵاتى بزوتنەوەى گۆڕان، دەبێت کۆنفرانسى
نیشتیمانى بکرێت و لە دواى کۆنفرانسى نیشتیمانى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بکرێت،
بەڵام ئەمە بوە بە نەریتى ژمارەیەک لە سەرکردەکانى زۆرینەى حیزبە کوردستانییەکان
کە نایانەوێت دەسەڵات رادەستى خەڵکێکى نوێ بکەن و بەشێک لەوانە لە هاوڕێکانى
خۆیان دەترسن کە رەخنەیان لێبگرن بۆیە بیانو و پاساو دەدۆزنەوە بۆ ئەوەى کە کۆنگرە
یان کۆنفرانس نەکرێ بۆ ئەوەى کە روبەڕوى رەخنەى هاوڕێکانیان نەبنەوە و دەسەڵات
رادەستى خەڵێکى نوێ نەکەن، ئەمە لەناو هەمو حیزبەکانى کوردستانى عیراق هەیە.
هەلومەرجی
بەشدارییکردنی ئەمجارەی گۆڕان لە حکومەت جیاوازە لە پێشو
- (10) ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکەم بەشداریى بزوتنەوەی
گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (25/7/2009) ئێستا گۆڕان لە کوێى
هاوکێشە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستاندایە، سەرەتا وەک لایەنێکی ئۆپۆزسیۆن دەرکەوت
دواتر بەشدارى حکومەتى کرد بۆ ماوەیەکى کەم، ئێستاش دیسان بەشدارى حکومەتى کردوەتەوە؟
شۆڕش حاجی: ئەمە
جارى دوەمە بزوتنەوەى گۆڕان بەشداریى لە پێکهێنانی حکومەتدا دەکات، بەڵام ئەم جارە
هەلومەرجێکى جیاوازە، قۆناغی دواى کۆتاییهاتنى داعش و دواى ریفراندۆم و (16)ى
ئۆکتۆبەرە، دۆخی دواى لەدەستدانی کاک نەوشیروانە، بۆیە ئەوهەلومەرجەى ئێستا
تێیداین و بەشدارى حکومەت دەکەین جیاوازە لە ساڵی (2014) کە بەشدارى حکومەتمان کرد،
بەڵام لە یەکشتدا هاوشێوەى ساڵی (2014)ەیە بەشدارییکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە
حکومەت بۆ جێبەجێکردنى بەشێک لەو پاکێجە چاکسازییانەی کە پەیام و بەرنامەى
بزوتنەوەى گۆڕانە و ئومێدمان وایە لەم بەشداریکردنەمان لە حکومەت بتوانین بەشێک
لەو پاکێجى چاکسازى و ئەو بەرنامە چاکسازییانەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ بەرژەوەندى
خەڵکى کوردستان و باشکردنى ئەزمونى حوکمڕانى هەرێمى کوردستان دایڕشتوە، ئەوە
جێبەجێ بکەین.
ئەگەر پاکێچەکانی
چاکسازیی جێبەجێ نەکرێت مانایەک نامێنێتەوە بۆ مانەوەى گۆڕان لە حکومەتدا
- لە کاتى
دانوستانەکانى پێکهێنانى حکومەتدا گۆڕان بەشێک لە پاکێجەکانى یان مەرجەکانى لە
کارنامەى حکومەتدا جێبەجێ کرد و لە کارنامەى حکومەت لە بەردەم پەرلەمان
خوێندرایەوە بەشێکى بەرنامەکانى گۆڕانى تێدابو، قۆناغى دواى ئەوە چییە کەى لەسەر
ئەرزى واقع ئەنجامی ئەو رێککەوتنە و جێبەجێکردنی قۆناغەکانی چاکسازی دەبینین؟
شۆڕش حاجی: ئێمە
ئومێدمان وایە و هەر بەو هیوایەش زۆرینەى جڤاتى نیشتیمانى بەشداریکردنى گۆڕانى لە
حکومەت پەسەندکردوە بۆ ئەوەى بتوانین ئەم بەشەى چاکسازییەى لە بەرنامەى کارى
حکومەت جیبەجێ بکەین، ئومێدم وایە ئەوە جێبەجێ بکەین، بە دڵنیاییەوە ئەرکى گۆڕان
جێبەجێکردنى ئەو پاکێجى چاکسازیەیە ئەگەر ئەم پاکێجى چاکسازییە یاخود ئەم
چاکسازییانەى کە بەرنامەى کارى حکومەتە، لە حکومەت جێبەجێ نەکرێت مانایەک
نامێنێتەوە بۆ مانەوەى گۆڕان لە حکومەتدا.
لەڕێگەى فراکسیۆنەکەمانەوە لە پەرلەمانى کوردستان چاودێرى وردى
حکومەت دەکەین
- بە بڕیارى
جڤاتى نیشتیمانى، بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارى حکومەتى کردوە، ئەی جڤات هیچ بڕیارێکى دیکەی
هەیە بۆ ئەوەى کە چۆن چاودێرى جێبەجێکردنى ئەو بەرنامەیە دەکات؟
شۆڕش حاجی: ئەمە
ئەلف و بێى سیاسەت و بڕیارى جڤاتى نیشتیمانییە، ئەلف و بێى ئەم بڕیارە ئەوەیە کە
ئێمە لە بزوتنەوەى گۆڕان چاودێرى وردى هاوڕێکانمان دەکەین لە بەشدارى لە حکومەت،
چاودێرى وردى حکومەت دەکەین لەڕێگەى فراکسیۆنەکەمانەوە لە پەرلەمانى کوردستان بۆ
جێبەجێکردنى ئەو بەڵێنانەى بە خەڵکیان داوە و ئەو بەرنامانەى کە لە پەرلەمان
رایانگەیاندوە، لە هەر شوێنێک بزانین بەرنامەکە جێبەجێ ناکرێت بزوتنەوەى گۆڕان
پێداگرى لەسەر جیبەجێکردنى بڕیارەکە دەکاتەوە، لە هەر شوێنێک ببینین یەکێک لە
هاوڕێکانمان لەگەڵ ئەو بەڵێنانەى کە بە گۆڕانى داوە و گۆڕان بە خەڵکى کوردستانى
داوە راستگۆ نییە هاوکارى دەبین پشتیوانى دەبین، بەڵام لە کۆتاییەکەى ئیمە
بزوتنەوەى گۆڕان بە قوربانى هیچ کەسێک ناکەین.
دەبێت پەیوەندی
هەولێر و بەغدا لە شەخسى و حیزبییەوە بکەین بە دامەزراوەیی و نیشتیمانى
- یەکەم هەنگاوى
حکومەتى تازە سەردانى بەغدادى کرد ئەمە یەکێکە لە بەرنامەکانى گۆڕان باشکردنى
پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و پێکهێنانى دەستەیەکى نیشتیمانى دانوستان، هەڵسەنگاندنى
ئێوە چۆنە بۆ پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا، دەبێت چى بکرێت لە حکومەت و کابینەى
تازە بۆ راستکردنەوەى پەیوەندییەکان بە دروستی مامەڵە کردن لەگەڵ بەغدا؟
شۆڕش حاجی: ئێمە
پێمانوایە پەیوەندى هەولێر لەگەڵ بەغدا دەبێت پەیوەندى هەرێمى کوردستان بێت لەگەڵ
حکومەتى فیدراڵى لە بەغدا، بەو مانایەى ئەو پەیوەندییە لە شەخسى و حیزبییەوە
بکەینە پەیوەندى دامەزراوەیی و نیشتیمانى، ئەو شاندەى دروست دەبێت پێویستە شاندێکى
هەمیشەیی بێت، ئەم شاندە رۆژانە بەردەوام لە هەمو دانیشتنەکان و دانوستانەکانى
لەگەڵ بەغدا ئاگاى لە رابردو بێت و نەخشە بۆ داهاتو دابنێت، کۆمەڵێک پرسى
هەڵواسراو هەیە لە نێوان هەرێم و بەغدا دەبێت ئەم شاندى دانوستانە نیشتیمانییەى
نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى بە پشتیوانى فراکسیۆنەکانمان لە بەغدا، بە
پشتیوانى نوێنەرانی کورد لە بەغدا هەوڵى زامنکردنى مافە دەستورییەکانى خەڵکى
کوردستان بدەن، ئەمەش بەوەى کە کۆمەڵێک یاسا هەیە لە دەستور ناوى هاتوە، بەڵام
یاساى بۆ دەرنەکراوە ئەو یاسایانە جێبەجێ بکرێت هەندێک لە بەندەکانى بگۆڕێت، بۆ
نمونە یاساى نەوت و غاز یەکێک لە کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا کێشەى نەوت و غازە
ئەمە پێویستى بەوەیە یاسایەک دەربکرێت بۆ رێکخستنى پرسى نەوت لە نێوان هەرێم و
بەغدا، مادەى (140) کە مادەیەکى زۆر زۆر گرنگە بۆ کورد، مادەیەکى چارەنوسسازە
لەسەر کەرکوک و ناوچە کوردستانییە دابڕێندراوەکانى تر، ئەم مادەیە دەبێت جێبەجێ
بکرێت، یاساى دادگاى فیدراڵى هەیە کە تائێستاش لە پەرلەمانى عێراق جێبەجێ نەکراوە،
یاسایەکی دیکە هەیە کە نوێنەرایەتى هەرێم و پارێزگاکان لە بەغدا دیاری دەکات،
پێویستە ئەنجومەنێک دروست بکرێت بەناوی ئەنجومەنى هەرێم و پارێزگاکان بۆ ئەوەى
ئەمەش دیسان گرەنتییەکی دیکەی پاراستنى دەستکەوتە نەتەوەییەکانى خەڵکى کوردستان
بێت لە بەغدا، بێگومان مەسەلەى هێزى پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان و موچەى
فەرمانبەران، ئەوانە کۆمەڵە پرسێکن کە دەبێت ئەو شاندە نیشتیمانییە دامەزراوەییەى
هەرێم لەگەڵ بەغداد یەکلایی بکاتەوە.
تائێستاش عێراق
بەبێ کورد دەوڵەتێکى ناتەواو دەبێت
- چارەسەرکردنی
ئەو پرسانە ئاسانە ئەگەر لەسەر بنەمایەکى نیشتیمانى یان لەسەر بنەماى دەستەیەکى
حکومى دور لە بەرژەوەندى کەسى و حیزبى بکرێت، دەتوانرێت ئەو هەنگاوە لەگەڵ بەغداد
دەستپێبکرێت و بچیتە پێشەوە و پەیوەندییەکان ئاسایی بکرێتەوە و ئەو کیشە
هەڵپەسێردراوانە بەرەو چارەسەر بەرێت؟
شۆڕش حاجی: هیچ
کارێک ئاسان نییە، هەمو کارێک زەحمەتە بە تایبەتى ئەو جۆرە کارانە، ئەو ئەزمونە
زۆرەى ناکۆکى و کێشانەى نێوان هەرێم و بەغدا بێگومان کاریگەرى هەیە لەسەر ئایندەش،
بەڵام هیچ یەک لەوانە پرسێک نین کە چارەسەر نەکرێن و ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەم پرسە
چارەسەر دەکرێت، لەوەش گرنگتر بەلاى منەوە ئەوەیە کە تائێستاش عێراق بەبێ کورد
دەوڵەت نییە، بەبێ کورد عیراقێکى فیدراڵى نییە، بەو واتایەی راستە پێگەى کورد
لاواز بوە و پێگەکەى جارانى لەدەستداوە، بەڵام تائێستاش عێراق بەبێ کورد دەوڵەتێکى
ناتەواو دەبێت، کورد دەتوانێت ئەو پێگە نەتەوەییەى خۆى کە بەشێکى گرنگە لە
پێکهاتەى عێراق سودی لێببینێت بۆ ئەوەى مافە دەستورییەکانى خۆى دەستەبەر بکات.
ناکرێت نوێنەرانى
کورد لە بەغدا بەرگرى لە سیاسەتێکى نەوتى و دارایی نا شەفاف بکات
- سەرەتاى ئەمساڵ
یاساى بودجە پەسەندکرا بەغدا تائێستا بەردەوامە و مانگانە موچەی فەرمانبەرانی
هەرێمی کوردستان لە کاتى خۆیدا دەنێرێت، چۆن سود لەوە ببینرێت بۆ درێژەدان بۆ
گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بودجە لەسەر نەوت لەسەر موچە؟
شۆڕش حاجی: ئەمەش
دیسان وەک وتم ئەرکى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە لەگەڵ بەغدا لەسەر پرسى نەوت و
غاز بە یەکجارى کێشەکانی کۆتایی پێبهێنێت، پڕۆژە یاساى نەوت و غاز لە بەغدا
دەربچێت بۆ ئەوەى هەم مافە دەستورییەکانى خەڵکى کوردستان دەستەبەر بکرێت، هەم ئەو
داهاتى نەوتەى کە لە هەرێمى کوردستان بەدەست دێت دەبێت داهاتێکى شەفاف بێت، ناکرێت
و نابێت نوێنەرانى کورد لە بەغدا بەرگرى لە سیاسەتێکى نەوتى شکست خواردو بکەن،
ناکرێت و نابێت ئەندام پەرلەمانەکانى گۆڕان و هێز و لایەنە سیاسییەکانى تر لە
بەغدا بەرگرى لە بودجەیەک بکەن کە نا شەفاف بێت و دیار نەبێت ئێمە وەک بزوتنەوەى
گۆڕان هەم لە هەرێم و هەم لە بەغدا داکۆکى لەسەر مافە دەستورییەکانى خەڵکى
کوردستان دەکەین لەسەر پرسى نەوت، بەڵام لە هەمان کاتدا داکۆکى لەسەر شەفافیەتى داهاتى
نەوت و دژایەتى گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى نیشتیمانى دەکەین.
- بە دیدى تۆ ئومێد
هەیە لەم چوار ساڵەى داهاتودا کە ئێستا جۆرێک لە نزیکبونەوە هەیە، بەردەوامى هەبێت
بە بەرژەوەندى خەڵک بشکێتەوە؟
شۆڕش حاجی: من
پێموایە ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان هێز و لایەنە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانى
کوردستان جددى بن لە مەسەلەى چارەسەرى بەشێک لەو کیشانەى کە لەگەڵ بەغدا هەیە،
دەکرێت بەغدا ناچار بکرێت بۆ چارەسەرکردنى بەشێک لە کێشەکان.