جڤاتی نیشتیمانی لەبارەی تەواوکردنی پۆستەکان و کۆنفرانسی نیشتیمانییەوە بڕیاریدا

28/07/2019

جڤاتی نیشتیمانی دەسەڵاتی دایە رێکخەری گشتی بۆ دیاریکردنی کاندید بۆ تەواوکردنی ئەو پۆستانەی کە بەرکەوتەی گۆڕانن لە کابینەی نوێ و بڕیاریشدرا پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆنفرانسی نیشتیمانیی ببەسترێت.

کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات بۆ تەواوکردنی دیاریکردنی کاندیدانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پڕکردنەوەی بەرکەوتەی بزوتنەوەکە لە کابینەی نوێی
حکومەتی هەرێم و خۆرێکخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان.

كاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نيشتيمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: کۆبونەوەکەی ئەمڕۆ لەسەر دو تەوەر بوە، تەواوکردنی دیاریکردنی کاندیدەکان کە بەرکەوتەی بزوتنەوەی گۆڕانن لە کابینەی
نوێ، لەوانە پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە.

وتیشی :" رێکخەری گشتی سەرپشک کراوە بۆ یەکلایی کردنەوە و دیاریکردنی کاندیدەکان بۆ پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکان".

لەبارەی کۆنفرانسی نیشتیمانییەوە، کاروان هاشم رایگەیاند: جڤاتی نیشتیمانی بڕیاریداوە پێش کۆتایی ئەمساڵ کۆنفرانسی نیشتیمانی ببەسترێت و لە ئێستاوە ئامادەکاریی بکرێت کە بەپێی
دەستوری ناوخۆیی کۆمەڵێک رێکار هەیە ئەوانیش هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنفرانس و پێکهێنانی ژمارەیەک لیژنە بۆ پێداچونەوە بە دەستوری ناوخۆیی و هەڵسەنگاندنی کارەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەماوەی رابردودا.

کاروانی هاشم وتی:"دواتر بەپێی دەستوری ناوخۆیی پەسەندکراوی کۆنگرە، دەست بە خۆرێکخستنەوە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان دەکرێت و جڤاتێکی نوێی نیشتیمانی
پێکدەهێنرێت".

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی رایگەیاند: سەرەڕای بۆچون و دیدی جیاواز و گفتوگۆکردن لەسەر سەرجەم پرسەکان بۆ گەیشتن بە بڕیارێکی تەندروست، دواتر جڤاتی نیشتیمانی بڕیارەدانی بە
کۆدەنگی دەدات، ئەمەش خاڵی ئەرێنی و سەرچاوەی یەکدەنگی و بڕیارە یەکگرتوەکان و سەرکەوتنی بزوتنەوەی گۆڕانە.

پێشتر و رۆژی (24)ی ئەم مانگە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاریدا رۆژی (14/9/2019) هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن ئەنجامبدرێت و بەدوایدا هەنگاوەکانی دیکەی بەستنی کۆنفرانسی نیشتیمانی و خۆرێکخستنەوە و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجامدەدرێت.


هەواڵی زیاتر