پارتى دیموکراتى کوردستان پەیامێک ئاڕاستەى بزوتنەوەى گۆڕان دەکات

28/07/2019

پارتى دیموکراتى کوردستان لە (10)یەمین ساڵیادى بەشداریى بزوتنەوەى گۆڕان لە پڕۆسەى سیاسى پەیامێک ئاڕاستەى رێکخەرى گشتى و بزوتنەوەکە دەکات و تێیداهاتوە؛ رۆڵی بزوتنەوەكەتان و بەرنامە و هەوڵەکانى بۆ بەهێزكردنی قەوارەی سیاسی هەرێم و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی مایەى دڵسۆزیتانە.

دەقى پەیامەکە:
بەڕێزان/ رێكخەری گشتی و ئەندامانی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی لە بزوتنەوەی گۆڕان..
بە بۆنەی (10)ـیەمین ساڵیادی دامەزراندنی بزوتنەوە تێكۆشەرەكەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوە و ئەندام و لایەنگرانتان دەكەین، هیوادارین هەر بەردەوام و سەركەوتو بن لە خەبات و تێكۆشانتان بۆ سەرخستنی دۆزی گەلەكەمان و بەدیهێنانی گشت مافە رەواكانی.
رۆڵی بزوتنەوەكەتان و بەرنامە و هەوڵ و كار و چالاكییەكانی بۆ بەهێزكردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامودەزگا شەرعییەكانی و بنەماكانی ئازادی و دیموكراسی لە پێناو دوارۆژێكی گەشتر، مایەی خۆشحاڵی و ئاماژەی دڵسۆزیتانە بۆ بەدیهاتنی مافە هاوبەشەكانمان.
ئێمە كاتێك ئەو یادە دەكەینەوە، هاوكات رەوشی گرنگ و هەستیاری ئەمڕۆی هەرێم و ناوچەكە، واپێویست دەكات زیاتر سور بین لەسەر هاوخەباتی و یەكڕیزی و تەبایی بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان و رەوشی ئارام و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و بەدیهێنانی ئامانجە درێژخایەنە نیشتیمانی و نەتەوەییەكانمان.
هیوادارین بە هەمو لایەك هەوڵ بدەین بناغەی ئەو هاوپەیمانییەتی و هەماهەنگییەی نێوانمان زیاتر پتەوتر و بەهێزتر بكەین لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی گەلەكەمان و تەختكردنی كۆسپ و تەگەرەكان و چارەسەركردنی گیروگرفت و كێشەكان و دابینكردنی ئایندەیەكی رۆشنتر و گەشتر بۆ گەلەكەمان.
جارێكی دیكە پیرۆزباییتان لێدەكەین و هەر سەرفرازو سەركەوتو بن...

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
  25/7/2019


هەواڵی زیاتر