فراکسیۆنی گۆڕان تاوتوێی موچە و بودجەی هەرێم لەگەڵ عەبدولمەهدی دەکات
28/07/2019
فراکسیۆنی گۆڕان پرسی بودجە و موچە و شایستەی دارایی جوتیاران و پشکی سوتەمەنیی پارێزگاکانی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تاوتوێدەکات.
وەفدێکی فراکسیۆنی گۆڕان بە سەرۆکایەتی د. یوسف محەمەد و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە، سەردانی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراقیان کرد و لە کۆبونەوەکەدا سوپاسی سەرۆک وەزیرانیان کرد کە لە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمدا هاوکارە سەرباری ئەو گرفتانەی لە دۆسییەی نەوتی هەرێمدا روبەروی بوەتەوە.
لەوبارەیەوە د.یوسف محەمەد رایگەیاند؛ ناردنی موچەی فەرمانبەران لە ماوەی رابردودا هەنگاوێکی باشە بە ئاڕاستەی گێرانەوەی متمانە لە نێوان هەرێم و بەغدا و بەهێزکردنی رایەلەکانی پێکەوەژیان
لە عێراقدا، وتیشی: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەدەنگەوە هاتنی پێویستی هەبێت لە پابەندبون بە یاسای بودجە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە دۆسیەی نەوت هاتونەتە ئاراوە.
دەربارەی کێشەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و ناردنی سوتەمەنی بۆ پارێزگاکانی کوردستان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیدا بە خێرایی کاربکات لەسەر یەکلاکردنەوەی ئەو دو پرسە بەتایبەت شایسەتی دارایی جوتیاران کە ماوەی چەند ساڵێکە پێش دەستبەکاربونی ئەو دواکەوتوە.
سەبارەت بە پرسی نەوت و بودجە سەرۆک وەزیرانی عێراق نەیشاردەوە کە روبەروی فشارێکی زۆر بۆتەوە و پێویستە بەرپرسانی هەرێم بە جدی بەدەم چارەسەری کێشەکانەوە بێن، لەو رەوە گەشبینی خۆی نیشاندا بەو دانوستانانەی کە ئێستا دەستیانپێکردوە بۆ چارەسەری بنەرەتیی کێشەکان.