جەمال محەمەد: بونی گۆڕان لە حكومەتدا پێویستە بۆ چاكسازی

07/08/2019

سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ ئەو داوای هیچ پۆستێك ناكات و ئیلتیزامی تەواو دەكات بە بڕیاری رێكخەری گشتی بزوتنەوەكەوە كە ئەندامانی خانەی راپەراندن خۆیان بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكەن و پشتیوانی دەكات.

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (سبەی) جەمال حاجی محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان باس لە هەنگاوەكانی داهاتویان دەكات بۆ رێكخستنەوە و گۆڕینی پەیکەری رێکخراوەیی گۆڕان و پەیامێكیش ئاڕاستەی ئەو هەڵسوڕاوانە دەكات كە بە هەر هۆكارێك بێت زیز بون یان بزوتنەوەكەیان بەجێهێشتوە.

سازدانی: شیراز رەئوف

 - با سەرەتا لە بڕیاری بەشداری حكومەتەوە دەستپێبكەین، بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردوە، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئەم هەنگاوە؟
جەمال محەمەد: من خۆم ئەندامی وەفدی دانوستانكار بوم و بەشداریی ئەو پڕۆسەیە بوم، پێشتر بە وردی رەوشەكەمان هەڵسەنگاندوە و بڕیاری زۆرینەی جڤاتیش بوە كە بەشداری حكومەت بكەین هەربۆیە پێمباشە و پشتیوانیم كردوە.

زۆرینەی زۆری بەرنامە چاكسازییەكانی گۆڕان لە كارنامەی حكومەتدا چەسپیوە
- گۆڕان گەشبینییەكی زۆری پێوەدیارە كە ئەم كابینەیە بتوانێت چاكسازی ئەنجام بدات، لەكاتێكدا بزوتنەوەی گۆڕان ئەزمونێكی رابردوی بەشداری ساڵێك و چەند مانگێكی هەیە لە حكومەتدا، چی واتان لێدەكات كە پێتانوابێت ئەم كابینەیەی حكومەت جیاواز دەبێت لەو كابینەیەی پێشتر كە دواتر خۆتان لێی كشانەوە؟
جەمال محەمەد: ئەمە دو قۆناغی زۆر جیاوازە، زەمینەی كابینەی پێشو و ئەم كابینەیە جیاوازە، وەك پێشتر وتم ئێمە لێكۆڵینەوەمان كردوە و بە وردی دۆخەکەمان هەڵسەنگاندوە، بڕیاریشمانداوە بە كۆمەڵێك پڕۆژەوە بچینە ناو حكومەت، ئەو بەرنامە سیاسییەی كە بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتای دروستبونییەوە دایناوە بۆ چاكسازی، ئێمە وەك پڕۆژە بردومانە و لەگەڵ وەفدی دانوستانكاری لایەنی بەرامبەر دانوستانمان لەسەركردوە، زۆرینەی زۆری بەرنامە چاكسازییەكانی گۆڕان لە كارنامەی حكومەتدا چەسپیوە، لە بەرامبەریشدا لای ئەوانیشەوە جموجوڵێك هەیە بۆ چاكسازیی تا هەرچۆنێك بێت بتوانین هەنگاوێك یان چەند هەنگاوێك بنێین تا لەكابینەی نوێدا چاكسازی بكەین، بەتایبەت ئەو كارەكتەرانەی كە ئێمە دەیاننێرینە حكومەت خەڵكانێك بن كە بە راستی هەوڵ بدەن بۆ جێبەجێكردنی بەرنامەكانی بزوتنەوەی گۆڕان.

- ئێستا ناوچەكە و عێراق لە دۆخێكی ناجێگیردان و بەردەوام گۆڕانكاری نوێ‌ رودەدەن، پێتانوایە هەرێمی كوردستانیش لە چوارچێوەی ئەو ناجێگیریی و گۆڕانكارییانەدایە، یان با پرسیارەكە وابكەین تا چەند هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو واقیعە نوێیانەی كە دێنە ئاراوە؟
جەمال محەمەد: لەم پرسەیاندا من كەمێك رەشبینم، كاتی خۆشی لە گفتوگۆ سیاسییەكاندا لەگەڵ حیزب و لایەنەكانی دیكەدا گفتوگۆمان لەبارەوە كردوە كە رەوشی ناوچەكە گەرمە و لە كوڵاندایە، بە پێویستمان زانیوە كە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردی بە هەمو لایەنە سیاسییەكانەوە پرۆژەی هەبێت بۆ ئەم رەوشە و رابردو دوبارە نەكاتەوە و داشی دامەی زلهێزەكان نەبێت و سەربەخۆیی خۆی بپارێزێت.

لە سەردەمی رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) ئەمە لەگەڵ حیزب و لایەنەكاندا باسكراوە، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستا كورد نەیتوانیوە ئەم بێلایەنییەی خۆی بپارێزێت، هەرجارە و هەر لایەنێك زیاتر لەگەڵ دەوڵەتە ئیقلیمییەكانی ناوچەكەدا هاوكاربون، ئەمەش گەورەترین زیانی داوە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردی، بۆ ئەوەی هەرجارێ‌ ئەو لایەنە یان ئەو دەوڵەتە ئیقلیمییە لە بەرژەوەندی خۆی وەزعەكە رابكێشێت، یان زیان لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد بدات.

 ئێمە زۆر هەوڵماندا كە ئەمجارە كورد خۆی یاری بە دامەكانی خۆی بكات نەك لایەنەكانی تر یاری پێبكەن، بەڵام تائێستاش زۆر گەشبین نیم، ئێمە لە ناوچەیەكداین كە لە گۆڕانكاریدایە و هێزە گەورەكانی جیهان لە ناوچەكەدان و شەڕی داعش هاتوەتە ناوچەكە ئەگەرچی تا ئەندازەیەكی باش كۆنتڕۆڵ كراوە، بەڵام هێشتا كۆتایی نەهاتوە، ئەم هەرێمەی ئێمەش حەتمەن بێ‌ كێشە و گرفت نابێت لەم دۆخە ئاڵۆزەدا، ئێستاش هەرچۆنێك بێت ئەگەر كورد بەرنامەیەكی بۆ خۆی هەبێت، بەڵام نەك وەك حیزب بەڵكو وەك كورد بەرنامەیەكی هەبێت كە چۆن هەم هێز و هەم ناوچەكەی خۆی بپارێزێت، ئەوا كارێكی باشە.


لە دانوستانەكاندا لایەنی بەرامبەر زۆر تەئكیدی دەكردەوە كە گۆڕان پێویستە لە حكومەتدا بونی هەبێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی

- گۆڕان كە دروستبو چ لە بەرنامەی كارەكەیدا و چ لە پەیكەرەی رێكخراوەیدا بانگەشەی داهێنانی سیاسی دەكرد، ئێستا دوای دە ساڵ لە بەشداری سیاسیتان، با بپرسین دۆخی رێكخراوەیی بزوتنەوەكەتان لە چ ئاستێكدایە؟
جەمال محەمەد: گۆڕان لە هەلومەرجێكدا دروستبو بە رابەرایەتی پیاوێكی مەزن و دنیادیدە كە دەیزانی واقیعەكە بەرەو كوێ‌ دەڕوات و پێشبینی باشی هەبو بۆ مەسەلەكان، لەو دۆخە ئاڵۆزەی ناوچەكە و هەروەها ئەو گەندەڵی و كەموكوڕییانەی كە سەری كردبوە میلەتەكەمان و ئەو حكومەتەی كە هەبو بۆ ئەوەی واقعە بگۆڕین و هەنگاوی باش هاتوەتە پێشەوە.

راستە ئێمە نەمانتوانیوە واقعەكە بە تەواوی بگۆڕین، بەڵام توانیومانە میلـلەتەكەمان وریا بكەینەوە لەو واقیعە و توانیومانە راستییەكان بۆ میلـلەتەكەمان دەربخەین، توانیومانە قەناعەت بە حزب و لایەنەكانی دیكەش بكەین كە گەندەڵی هەیە و پێویستە چارەسەربكرێت، هەربۆیە لە دانوستانەكاندا لایەنی بەرامبەر زۆر تەئكیدی دەكردەوە كە گۆڕان پێویستە لە حكومەتدا بونی هەبێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.

لەلایەكی دیكەشەوە گۆڕان لەماوەی رابردودا كارەكتەر یان رابەرێكی گەورەی لەدەستداوە، ئەمەش تا ئەندازەیەكی زۆر كاریگەری كردوەتە سەر بزوتنەوەكە، هەربۆیە پێویستە بە وردی لە سەرەوە بۆ خوارەوە یان لە خوارەوە بۆ سەرەوە پێیدابچینەوە و بتوانین رێكیبخەینەوە و ئەو دامودەزگایانەی كە پێویستە ئاڵوگۆڕیان تێدا ئەنجام بدەین تا لە داهاتویەكی نزیكدا هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان ئەنجام بدەین و كۆنفرانسی نیشتمانیش ببەستین.

- لە هەرێمێكی وەك كوردستاندا كە تەواوی هێزە سیاسییەكانی مۆتەكەی كۆنگرە و كێشەی ناوخۆیی و ترسی گۆڕانكارییان هەیە، هەردو ساڵ جارێك ئەنجامدانی كۆنگرە و هەڵبژاردنی خانەی راپەراندن و رێكخەری گشتی، خاڵی جیاكەرەوەی ئێوەیە لە حیزبەكانی دیكە یان پێناسەیەكی تر هەڵدەگرێت؟
جەمال محەمەد: هەر لە سەرەتای دروستبونی ئەم بزوتنەوەیە و لە نوسینەوەی دەستورەكەیدا و لە دوای یەكەم كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەكە، بە وردی دەستنیشانكرا كە هەیكەلی ئەم بزوتنەوەیە هەیكەلێكە جیاوازیی هەیە لەگەڵ حیزبەكانی ناوچەكە و جیاوازە لە حیزبە تەقلیدییەكان، ئەم حزبە بە ئاسانی ئەتوانێ رێكخەر هەڵبژێرێ‌ و رێكخەر بگۆڕێ‌ و خانەی راپەراندن هەڵبژێرێت، هەر بۆ تەحەددا لەدوای کۆچی دوایی رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) هەندێك لایەن وای بۆ دەچون كە ئەم بزوتنەوەیە لەدوای مردنی كاك نەوشیروان هەڵدەوەشێتەوە‌ و كۆتایی دێت، بەڵام لەدوای چلەكەی ئێمە راستەوخۆ هەم رێكخەری گشتیمان دانا و هەم خانەی راپەراندنمان هەڵبژارد، كە ئەمە زۆر زەحمەتە لە حیزبەكانی ناوچەكەدا كە وا بەئاسانی بتوانن بڕیار بدەن، نمونەكەشی دیارە كە حیزبەكانی تر ناتوانن هەنگاوی وا بنێن، ئەمە خاڵی جیاكەرەوەی ئێمە لەگەڵ حیزبەكانی تر.


پێمان باشە ئەوانەی لە گۆڕان زویربون یان چونەدەرەوە ئێستاش بێین پێكەوە درێژە بەم رێبازە بدەین

- لەماوەی رابردودا بەشێك لە هاوڕێكانی خۆتان، یان بەشێك لەو بەرێزانەی پێشتر لەناو بزوتنەوەكەدا چ كاریان كردبێت یان بەرپرسیارێتییان هەبوبێت بەجۆرێك لە جۆرەكان نیگەرانی خۆیان لە ئەدای بزوتنەوەكە دەربڕیوە، ئێوە چۆن لەم نیگەرانییانە تێدەگەن؟
جەمال محەمەد: ئێمە ژمارەیەك تێكۆشەر بوین كاتی خۆی لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە هاتبوین، هەروەها هەزاران گەنجی دڵسۆزییش هاتن بەیەكەوە ملمان پێوەنا و بەیەكەوە بڕیارماندا تەحەددای هەمو ئەو وەزعە بكەین كە لەو سەردەمەدا ئێمە بزوتنەوەكەمان دروستكرد، روبەڕوی دو هێزی گەورە بوینەوە كە یەكێكیان سەرۆك كۆماری هەبو لە عێراق و دوەمیش سەرۆكی هەرێمی هەبو زۆر نەترسانە و بێباكانە ئەمەمان كرد، پێمان خۆشبو بە هەمومانەوە هەتا دوا مەنزڵ، هەتا دوا سەركەوتن هەتا دوا ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكاریی لە كوردستاندا پێكەوە بوینایە، هەموشمان پێكەوە كاروانەكەمان تەواو بكردایە و بمانتوانیایە ئەو ئاواتەی كە رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەیبو بیهێنینەدی، بەڵام بەداخەوە هەروەك چۆن شۆڕش و خەبات و پێشمەرگایەتیش وەكو شەمەندەفەر وایە خەڵك سەردەكەوێت و دادەبەزێت، ئەم كاروانەی ئێمەش هەروایە نەوشیروان مستەفا كاتی خۆی لەخۆڕا نەیوت ئەم رێگایە سەختە و هەمو كەس ناتوانێت بەرگەی بگرێت، ئەم رێگایە سەختە و پێویستی بەوە هەیە باش خۆتی بۆ ئامادە بكەیت، پێویستی بە نەترسییە، پێویستە چاوت لە پۆست و پایە نەبێت، بەڵكو چاوت لەوە بێت كە چەند دەستكەوت بۆ میلـلەتەكەت دەهێنێت.

بەداخەوە هەر لەدوای مردنی نەوشیروان مستەفا هەندێ‌ لەو برادەرانە هەریەك بەهۆی بابەتێكەوە زیز بو یان چوەدەرەوە، ئەوانیش چەند گروپێكن، هەندێكیان بۆچونیان هەیە و پێیانوایە بۆچونەكەی ئەوان باشتر واقیعەكە ئەگەیەنێتە جێ‌، گرنگ ئەوەیە ئێمە لەم رێبازە لامان نەداوە، ئێمە لە رێباز یان پەیامە سیاسییەكەی گۆڕان لامان نەداوە و ملكەچی هیچ دامودەزگا و هیچ لایەن و هیچ حیزبێك نەبوین، داخوازییەكانمان ئەگەر لەسەر مێزی گفتوگۆش بێت خستومانەتە بەردەم لایەنی بەرامبەر، هەربۆیە ئێمە پێمانباشە ئێستاش بێین پێكەوە درێژە بەم رێبازە بدەین، ئەو برادەرانەشی كە قەناعەتیان پێی نەماوە وەك پێشتر كاك نەوشیروان وتی هیوادارین لە هەركوێ‌ بن هەوڵی گۆڕانكاری بدەن، بەڵام خۆشحاڵ دەبین هەمومان پێكەوە درێژە بەم رێبازە بدەین.


ئیلتیزامی تەواو بە بڕیاری رێكخەری گشتییەوە دەکەم كە ئەندامانی خانەی راپەراندن خۆیان بۆ هیچ پۆستێك كاندید نەكەن
- ئایا بەڕێزتان وەک سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پۆستێكی حكومەتی یان بەرپرسیارێتییەكی رەسمی وەردەگرێت لە ئێستادا؟
جەمال محەمەد: لە تەمەنمدا كە زیاتر لە (33) ساڵی لەناو یەكێتیدا بوم پێش ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان دروستبكەین، تەنها جارێكیش داوای ئەوەم نەكردوە كە پۆستێكم بدرێتێ‌، هەمیشە پۆستیان بەسەردا فەرزكردوم یان تەكلیفیان لێكردوم بۆ پۆستێك.

ئێستاش لە بزوتنەوەی گۆڕاندا من داوای هیچ پۆستێكم نەكردوە، بەڵام ماوەیەك لەمەوبەر زۆرێك لە هاوڕێ‌ و دۆستەكان داوایان كرد كە من خۆم كاندید بكەم بۆ یەكێك لە پۆستەكان بەتایبەتی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بەڵام من هیچ دانێكم پێدا نەنا و ئاواش وەڵامی رەفیقەكانم داوەتەوە، وتومە من هەڵسوڕاوێكی بزوتنەوەی گۆڕانم، بزوتنەوەی گۆڕان لە هەر جێگایەكدا پێویستی بە من بێت من لەوێ‌ دەبم، من خۆم خەڵكی هەڵەبجەم، وتومە ئەگەر پێویستی كرد وەك بەرپرسی بازنەیەك لە ناحیەكانی سیروان و بیارە و خورماڵ و تەوێڵە ئامادەم كاربكەم، چونكە من لە یەكەم رۆژەوە پەیمانم داوە بە بزوتنەوەكە كە پێشمەرگەیەك بم لە خزمەتی بزوتنەوەكە و لە خزمەتی رێبازەكەی نەوشیروان مستەفا.

لە كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا بڕیاردراوە كە دەسەڵاتەكان بدرێت بە رێكخەری گشتی وەك چۆن وەزیرەكانی دەستنیشان كرد، بۆ پۆستەكانی تریش هەر رێكخەر دەستنیشانیان بكات، لەبەرئەوە من داوا لە رێكخەری گشتی دەكەم بە زوترین كات پۆستەكان پڕبكاتەوە و هەوڵ بدەن خەڵكانی شارەزا و خەڵكانی جوامێر و كارەكتەری شارەزا دابنێن.

هەروەها ماوەیەك لەمەوبەر رێكخەری گشتی لە كۆبونەوەیەكی خانەی راپەڕاندندا داوای لە ئەندامانی خانەكە كرد كە كەسیان خۆیان هەڵنەبژێرن، من هەر لەوێش بەڵێنمدا، کە بە تەواوەتی پابەندبم بەو بڕیارانەوە و پشتیوانیشیان دەكەم.


هەواڵی زیاتر