وردەكاری كۆبونەوەی گۆڕان و پارتی

02/09/2019

بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، هەنگاوەكانی چاكسازی و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت تاوتوێ دەکەن.

رۆژی یەکشەممە، وەفدێکی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی و  وەفدێکی یاوەری، لە پیرمام لەگەڵ وەفدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی زانیارییەکانی (سبەی) ئامانجی سەردانەكەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لای پارتی هەڵسەنگاندنی رێككەوتنی سیاسی نێوانیانە لەبارەی پرسی هەنگاوەكانی چاكسازی و ئەو بەركەوتانەی لەم كابینەیەدا پشكی گۆڕانە، کە تا ئێستا وەرنەگیراون و لەم كۆبونەوەیەدا بڕیاریان لە بارەوە دەدرێت.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بزوتنەوەی گۆڕان جگە لە پۆستی چوار وەزیر، هەریەکە لە پۆستی بریكاری وەزارەتەکانی (پەروەردە، شارەوانی، ناوخۆ، كارەبا) و جێگری سەرۆكی هەرێم و جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگەی بەرکەوتوە، لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرە گشتییەكانیش (24) بەڕێوەبەری گشتی و لەسەر ئاستی نوێنەرایەتییەكان سێ نوێنەرایەتی دەرەوە وەردەگرێت، لەگەڵ سێ پۆست لەناو ئەنجومەنی ئاسایشدا، ئەم پۆستانە بەركەوتەی بزوتنەوەی گۆڕانن و بەشێکە لە رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەمڕۆ بڕیاریان لەبارەوە دەدرێت.

تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردنی هەردولایە لەبارەی پەلەکردن لە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت، كە بەرنامەی هەمو لایەنە بەشدارەكانی حكومەتە، بەتایبەت پرسی چاكسازیی و پەلەكردن تێیدا، هاوکات بزوتنەوەی گۆڕان لە وەرزی یاسادانانی پەرلەماندا دەیەوێت یاسای چاكسازی تێپەڕێنرێت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا، دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کە دەیانەوێت چوار ساڵی داهاتو سەقامگیر و ئارام بێت و پەیوەندی نێوان هێز و لایەنەكان پتەوبێت، هاوکات خوێندنەوەیان بۆ هەمو دەرهاویشتە ناوچەییەكان هەبێت، لەگەڵ پشتیوانیكردنی هەنگاوەكانی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا.

پیرمام/ بڕیار نامیق


هەواڵی زیاتر