وه‌فدێكی لاوانی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراق سەردانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەکەن

08/09/2019

وه‌فدێكی لاوانی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراقی به‌ مه‌به‌ستی سودوه‌رگرتن له‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، سه‌ردانی مەکۆی سەرەکی گۆڕانیان كردو رایدەگەیەنن؛ بۆیه‌ گۆڕانیان ده‌ستنیشانكردوه‌، چونكه‌ پارتێكی گه‌نجانه‌یه‌ و خاوه‌نی میسداقیه‌تێكی به‌رزه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان.

د. عیسام ئه‌سعه‌د، سه‌رۆكی نوسینگه‌ی راوێژكاریی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراق، وتی: "پڕۆگرامی چۆنێیتی به‌ڕێوه‌بردن و ئیداره‌دانی پارتی یه‌كه‌م، به‌شێكه‌ له‌و پرۆگرامه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن حزبی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراقییه‌وه‌ رێكخراوه‌و ئامانج لێی په‌روه‌رده‌كردنی سه‌ركرده‌و گه‌نجه‌، كه‌ پێده‌چێت له‌ داهاتودا به‌رپرسیارێتیان بكه‌وێته‌ سه‌رشان، هه‌ڵبژاردنی ئێمه‌و هاتنی ئێمه‌ بۆ لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هۆكارو مه‌غزای خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌م پارته‌ پارتێكی گه‌نجانه‌یه‌و خاوه‌نی مسداقیه‌تێك به‌رزه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان".

وتی: "ویستمان كه‌مێك له‌دۆخ و كه‌شوهه‌وای پارته‌ سیاسییه‌كانی به‌غدا دوربكه‌ینه‌وه‌، ده‌مانه‌وێت له‌ڕێگه‌ی ئه‌م سه‌ردانه‌مان بۆ لای بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌نزیكه‌وه‌ له‌ هه‌یكه‌لیه‌ت و لایه‌نی جێبه‌جێكردنی په‌یڕه‌و و پرۆگرامه‌كانی ئه‌م پارته‌وه‌ زانیاری وه‌ربگرین، چونكه‌ گۆڕان له‌دڵی ئێمه‌وه‌ نزیكه‌ و مه‌به‌ستمانه‌ سود له‌ ئه‌زمونه‌كانی وه‌ربگرین".

سه‌رۆكی نوسینگه‌ی راوێژكاریی كۆنگره‌ی نیشتمانیی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هاتون بۆ وه‌رگرتنی زانیاری سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنی بزوتنه‌وەكه‌و چۆنێتی ئیداره‌دانی به‌شێوه‌یه‌كی دیموكراسی.


هەواڵی زیاتر