د.یوسف محەمەد: بونى کێبڕکێ لەسەر ئەندامێتی خانەی راپەڕاندن نیشانەى زیندویەتى گۆڕانە

14/09/2019

د.یوسف محەمەد رایگەیاند: بونى کێبڕکێیەکی زۆر لەنێوان کاندیدەکان و یەکلایی بونەوەی پۆستەکانی خانەی راپەڕاندن بە دەنگێک یان بە دو دەنگ نیشانەی ئەوەیە ململانێیەکى شەریفانە هەبوە.

د.یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا و ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، بە (سبەی) راگەیاند: هەڵبژاردنەکە قۆناغێکى باش بو، جیاواز لە قۆناغى پێشو ئەمجارە ململانێ هەبو لەسەر پۆستەکان وەک دەبینن بۆ زۆرینەى پۆستەکان بە دەنگێک یان دو دەنگ یەکلابوەتەوە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە ململانێیەکى شەریفانە لەنێوان ئەو هاوڕێیانەدا هەبوە.

ئاماژەی بەوەکرد؛ گرنگییەکی دیکەى ئەو پڕۆسەیە بەرەو پێشچون بو لە تێکەڵکردنى ئەزمونى نەوەکان لە خانەى راپەڕاندندا.

د.یوسف محەمەد وتیشی :"هەمو دو ساڵ جارێک و لە کاتى خۆیدا بزوتنەوەى گۆڕان ئەم هەڵبژاردنانە ئەنجام دەدات، ئەم رێچکەیەش لەلایەن کاک نەوشیروان رەنگڕێژ کراوە کە هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن زۆر ئاسانە بە یەک دانیشتنى جڤاتى نیشتیمانى ئەنجام دەدرێت، ئەمڕۆ لەماوەى چەند سەعاتێکدا خانەى راپەڕاندن هەڵبژێردرا، ئەنجامدانی پڕۆسەکەش لەکاتی خۆیدا زۆر زۆر گرنگ بو".

سەبارەت بە بونی زیاتر لە کاندیدێک بۆ پۆستەکانی خانەی راپەڕاندن، وتی :"بونى ململانێیەکى زۆر لەنێوان کاندیدەکاندا نیشانەى زیندویەتى بزوتنەوەکەیە نیشانەى ئەوەیە کە ئەم بزوتنەوەیە بە بێ رەچاوکردنى هەر بۆچونێکى دەرەوەى بزوتنەوەکە دەرفەت دەدات بە هاوڕێکانى خۆى ململانێ بکەن لەسەر پۆستەکان بکەن".

ئەندامەکەی جڤاتی نیشتیمانی ئەوەیخستەڕو کە؛ ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندن ئەرکى زیاتریان لەسەر شانە، بۆ رێکخستنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەنجامدانى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و کۆنفرانسى نیشتیمانى بۆ ئەوەى سەر لە نوێ بزوتنەوەى گۆڕان نوێ بێتەوە و بە بەرگێکى نوێوە بێتەوە مەیدانەکە.


هەواڵی زیاتر