خانەى راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانى دەڤەرى بادینان کۆبونەوە
24/09/2019
رۆژی دوشەممە (2019/9/23)، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئامانجی گەیاندنی پەیام و ستراتیژی نوێی دو ساڵی داهاتوی بزوتنەوەکە، لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی دهۆک و دەڤەری بادینان کۆبوەوە.
برزۆ مەجید ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند؛ كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ ھەڵسوڕاوانی دھۆك، زاخۆ، ئاكرێ، ئامێدی، سمێل، بەردەڕەش و شێخان بە ئامانجی گەیاندنی پەیام و ستراتیژی نوێی دو ساڵی داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدرا و گوێ لە هەڵسوڕاوانی گۆڕان گیرا.
لای خۆیەوە، شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە (سبەی) وت: "لە کۆبونەوەکەدا رێکخەری گشتی داوای کردوە هەڵسوڕاوانی گۆڕان بۆچون و پێشنیار و رەخنە و سەرنجەکانیان لە رێگەی ئۆرگانەکان و ئەندامانی خانەی راپەڕاندنەوە پێشکەش بکەن و دەرگای بزوتنەوەی گۆڕانیش واڵایە بۆ وەرگرتنی سەرجەم پێشنیاز و تێبینییەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد کە لە کۆبونەوەکەدا، رێکخەری گشتی رایگەیاندوە؛ پێویستە قۆناغێکی نوێی سیاسی و حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات بەتایبەت دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم بەشێوەیەک کە ناکۆکییە سیاسیەکان کۆتایی پێبهێنرێت، "چونکە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێکی نوێدان و پێویستە لایەنە سیاسیەکان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن".
رۆژی شەممەی رابردو (21/9/2019) بەهەمان شێوە خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی زەرگەتە لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی سنوری پارێزگای سلێمانی کۆبوەوە و بڕیارە خانەی راپەڕاندن کۆبونەوەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەش بەڕێوەببات.
ئا/ بڕیا نامیق
فۆتۆ: بوهار حسێن