رێکخەری گشتی: بەشدار و هاوبەشی راستەقینە دەبین بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی
28/09/2019
رێکخەری گشتی
بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە، بەشدار و هاوبەشی راستەقینەی حکومەت دەبن بۆ
روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازیی لەسەرجەم بوارەکاندا.
لە کۆبونەوەی
ئەمڕۆی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕاندا کە لە هۆڵی میدیای
شاری هەولێر بەڕێوەچو، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەشداریی
کردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت بۆ جیبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازییە و بۆ ئەو
مەبەستەش پاڵپشتی تەواوی حکومەت دەکەین.
وتیشی :"بۆ
جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەو بەرنامە چاکسازییە لەسەری رێکەوتوین دەرفەتی
تەواو دەدەینە حکومەت، ئەگەر لەوکاتەدا چاکسازیی جێبەجێنەکرا و چاکسازی راستەقینە
ئەنجامنەدرا، ئەوکاتە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت و هەڵوێستی گۆڕان بۆ کۆمەڵانی رایگشتی
رون دەکەینەوە".
رێکخەری گشتی
جەختی لەسەر ئەوەکردوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتی لایەنە بەشدارەکانی
حکومەت تەبا و براو گونجاوبن پێکەوە، بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی و خزمەتی کۆمەڵانی
خەڵکی کوردستان و چەسپاندنی دادپەروەری و سەروەری یاسا.
سەبارەت بە
پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردولا، عومەر
سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەپێویستی دەزانین و گفتوگۆمان
کردوە لەسەر ئەوەی وەفدێکی دانوستان پێکبهێنرێت، کە رەنگدانەوەی لایەنەکانی دەسەڵات
و ئۆپۆزسیۆن بێت، لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا و ئەو
وەفدە وەفدێکی هەمیشەیی بێت، بونی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ ئەوەیە کە دانوستان و گفتوگۆ و پەیوەندییەکان لەگەڵ
بەغدا، پرس و ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و ئەرکی سەرجەم حیزبەکانە.
هەولێر/ بڕیار
نامیق