عومەر سەید عەلى: بزوتنەوەى گۆڕان بە خۆڕاگریى سەرکەوتنى گەورەى بەدەستهێناوە

02/10/2019

عومەر سەید عەلى رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەى گۆڕان لەماوەى رابردودا بە خۆڕاگرى ئۆرگانەکانى و جەماوەرەکەى توانیویەتى بەرامبەر سزاى سیاسى و شاڵاوەکان بوەستێتەوە و سەرکەوتنى گەورە بەدەستبێنێت، دەشڵێت:"لە هەمو رێککەوتنەکان و بەشداریکردنیش لە حکومەتدا، بزوتنەوەى گۆڕان جەختى لە ئەنجامدانى چاکسازى و بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و خۆشگوزەرانى خەڵک کردوەتەوە"، ئاشکراشى دەکات لەمساڵدا هەمو ئۆرگانەکان رێکدەخرێنەوە و ئامادەکارى دەکرێت بۆ بەستنى کۆنفرانسى نیشتیمانى.

ئەمڕۆ سێشەممە، عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبونەوەى خانەى راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانى سنورى پارێزگاى هەڵەبجە و دەوروبەرى ئاماژەى بە هەڵبژاردنى ئەندامانى نوێى خانەى راپەڕاندن کرد و وتى:"لە ناوەڕاستى مانگى رابردودا جڤاتى گشتى دەستەیەکى نوێى سەرۆکایەتى هەڵبژارد و جڤاتى نیشتیمانیش لە کەشوهەوایەکى تەندروست و ئازاد و دیموکراسیدا هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندنى بەڕێوەبرد، ئەوەش جگە لەوەى جێى سەرنجى ئۆرگانەکانى خۆمان و هەڵسوڕاوانمان بو، جێى سەرنجى جەماوەر و لایەنە سیاسیەکانیش بو بەتایبەت کە ئێمە لەدواى کۆچى کاک نەوشیروان مستەفا لە ماوەى دو ساڵدا دو هەڵبژاردنمان بۆ خانەى راپەڕاندن ئەنجامداوە".

وتیشى:"لە کات و ساتى خۆیدا دوەم هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندنمان ئەنجامدا و نمونەیەکى باش پێشکەشکرا، بەوەى هەمو هاوڕێیان بە سنگێکى فراوانەوە چونە کێبڕکێ و هەموانیش ئەنجامەکەیان قبوڵ کرد هەندێک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن خۆیان هەڵنەبژارد و (60%)ى خانەى راپەڕاندن گۆڕاوە، ئەمە سەرکەوتنێکى گەورەبو بۆ بزوتنەوەى گۆڕان کە لەکاتى خۆیدا هەڵبژاردنەکانى بەڕێوەبرد".

بزوتنەوەى گۆڕان بەرامبەر شاڵاوەکان وەستایەوە
لەو وتەیەدا کە پێشکەشى ئامادەبوانى کرد، عومەر سەید عەلى وتى: "جێى رێز و پێزانینە بۆ هەمو ئۆرگانەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کە دواى کۆچى دوایى کاک نەوشیروان سەرسەختانە بەرگرییان کردوە و خۆیان راگرتوە لەبەردەم هەمو شاڵاوێکدا، زۆر خەڵک و لایەنى سیاسى چاویان لەوەبو لە دواى کۆچى کاک نەوشیروان ئەم بزوتنەوەیە هەڵبوەشێتەوە، بەڵام بە خۆڕاگریى ئۆرگانەکان و ئێوە و جەماوەرەکەمان بەرامبەر بە سزاى سیاسى و لەبەردەم شاڵاوەکاندا وەستانەوە".

بزوتنەوەى گۆڕان تەسلیم بە سیاسەتى هیچ لایەنێک نەبوە و نەشبوەتە بەشێک لە ئەجێنداى وڵاتان
هەروەک جەختى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان تەسلیم بە سیاسەتى هیچ لایەنێک نەبوە و نەشبوەتە بەشێک لە ئەجێنداى وڵاتان، بەڵکو "سەربەرزانە و سەرسەختانە بەرگرى کردوە و دید و بۆچونى لەسەر سەرجەم پرسەکان لە رابردودا چۆن بوە، درێژەى بە هەمان رێچکە داوە و ئەو ئەرکەى جێبەجێ کردوە، بەشێوەیەک ئەو ئەمانەتەى کاک نەوشیروان بەجێى هێشتوە ئێوە پاراستتان ئەوەش سەرکەوتنێکى مەعنەوى زۆر گەورەیە بۆ بزوتنەوەى گۆڕان، بۆیە لێرەوە سوپاسى هەمو گۆڕانخوازان و ئۆرگانەکانى بزوتنەوەکەمان دەکەین بۆ خۆڕاگرییان".

هەمو ئۆرگانەکان رێکدەخەینەوە
رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەشى خستەڕو کە لەمساڵدا هەمو ئۆرگانەکان رێکدەخەنەوە و "خۆمان ئامادە دەکەین بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى و لە رێگەى لیژنە و کەسانى بەتواناوە گۆڕانکارى لە پەیڕەو و دەستورى بزوتنەوەى گۆڕان دەکرێت، چونکە کۆنفرانسى نیشتیمانى دو ئەرکى لەسەر شانە یەکەمیان پێداچونەوە بە دەستور و پڕۆگرامەکان بەپێى واقیع و دوەمیش خۆڕێکخستنەوە، ئەمانەش ئەرکێکى پیرۆزە لەسەرشانى هەمومان".

خۆمان ئامادە دەکەین بۆ کۆنفرانسى نیشتیمانى 

هاوکات دوپاتى کردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان دەرگاى واڵایە بۆ تێبینى و بۆچونە جیاوازەکان و "ئامادەى گفتوگۆکردنین".

جەختمان لە بەرژەوەندى خەڵک و چاکسازى کردوەتەوە
هاوکات شێواز و ئامانجى بەشداریکردنى بزوتنەوەى گۆڕانى لە کابینەى (نۆ)ى حکومەت رونکردەوە و وتى: "بزوتنەوەى گۆڕان بە بڕیارى جڤاتى نیشتیمانى کە بەرزترین دەسەڵاتە لە گۆڕاندا، گفتوگۆکان ئەنجامدرا و بەشداریى کابینەى نۆى حکومەتمان کرد، ئەو رێککەوتنەش لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەر بنەماى دۆکیۆمێنتە و ئەو بەرنامەیەى داوامان کردوە و لەسەرى رێککەوتوین زۆربەیان لەناو کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتدا جێى کراوەتەوە، ئەمەش سەرکەوتنێکى دیکەیە بۆ بزوتنەوەکەتان".
ئەو بەرنامە و داواکارییانەى هەمانبوە زۆربەیان لەناو کارنامەى کابینەى نۆى حکومەتدا جێى کراوەتەوە

رونیشیکردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان جەختیکردوەتەوە کە نابێتە دیکۆر و بەشداریى کارتۆنى ناکات، بەڵکو وەک هاوبەشێک بەشدارى دەکات بەپێى قەبارەى خۆى و ئەو واقیعەى هەیە، "ئێمە جەختمان لەوە کردوەتەوە لە هەمو رێککەوتنەکانماندا بۆ دژایەتی لایەنێک رێک ناکەوین، بەڵکو بۆ چاکسازى و بەرژەوەندى گەلەکەمان و نەهێشتنى گەندەڵى و بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و خۆشگوزەرانى خەڵک و نەهێشتنى دو ئیدارەیى و بەدامەزراوەییکردن رێککەوتن دەکەین و بەشداردەبین، دەشمانەوێت رێککەوتنەکانى پێشو کە ئەنجاممانداوە بۆ حکومەتە خۆجێییەکانى سلێمانى و هەولێر و هەڵەبجە جێبەجێى بکەین".

کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، لەسەر سێ خاڵى بنەڕەتین ئەوانیش دۆسیەى خاک، بودجە، نەوت و گاز-ن


هەرێم و بەغدا
سەبارەت بە کێشە و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان وتى:"کێشەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵ، لەسەر سێ خاڵى بنەڕەتییە ئەوانیش دۆسیەى خاک، بودجە، نەوت و گاز، جگە لەوەى کورد وەک نەتەوە رۆڵى چییە لە ناوەندى بڕیارى سیاسى لە عێراق، لە روى سیاسەتى دەرەوە و ناوخۆشدا، بۆیە بەپێویستمان زانیوە شاندێک هەبێت لەگەڵ حکومەتى ناوەند گفتوگۆ بکات لەسەر ئەو پرسانە، ئەو شاندەش لە پەرلەمان و حکومەت پێکبێت بە لایەنەکانى بەشدار لە حکومەت و ئۆپۆزسیۆنیشەوە".


هەواڵی زیاتر